کوردستانی

پۆلیسی دهۆك لەبارەی ئەو چایچیەی پارەیەكی زۆری خەڵكی بردووە روونكردنەوە دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


پۆلیسی دهۆك لەبارەی ئەو چایچیەی پارەیەكی زۆری خەڵكی بردووە روونكردنەوە دەدات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

لە یەكێك لە پێشانگاكانی دهۆك، چایچییەكی كۆمپانیایەكی ئۆتۆمبێل بە فێڵ پارەی بە ناوی كۆمپانیاكەوە لە خەڵك وەرگرتووە، پۆلیسی دهۆكیش دەڵێت پارەكە كەمترە لە ملیۆنێك دۆلار.

رائید هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆك لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای وت "ماوەیەكە ئەم كێشەیە لە دهۆك پەیدا بووە كە چایچی كۆمپانیایەكی ئۆتۆمبێل كە كاری كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەكات، بەهۆی كارەكەیەوە بووەتە كەسێكی متمانە پێكراو و چەندین جاریش بۆ وەرگرتنی پارە و مامەڵەی كۆمپانیاكە راسپێردراوە".

وتیشی " ئەو چایچییە بەهۆی دروستبوونی متمانە و بە ناوی كۆمپانیاكەوە، پارە و ئۆتۆمبێلی لە چەندین كەس وەرگرتووە و لەو كاتەشەوە ئەو كەسە دیارنییە و خاوەنی كۆمپانیاكەش دەڵێت، ئەو پارەیە نەگەیشتووەتە دەستی ئەوان".

وتەبێژی پۆلیسی دهۆك ئەوەشی خستەڕوو" هەتا ئێستا چەند سكاڵایەك لە چەند بنكەیەكی جیاواز لەسەر ئەو چایچییە و كۆمپانیاكە تۆماركراوە  و هەندێك لەو كەسانەی كە ئەو چایچییە پارەكەی لێوەرگرتوون باسیان لەوەكردووە، ئەوان سكاڵا تۆماردەكەن و داوای وەرگرتنەوەی پارەكەیان دەكەن".

رائید هێمن سلێمان، رەتیشیدەكاتەوە "ئەو پارەیەی چایچییەكە بردوویەتی ملیۆنێك دۆلار بێت و دەڵێت پارەكە كەمترە و بەوشێوەیە نییە كە هەندێك میدیا و تۆڕی كۆمەڵایەتی باسی دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە".

Qaiwan
Qaiwan