کوردستانی

بڕیاری زیندانیكردنی هەردوو هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە درێژكرایەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بڕیاری زیندانیكردنی هەردوو هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە درێژكرایەوە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

جارێكی دیكە دادگای توركیا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە ئەنجامدا، لەبری ئازادكردنیشیان بڕیاریدا كە ماوەی راگرتنیان لە زیندان درێژبكاتەوە.

هەریەك لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە بە پاساوی ئەوەی لە كاتی رووداوەكانی كۆبانی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، لە 29ی ئەیلولی 2019دا سكاڵایان لەدژ تۆمار كرابوو، لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو سكاڵایە دەستیپێكرد، لەو بارەیەوە لە 18ی ئەیلولی ئەمساڵدا لە لقی دووی دادگای سوڵحی ئەنقەرە دەستكرابوو بە لێكۆڵینەوە و پارێزەرەكان لەو لێكۆڵینەوەیە ئاگادار كرابوونەوە.

لەوەند كانات، پارێزەری هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە رایگەیاند "ئەوان نەیانتوانیوە وردەكاری سكاڵاكە و لێكۆڵینەوەكە ببینن، لەبەر ئەوەی داواكاری گشتی داوای سزای قورسی نەكردبوو، لەبەرئەوەی رووداوەكە تۆمارنەكرابوو تاوەكو ببێتە بابەتی دادگاییكردن و ئینجا بیكەنە بانگەشە و لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن، هەموو ئەوەی ناونراوە لێكۆڵینەوە پێچەوانەی هەموو یاسا و مافەكانە".

وتیشی " ئەو لێكۆڵینەوەیە تەنها بۆ ئەوەیە، كە رێگریی لە ئازادكردنی دەمیرتاش بكرێت".

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی 2016وە و فیگەن یوكسەكداغ لە ئازاری 2017وە زیندانیكراون، بەڵام جارێكی دیكە دادگای توركیا بڕیاری "با دۆخی راگرتنیان بەردەوام بێت"ی بۆ دەركردن. 

Qaiwan
Qaiwan