کوردستانی

لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەر سزای لەسێدارەدانی زیندانییەكی سیاسی كورد دێتە دەنگ

مەودا میدیا - سلێمانی |


لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەر سزای لەسێدارەدانی زیندانییەكی سیاسی كورد دێتە دەنگ
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران كردووە، سزای لەسێدارەدانی زیندانیەكی سیاسی كورد هەڵبوەشێنێتەوە، ئەویش دوای بانگەوازی هاوسەرەكەی كە داوای لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردبوو بێنە دەنگ.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نامەیەكدا بۆ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران داوای لێكردووە "سزای لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی زیندانی سیاسی كورد هەڵبوەشێنێتەوە و دەرفەتی ئەوەی بۆ بڕەخسێنێت بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دادگایی بكرێتەوە".

لە نامەكەدا هاتووە "ئەو بەندكراوە سیاسیەی كورد لە ژێر ئەشكەنجەدا ناچاركراوە دان بە كوشتنی سێ ئەندامی سوپای پاسداراندا بنێت، لەكاتێكدا ئەو سێ ئەندامەی سوپای پاسداران لە لایەن حزبی دیموكراتەوە كوژراون و حەیدەر قوربانی هەرگیز چەكدار نەبووە".

جێی ئاماژەیە پێشتر شەرارە سادقی هاوسەری حەیدەر قوربانی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا باسی لەوەكردبوو "هاوسەرەكەی لە ژێر قورسترین ئەشكەنجەی جەستەیی و دەرونییدا ناچار بووە دان بە تاوانێكدا بنێت كە نەیكردووە، بۆیە داوای كردبوو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان كار بۆ راگرتنی سزای لەسێدارەدانی هاوسەرەكەی بكەن".


Qaiwan
Qaiwan