تەڤگەری ئازادی: دەبێت یاسایەک دەربکرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان و شەڕڤانان بگرێتەوە

مەودا میدیا-

بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتی لە تورکیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد دەبێت یاسایەک دەربکرێت کە لەعەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە تاوەکو گەریلاکان بگرێتەوە.

بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان رایگەیاند “پێویستە هەموو کەسێک لە سیاسەتێکی دیموکراتیدا بەشداربێت، کە تێیدا ئازادیی فکری و رێکخستنبوون بە تەواوەتی فەراهەم بێت، نابێت دیموکراتیزەکردن تەنها بۆ هەڵوێستی دەوڵەت و رێکخستن جێبهێڵرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دوو مانگە ناتوانرێت چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا کە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی پەیوەست بە چارەسەرکردنی پرسی کورد بەردەوامە، ئەنجامنەدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ دانووستانکاریی سەرەکیی گەلی کورد، دۆخێکە کە روونکردنەوەی سەختە”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئەردۆغان و هەندێک لە بەرپرسانی ئاکەپە چەندینجار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم پرۆسەیە زۆر گرنگە، ئەنجامنەدانی چاوپێکەوتن بۆ ماوەی دوو مانگ لە بابەتێکی هێندە گرنگ لەگەڵ لایەنی سەرەکیی گفتوگۆ، ئەوە نیشاندەدات کە وتار و کردار یەک ناگرنەوە”.

دەقی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی:

“بە ناوی تەڤگەرەوە، ئێمە پێشتر ڕوانگە و بیروڕای خۆمان بۆ ڕای گشتیدا بڵاوکردبووەوە. لەبەر ئەم هۆکارە نامانەوێت ڕاگەیەندراوێکی نوێ بدەین. بەڵام دوای چاوپێکەوتنی نێوان دەم پارتی و ئاکەپە لەسەر بابەتی یاسای چوارچێوە، جارێکی تر هەندێک هەڵسەنگاندن کران کە جێگەی قبووڵکردن نین. هەندێک کەسایەتیی نزیک لە ئاکەپە ڕایانگەیاندووە کە لەم یاسای چوارچێوەیەدا هیچ خاڵێک تایبەت بە ڕێبەر ئاپۆ نابێت و کادیرانی بەڕێوەبەریش لە دەرەوەی ئەم یاسایە دەهێڵرێنەوە. یاسایەک ئەگەر ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لەخۆ نەگرێت، دەبێتە یاسایەک کە هیچ پرسێک چارەسەر ناکات. بە شێوەیەکی ڕوون ئەمە بە مانای تێکدانی پرۆسەکە دێت. بۆیە دەبێت ڕەخساندنی مەرجە ئازادەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێگەی یاسایەکەوە بێت. ئەگەر ئەمە لە ڕێگەی یاسایەکی چوارچێوەوە بکرێت، ئەوا دەکرێت لەو بابەتانەی گەنگەشەیان لەسەر دەکرێت پێشکەوتن بەدی بێت.

بێگومان بۆ ئەوەی پرسەکان بێ چارەسەر نەمێنێتەوە، پێویستە هەنگاوەکان لە کاتی خۆیدا بنرێن. بەڵام ئەگەر یاساکە گشتگیر و یەکپارچە نەبێت و لە بابەتی چارەسەریدا کەلێن و بۆشایی تێدا بێت، ئەوا دەکرێت دەرئەنجامی نەخوازراو لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. لەبەر ئەمەش، پێویستە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا گفتوگۆ و ڕێککەوتن بکرێت و بەم شێوەیە یاسایەک دەربچێت کە کەموکوڕی و بۆشایی تێدا نەبێت. ئەم یاسایە نەک تەنیا تەڤگەری ئازادیمان، بەڵکو لە هەمان کاتدا پەیوەندی بە تەواوی گەلی کورد و هێزە دیموکراتەکانی تورکیاوە هەیە. هەر یاسایەک، کاتێک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت کە پشتگیریی پێویستی لێ بکرێت. چیتر نە تورکیا و نە گەلانی ئێمە ناتوانن بەرگەی شکستێکی تر بگرن. بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیا، ئەگەر بڕیار بێت یاسای بنەڕەتی (ڕیشەیی) بۆ چارەسەری پرسی کورد دەربچێت، زۆر گرنگە کە ئەم یاسایە گشتگیر و پێگەیشتوو بێت. ناتوانرێت چاوەڕوانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە لە دیدگایەک بکرێت کە پرسەکە [پرسی کورد] تەنیا لە دانانی چەکدا کورت دەکاتەوە.

کۆتاییهاتنی تەواوەتیی دۆخی شەڕ و چارەسەرکردنی پرسەی کورد لە بنەڕەتدا بابەتێکی دیموکراتیزەکردنە. ئەگەر پێداگری لەسەر شەڕ و توندوتیژی نەکرێت، ئەوا دیموکراتیزەکردن تەنیا ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانە. هەر سیاسەتێک کە دیموکراتیزەکردن نەکاتە ئامانجی خۆی، بە مانای پێداگری دێت لەسەر شەڕ. لەبەر ئەم هۆکارەش ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی شەڕی چەندین دەیەی ڕابردوو، پێداگری لەسەر چارەسەری ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی دەکاتەوە. تەڤگەری ئازادیمان لەو بڕوایەدایە کە ئەمە تەنیا ڕێگای چارەسەرییە و ئەم دیدگایەی خۆشی بە هەڵوێستەکانی بە ڕوونی نیشان دەدات.

نابێت دیموکراتیزەکردن تەنیا بۆ هەڵوێستی دەوڵەت و ڕێکخستن جێبهێڵرێت. بۆ دیموکراتیزەکردن پێویستە دامەزراوە دیموکراتییەکانی کۆمەڵگە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوەیەکی چالاک ڕۆڵ بگێڕن. هیوایەک و چاوەڕوانییەک بەوەی کە ‘دەوڵەت چ هەنگاوێک دەنێت’ بە مانای تێنەگەیشتنە لە مێژوو و تێکۆشانی دیموکراتیزەکردن. دیموکراتیزەکردن لە ئەنجامی ئەو ململانێیەی نێوان تێکۆشان و دەوڵەتدا دێتە ئاراوە. ئەمە پێویستییەکی بنەڕەتیی تێکۆشانە کە بەبێ چاوەڕوانیکردنی دەوڵەت بۆ ئەوەی چ هەنگاوێک دەنێت، پێویستە لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا، ڕێکخستن بکرێت و بۆ بنیاتنانی کۆمەڵایەتی تێکۆشان بەڕێوە بچێت. بۆیە دەبێت گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراتەکان خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بکەن و تێکۆشانی دیموکراسی بەرز بکەنەوە.”

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان