کوردستانی
دەست بەسەر بڕێک خۆراکی ماوە بەسەرچوودا گیرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەمڕۆ لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت لە شاری کەلار مارکێتێک دا دەستیان بەسەر بڕی بیست و چوار کیلۆ خۆراکی ماوە بەسەرچوودا گرت و پسوڵەی سزادانیان بۆ کرد.
لە راگەیەندراێکدا قایمقامی قەزای کەلار رایگەیاند "لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای کەلار شەو و رۆژ بەردەوامن لە سەردان و پشکنین و بەدواداچوون و پێدانی رێنمایی بە کاسبکاران لە سنووری قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ دوو شەممە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای کەلار، هەڵمەتێکی سەردان و پشکنینیان بۆ شوێنکارەکان ئەنجامدا".
ئاماژە بەوەشکراوە "لەو هەڵمەتەدا سەردان و پشکنین بۆ زیاتر لە 70 شوێنکار کرا, لە ئەنجامدا لە مارکێتێکدا لە گەڕەکی شارەوانی 2 تیمی دووەمی لیژنە هاوبەشەکان دەستیان گرت بەسەر بڕی بیست و چوار کیلۆ خۆراکی بەسەرچوودا، بەو هۆیەوە پسوڵەی سزادانیان بۆ خاوەنەکە کرد و بە پێی رێنماییەکان سزا دەدرێت".
هاوکات ئەوەشی خستەڕوو "تیمی سێیەمی لیژنە هاوبەشەکان بە هۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان پسوڵەی سزادانیان بۆ یەک شوێنکار لەناو بازاڕی شاری کەلاردا کرد".
س.س
س.س