کوردستانی

شەش پەرلەمانتاری گۆڕان هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان رەتدەكەنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


شەش پەرلەمانتاری گۆڕان هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان رەتدەكەنەوە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

بەپێی بەڵگەیەك كە دەست مەودا میدیا كەوتووە شەش پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی فراكسیۆنەكەیان رەتدەكەنەوە، ئەویش دوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی فراكسیۆن و جێگر و بڕیاردەرەكەی.

بەپێی ناوەڕۆكی بەڵگەكە كە یاداشتێكی واژۆكراوی ئەو شەش پەرلەمانتارەی لەسەرە رایانگەیاندووە "پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن نادەستوریە و رەتیدەكەنەوە، پێداگرین لەسەر هەڵبژاردنی پێشوومان كە دابان محەمەد بە سەرۆكی فراكسیۆن و ئاشنا عەبدوڵا بە جێگر و جەلال محەمەد بە بڕیاردەر هەڵبژێردرابوون".

ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژەیان بەوەشكردووە " هەموو دەستیوەردانێكی بەرپرسانی گۆڕان لە پرۆسەكە رەتدەكەینەوە".

لەدوای دەست لەكاركێشانەوەی عەلی حەمە ساڵح لە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ململانێی لەسەر پۆستەكە دروستبوو و هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی فراكسیۆن كرا و دابان محەمەد بە سەرۆكی فراكسیۆن هەڵبژێردرا، بەڵام دواتر رێكخەری گشتی و بەشێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژاردنەكەیان رەتكردەوە و لە چەند رۆژی رابردوو هەڵبژاردنەكە دوبارە كرایەوە.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا گوڵستان سەعید شەش دەنگی هێنا و بەرانبەر دابان محەمەد یەكسان بوون، بەڵام هێشتا بە فەرمی سەرۆكی فراكسیۆن یەكلا نەكراوەتەوە.

Qaiwan
Qaiwan