رێككەوتنەكانی عەلی زەیدی عیراق دەباتە قۆناغێكی نوێوە

مەودا میدیا-
راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت” ئەو 48 رێككەوتنەی كە عەلی زەیدی لەگەڵ واشنتۆن واژۆی كردووە هەنگاوێكە بەرەو بەهێزكردنی كراوەیی ئابووری و رەنگدانەوەی پاڵنەرەكانی عیراقە بۆ راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە” ئیمزاكردنی 48 رێككەوتننامە و یاداشتنامەی نێوان عیراق و ئەمەریكا هەنگاوێكی گرنگە بۆ كرانەوەی ئابووری و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی وەبەرهێنان”.

وتیشی “لە روانگەی ئابوورییەوە ئەم یاداشتانە رەنگدانەوەی خواستی عیراقە بۆ فراوانكردنی بنكەی هاوكاری نێودەوڵەتی و راكێشانی سەرمایەی بیانی، ئەمەش پەیامی ئەرێنی بۆ وەبەرهێنەران و بازاڕە جیهانییەكان دەنێرێت كە ژینگەی وەبەرهێنانی عیراق شایەتحاڵی جوڵەیەكە بەرەو سەقامگیری و كراوەیی زیاتر”.

ئاماژەی بەوەشكرد “هاتنە ناوەوەی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان بۆ ناو بازاڕی عیراق بەشدار دەبێت لە گواستنەوەی تەكنەلۆژیا و شارەزایی كارگێڕی و تەكنیكی، بەرزكردنەوەی كارایی كەرتەكانی بەرهەمهێنان، رەخساندنی هەلی كار، هەروەها پاڵپشتی هەوڵەكان بۆ هەمەچەشنكردنی ئابووری و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت لە رێگەی وەبەرهێنان لە كەرتەكانی وزە، پیشەسازی، ژێرخانی ئابووری، پەیوەندییەكان و خزمەتگوزارییەكان”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان