کوردستانی

جەمیل بایك: كێشەی ئۆجەلان و كورد ئاوێتەی یەكترن

مەودا میدیا - سلێمانی |


جەمیل بایك: كێشەی ئۆجەلان و كورد ئاوێتەی یەكترن
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

 جەمیل بایك هاوسەرۆكی كەجەكە رایدەگەیەنێت  "كێشەی عەبدوڵا ئۆجەلان و گەلی كورد ئاوێتەی یەكتر بوون، هیچ كەس ناتوانێت جیایان بكاتەوە"، ئەو وتانەی هاوسەرۆكی كەجەكە وەك وەڵامێكە بۆ هەندێك میدیای توركیا كە باس لەوە دەكەن پەكەكە چیتر فەرمانەكانی ئۆجەلان جێبەجێ ناكات.

جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان-كەجەكە، لەمیانی بەشداریكردن لە بەرنامەیەكی كەناڵی ئاسمانیی ستێرك-دا، رایگەیاند "رێبەر ئاپۆ هەموو ژیان خۆی خستووەتە خزمەت گەلی كورد و  مرۆڤایەتی، هەرگیز ژیانێكی شەخسیی بۆ خۆی نەویستووە و نییەتی، ئەگەر ژیانێك هەبێت دەبێت لە خزمەت ئازایدیدا بێت، ئەو ژیانێك قبوڵ ناكات، كە خزمەتی ئازادی نەكات، بۆ ئەوەش هەموو ژیانی خۆی لەسەر ئەو بنەمایە و لەو چوارچێوەیەدا خستووەتە خزمەتی گەلی كورد و مرۆڤایەتییەوە".

جەمیل بایك وتیشی " ئەگەر ئەمڕۆ لە كوردستان گەلی كورد زیندوو بووەتەوە و ژیاوەتەوە، هەستاوەتە سەر پێ، جگە لە ئازادیی هیچی تر قبوڵ ناكەن، بۆئازادی تێكۆشان دەكەن، ئەگەر گەلی كورد ئەمڕۆ لە جیهاندا ناسراوە، رێز لە كوردان دەگیردرێت، خۆشەویستی بۆ گەلی كورد هەیە، ئەوانە هەمووی بە تێكۆشانی رێبەر ئاپۆ بەدیهاتوون".

هاوسەرۆكی كەجەكە ئەوەشی خستەڕوو "كێشەی رێبەر ئاپۆ و گەلی كورد ئاوێتەی یەكتر بوون، هیچ كەس ناتوانێت ئەو كێشانە لە یەكتر دووربخاتەوە، یان جیایان بكاتەوە، ئازادیی رێبەر ئاپۆ ئازادیی گەلی كوردە، ئازادیی گەلی كورد، ئازادیی رێبەر ئاپۆیە، ئێستا لە مێژوودا رێبەرایەتیی گەلێك بە بارمتە بگیرێت، لە ژێر ئەشكەنجەدا بێت، ئەوە ئەو گەلە هەموویان كراون بە بارمتە، ئەو گەلە هەموویان دیلكراون، ئەو گەلە هەموویان لەژێر ئەشكەنجەدان، ئەوە راستییەكەیە، تاوەكو رێبەرایەتیی ئەو گەلە ئازاد نەبێت، ئەو گەلەش هەرگیز ئازاد نابێت".

لەماوەی رابردوودا چەند میدیایەكی توركیا باسیان لەوە دەكرد، كە نێوانی سەركردایەتی پەكەكە و عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی ئەو حزبە وەك ساڵانی پێشوو نییە و پەكەكە گوێ بە فەرمان و رێنماییەكانی ئۆجەلان نادات.

Qaiwan
Qaiwan