جەللاد لە بەرگی دایکدا: کاتێک ئازار دەبێتە رەوشت

ئیڤانۆ عەبدوڵڵا

دیاردەی تێکەڵکردنی چەوسانەوە لەگەڵ بەهاکانی ژیاندا یان ئاسیملەبوونی دەروونی لەگەڵ سیستمی باوکسالاریدا، یەکێکە لە ئاڵۆزترین بابەتەکانی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پەروەردەی نەوەیی و پەیوەندییە خێزانییەکان هەیە.

کاتێک ژنێک لە تەمەنێکی بچووکەوە دەکرێتە قوربانیی بەشوودانی پێشوەختە و بێبەشدەکرێت لە مافە سەرەتاییەکانی وەک خوێندن، گەڕان و چێژبینین لە کچێتی، مێشکی بۆ بەرگری لە خۆی و خۆڕاگرتن بەرانبەر ئەو ستەمە، میکانیزمێکی دەروونیی بەهێز چالاک دەکات کە تێیدا ئازارچەشتن و ملکەچی بە رەوشت و زەحمەتکێشی پێناسە دەکات.

 لەڕووی دەروونناسییەوە ئەم حاڵەتە زیاتر رەنگدانەوەی سندرۆمی ستۆکهۆڵم و سندرۆمی قوربانیی جەللادە، کە تێیدا کەسی ژێرستەم هەستێکی لایەنگری بۆ سیستەمە چەوسێنەرەکە درووستدەکات و هەمان هەڵسوکەوتی سەرکوتکەرانە بەرانبەر کەسانی لاوازتری دەوروبەری پەیڕەو دەکاتەوە.

ئەم پێناسە شێواوە دەبێتە هۆی درووستبوونی رق و قینی ناوەکیی جێندەری بەرانبەر رەگەزی خۆی، بەتایبەت کاتێک نەوەی نوێی کچان دەبینێت کە بە ئازادی دەژین و لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە رێزیان لێ دەگیرێت. لەم دۆخەدا، بینینی خۆشی و مافەکانی کەسانی دیکە لای ئەو دایکە وەک شکانی بەهای تەواوی ژیانی رابردووی وەردەگیرێت، چونکە داننان بەڕاستی و ئازادیی کچانی ئەمڕۆ، لە ناخیدا واتای داننانە بەوەی کە خۆی هەموو ژیانی لەناو چەوسانەوەدا دۆڕاندووە. لەڕووی دەروونپزیشکییەوە، ئەم بارودۆخە دەکرێتە چوارچێوەی دیاردەی شناساییبوون لەگەڵ ستەمکاردا، کە تێیدا قوربانی فێری بیرکردنەوەی جەللادەکە دەبێت و بەرگری لە سیستمی سەرکوتکەر دەکات، ئەمەش لە رێگەی پرۆسەی شۆکی رەوانکاریی نەوەییەوە لە دایکەوە بۆ منداڵەکانی دەگوازرێتەوە.

ئەم روانگەیە وا لە دایکەکە دەکات لەبری پاراستنی کچەکەی، ببێتە ئامرازی سەپاندنی توندوتیژی و پاساودانی دەسەڵاتی پیاو و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێتە هاوبەش لە تێکدانی رەوان و ژیانی کچانی نوێ، چونکە لە زەینی ئەودا، دایکایەتی راستەقینە بریتییە لە فێرکردنی کچ بۆ قبووڵکردنی ستەم تا بتوانێت لەناو کۆمەڵگە تەقلیدییەکەدا بە زیندوویی بمێنێتەوە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان