کوردستانی

تەندروستی دهۆك هەڕەشەی سزادانی نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


تەندروستی دهۆك هەڕەشەی سزادانی نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەكات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

 هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆك لە رێگەی نووسراوێكەوە داوایكرد، نەخۆشخانە ئەهلییەكانی پارێزگاكە تووشبووانی كۆرۆنا وەربگرن، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو نەخۆشخانانە ئامادەییان دەرنەبڕیوە، تەندروستی دهۆكیش هەڕەشەی سزادانی ئەو نەخۆشخانانە دەكات.

 هەمزە محەمەد، وتەبێژی تەندروستی دهۆك لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای راگەیاند"هەندێك لە نەخۆشخانەكانی دهۆك ئامادەنین تووشبووانی كۆرۆنا وەربگرن و چارەسەریان بۆ بكەن".

وتیشی "تا هەفتەی داهاتوو مۆڵەتیان هەیە ئەگەر بڕیارەكەی تەندروستی دهۆك جێبەجێ نەكەن ئەوا لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت".

ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە پارێزگای دهۆك رۆژ بەرۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، بەپێی وتەی بەرپرسانی تەندروستی دهۆك، ئەو نەخۆشخانانەی بۆ تووشبووانی كۆرۆنا تەرخانكراون بەشی ئەو رێژە زۆرەی تووشبووان ناكات، چونكە ئەو سێ نەخۆشخانەیەی بۆ تووشبووانی كۆرۆنا تەرخانكراون، 200 قەرەوێڵەن، لە بەرامبەریشدا رۆژانە 200 تاوەكو 300 تووشبووی نوێ لەو پارێزگایە تۆمار دەكرێت، نەخۆشخانەكانیش تەنیا دەتوانن ئەوانە وەربگرن كە باری تەندروستییان جێگیر نییە.

بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە سنووری پارێزگای دهۆك هەر لە سەرەتاوە تاوەكو ئێستا لە كۆی 169 هەزار 29 پشكنین، 11 هەزار و 477 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 226 كەسیش گیانیان لەدەستداوە، ئەوانەی لەژێر چارەسەریدان 6 هەزار و 771 كەسن.

Qaiwan
Qaiwan