کوردستانی

پارتی: سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت لەسەرووی ئەستەمەوەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارتی: سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت لەسەرووی ئەستەمەوەیە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

سەرۆكی فراكسیۆنی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەدەستهێنانی 74 دەنگ بۆ سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت لەسەرووی ئەستەمەوەیە، بەڵام ئەندامانی دیكەی كابینەكە پێویستی بە 56 دەنگە و ئەوەش بۆ فراكسیۆنەكەیان زۆر ئاسانە.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە فەیسبووكی خۆی بڵاویكردەوە "فراكسیۆنی پارتی وەك گەورەترین فراكسیۆن بە ‌هەموو شێوەیەك لەگەڵ رۆڵبینینی پەرلەمانە و كەس ناتوانێت نكوڵی لەوە بكات فراكسیۆنی زۆرینە بەشی شێری باشی و خراپیەكانی بەردەكەوێت و ئەوان لەبەرپرسیارێتی راناكەن".

ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئەوان لە پەرلەمان ناترسن، ئەوە ئێوەن وەك كەمینە دەبێ لە شكۆ و هەیبەتی پەرلەمان و راستیەكان بترسن كە هەمیشە ترساون و لەبەرامبەردا دەست و پەنجەتان لەگەڵ چەواشەكاریی نەرمكردووە".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشڵێت " ئەوانەی دەڵێن دەسەڵات لە پەرلەمان دەترسێت یان هیچ لە مانای هێزی زۆرینە ناگەن یان خۆیان و خەڵك دەگەوجێنن".

لە ئێستادا 22 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان واژۆیان بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كردووە، بە مەبەستی پرساندن لەسەر بارودۆخی دارایی و بەتایبەت دواكەوتن و بڕینی بەشێك لە موچەی موچەخۆران.


Qaiwan
Qaiwan