مەودا میدیا-
دوای بڕیارەکەی کۆمپانیا دانەغاز بۆ راگرتنی بەرهەمهێنانی غاز و کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر و ئەنجومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکان کۆبوونەوە چەند بڕیارێکی نوێیان بۆ کارکردنی موەلیدەکان و نرخی ئەمپێری کارەبا دەرکرد.
خشتەیەکی نوێی کارکردن بۆ موەلیدەکان دیاریکراو بەپێی بڕیارە نوێیەکە، کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان دەبێتە 24 کاتژمێری، واتە هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی بڕا، دەبێت موەلیدەکان کارەبا بۆ هاوڵاتییان دابین بکەن.
ئەنجومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکان رایگەیاند “بۆ هەر 165 کاتژمێرێک کارکردنی موەلیدەکان لە ماوەی دوو مانگدا، بڕی 10 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک لە هاوڵاتییان وەردەگیرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەگەر لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا، بەهۆی بوونی کارەبای نیشتمانییەوە، موەلیدەکان نەگەیشتنە 165 کاتژمێر کارکردن، ئەوا ژمارەی کاتژێرەکان سفر دەبێتەوە و هاوڵاتییان هیچ بڕە پارەیەکی تر قەرزدار نابن”.
ئەوەشی خستەڕوو “پێویستە سەرجەم خاوەن موەلیدەکان پابەندی بڕیارەکە بن، هەروەها داوا لە هاوڵاتییانیش دەکەن لە کاتی هەر سەرپێچییەک یان کارنەکردنی موەلیدەکان لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی، پەیوەندی بە لیژنەکانی شارەوانی و قەزا و ناحیەکانی سنووری خۆیانەوە بکەن”.
ب ح