کوردستانی

كوردانی رۆژئاوا مەرجەع دیاری دەكەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


كوردانی رۆژئاوا مەرجەع دیاری دەكەن
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرایانكرد "پارتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (پەیەنەكە) و ئەنەكەسە لە رۆژئاوای كوردستان بۆ یەكێتی نەتەوەیی لەسەر مەرجەعت باڵای كورد‌ گەیشتنە رێككەوتن 40 ئەندامیان بۆ مەرجەعەكە دیاریكردووە و دوایین كۆبوونەوەش لە 20ی ئەم مانگەدا ئەنجامدراوە".

لەوبارەیەوە سەما بەكتاش، ئەندامی شاندی دانووستانكاری پەیەنەكە بە ئاژانسی هاواری رایگەیاندووە " لە كۆبوونەوەكاندا گرنگی زۆر بە پەیمانی دهۆك دراوە، دوای 10 كۆبوونەوە، پەیەنەكە و ئەنەكەسە دانووستانەكانیان لەبارەی مەرجەعی كورد كۆتایی پێهێنا و ناوی مەرجەعەكە بووە مەرجەعی باڵای كورد". 

وتیشی "لایەنەكان لەبارەی داهاتووی دۆزی كورد و ناوچە داگیركراوەكان، بەڕێوەبردنی كار و خەبات بۆ گەڕاندنەوەی كۆچبەران بۆ زێدەكانیان لە عەفرین، سەرێكانی و گرێ سپی، دیاریكردنی سیاسەت و ستراتیژی كورد لە سوریا، نوێنەرایەتی كورد لە سوریا و جیهاندا، نوێنەرایەتی ژنان لە مەرجەعەكەدا، پاراستنی دەستكەوتەكان بە تایبەتی دەستكەوتەكانی ژنان، چۆنیەتی دەركردنی بڕیارەكان و پەیڕەوی مەرجەعەكە رێككەوتوون".

سەما باسی ئەوەشی كرد "هەردوولایەن لەبارەی ژمارەی ئەندامانی مەرجەعی باڵای كورد رازی بوون كە 40 كەس دەبن، 16 كەس سەر بە پەیەنەكە و 16 كەس سەر بە ئەنەكەسە و هەشت ئەندامیش دەمێننەوە، كە پەیەنەكە و ئەنەكەسە هەر یەكە چوار كەس هەڵدەبژێرێت بە مەرجێك كە وابەستەی دەزگا و پارتەكانی پەیەنەكە و ئەنەكەسە نەبن".

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكاری پەیەنەكە ئاماژەی بەوەشدا "تا ئێستا مەرجەعەكە پێكنەهێنراوە، دانووستانەكان بەردەوامن، كاتێك دانووستانەكان لەبارەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و هێزە سەربازیەكان كۆتاییان پێهات و هەردوو لایەنەكە كۆك بوون، ئەو كاتە مەرجەعەكە پێكدەهێنرێت".


Qaiwan
Qaiwan