مەودا میدیا-
هەردەم جیهاد ناسراو بە (موسا کۆبانی) ساڵی 1986 لە شارۆچکەی سەڵماسی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە ساڵی 2012 دوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی و خۆپیشاندانەکان لە سوریا رویکردوەتە رۆژئاوای کوردستان.
موسا لەگەڵ گەیشتنی بە رۆژئاوای کوردستان پەیوەندیی بە ڕیزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)وە کردووە و بووە بە فەرماندەی هێزی نیشانەشکێن، ماوەی چوار مانگ لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە و ھێزەکانی پێشمەرگە شەڕی داعشی کردووە، کە بەپێی وتەی مارسیلۆ، هاوڕێیە ئیتاڵییەکەی، موسا بە قەناسەکەی زیاتر لە 150 چەکداری داعشی کووشتووە.
شەوی 2015/4/8، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بۆ کێوماڵکردنی تەواوی ناوچەکان، له گوندی چهلهبیه له باشووری رۆژهەڵاتی كۆبانی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقیەوە و شەهیدبوو، هەرچەند هەوڵدرا تەرمی موسا بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بگەڕێتندرێتەوە بەڵام تورکیا رێگەی نەدا تەرمەکەی خاکەکەیدا تێپەڕببێت، بۆیە لە گۆڕستانی شەهیدانی کۆبانێ بەخاکسپێردرا.
ب ح




