کوردستانی

هەر سێ فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن لەسەر داواكەی سەرۆكی حكومەت هاتنەدەنگ

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەر سێ فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن لەسەر داواكەی سەرۆكی حكومەت هاتنەدەنگ
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

هەر سێ فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، نەوەی نوێ، هەڵوێستی خۆیان لەبارەی داوای سەرۆكی حكومەت بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی، رایدەگەیەنن داوای پرساندن و داواكەی مەسرور بارزانی جیاوازە.

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بینای پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "رەنگە ئامانج لە داواكەی سەرۆكی حكومەت بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان بەتاڵكردنەوەی داواكەی ئێمە بێت".

وتیشی "لەرووی یاساییەوە زۆر جیاوازن ئەوەی ئێمە پرساندنە و پرسیار دەكەین لە ستافی ئەنجومەنی وەزیران، ئەوەی ئەوان تەنها روونكردنەوە پێدانە بە پەرلەمانی كوردستان، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پرسیاری لێناكرێت، بەڵام جێگەی پرساندن ناگرێـتەوە و دەكرێت ".

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "پشتیوانی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران دەكەین، كە سادەترینیان مووچەیە و كراوە بە گاڵتەجاڕی، وە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم رێبازە و خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی تەنها چارەسەرە".

وتیشی"پێویستە پەرلەمان ئاگاداری سەرجەم ئەو پرسانە بێت كە لەم وڵاتەدا هەیە".

جێی ئاماژەیە 23 واژۆی پەرلەمانتارانی كوردستان بۆ پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم كۆكراوەتەوە، بەڵام شەوی رابردوو مەسرور بارزانی لە پەیامێكدا داوای كرد پەرلەمانی كوردستان لەماوەی 14 رۆژدا كۆبوونەوەیەك رێكبخات و ئەویش ئامادەی بێت.

Qaiwan
Qaiwan