کوردستانی

گەشتوگوزاری هەرێم: كوردستان دەبێته‌ ناوچەیەكی گەشتیاری پێشكەوتوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


گەشتوگوزاری هەرێم: كوردستان دەبێته‌ ناوچەیەكی گەشتیاری پێشكەوتوو
مەودا میدیا-

دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ كارنامه‌ی كاركردنیدا گه‌شتوگوزاری له‌ ریزی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی داناوه‌، بە مەبەستی ئەوەی كەرتی گەشتیاری ببێتە سەرچاوەیەكی داهات، ئاماژە بەوەشکراوە ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزار پلانی بۆ په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری لادێ داڕشتووه‌ و بە یه‌كێك له‌ چالاكییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پلانی 2020 دانرابوو.

لە راگەیەندراوێكدا كە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی گەشتوگوزارەوە دەستەی گشتیی گەشتوگوزار رایگەیاندووە "چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان گرنگی بە رۆژی جیهانیی گه‌شتوگوزار دەدرێت، چونكە ئەو پێشكەوتنەی گەشتوگوزاری جیهان بەخۆیەوە دەبینێت، لە ئیستادا هەرێمی كوردستانی لێ بێبەش نییە، بۆیە دەمانەوێت لەم رۆژەدا ئەم پەیوەندییە بەهێزتر بكەین و سوود لە ئەزمونی گەشتیاریی وڵاتان و رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهانی وەربگرین و زیاتر پەرە بە كەرتی گەشتیاری بدەین".

ئاماژە بەوەشکراوە "ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزار پلانی بۆ په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری لادێ داڕشتووه‌ و بە یه‌كێك له‌ چالاكییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پلانی 2020 دانرابوو، بۆیه‌ له‌ ڕۆژی جیهانیی گه‌شتوگوزار به ‌دروشمی (به‌ گه‌شتوگوزار گونده‌كانمان ده‌بوژێنینه‌وه‌) گرنگی به‌په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری لادێ ده‌ده‌ین، كه‌ هاودروشمه‌ له‌گه‌ڵ گه‌شتوگوزاری جیهان".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ساڵانی ڕابردوو كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان بە خێرایی بەرەو پێش هه‌نگاوی ناوه‌، لە زیاد بوونی ژمارەی گەشتیاران و لە زیادبوونی شوێنە خزمەتگوزارییە گەشتیارییەكان، ئەمەش بەپێی پلانێكی ستراتیژی كە لەلایەن دەستەی گشتیی گەشتوگوزارەوە دانراوە، مامەڵە لەگەڵ ئەم گەشەسەندنە دەكرێت، هەروەها ماستەرپلانی گەشتوگوزاری كوردستان لە ئێستادا دەست بەكارە و تاكو ساڵی 2025 پلانی بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاری داڕشتووە".

 ئەوەش خراوەتەڕوو "وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاریش هه‌نگاوێكی دیكه‌ی كاره‌كانمانه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ماهه‌نگین له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، له‌ كۆی هەزار و 55 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ، له‌ ساڵی 2020ەوە ڕاگه‌یندراون، 227 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاری خراوه‌ته‌ پلانەوە، هەروەها هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵی 2020 بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیانی زۆر به‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری كه‌وت، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی پاشه‌كشه‌ی كرد، به‌ڵام جێگای دڵخۆشییه‌ كه‌ ئێستا شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان كراونه‌ته‌وه‌ و جوڵه‌یه‌كی باش كه‌وتووەته‌‌وە كه‌رتی گه‌شتیاری و گه‌شتیاران له‌ شاره‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ڕوو له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ن".

لە کۆتایشدا هاتووە "سەرەڕای ئەم پێشكەوتنە، حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كارنامه‌ی كاركردنیدا گه‌شتوگوزاری له‌ ڕیزی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی داناوه‌، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و دەستەی گشتی گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنن سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی كه‌موكورتی له‌ كه‌رتی گه‌شتیاری، له‌ جێبه‌جێكردنی پلانی په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزار به‌رده‌وام ده‌بن، تا گەشتیاری ده‌بێته‌ سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات و كوردستان دەبێته‌ ناوچەیەكی گەشتیاری پێشكەوتوو".

جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی 1980 تاكو ئه‌مڕۆ هه‌موو ساڵێك‌ 27ی ئەیلول وەك رۆژی جیهانی گەشتوگوزار یاد دەكرێتەوە، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری گەشتیارییە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan