کوردستانی
ئەمشەو لە هەولێر چی روویدا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - کاروان نوری
دوای ئەوەی ئەمشە شەش موشەك بە ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژران، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە تێیدا بە تووندی ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەوی هەولێری کردووە، لە بەرانبەریشدا ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە ئاشکرایکردووە، فەرمانی دەستبەسەرکردنی بەرپرسی ئەمنیی ئەو ناوچەیەی نەینەوا دراوە کە مووشەکەکانی لێوە ئاراستەی هەولێر کراوە.
دوای ئەوەی ئەمشەو وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشە مووشەكیەكەی سەر هەولێر بڵاوكردەوە، باس لەوەدەكات "شەش موشەك بە ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژران كە خۆشبەختانە هیچ ئامانجێكیان نەپێكاوە و هیچ زیانێكی لێ نەكەوتووەتەوە"، بەڵام دژە تیرۆری كوردستان راگەیەندراوێكی جیاوازی بڵاوكردووەتەوە و باس لە ناوچەیەكی جیاواز دەكات كە مووشەكەكانی لێوە ئاڕاستە كراوە".
لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە "لە كاتێكدا بە توندترین شێوە ئەم هێرشە تێرۆریستیە ترسنۆكانەیە ئیدانە دەكەین، لە هەمانكاتدا ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ بەرپەچدانەوەی هەر دەستدرێژیەك. داواش لە حكومەتی فدرالی دەكەین دەست بە جێ ئیجرائاتی پێویست وەربگرن".
لەلایەكی دیكەوە لە راگەیەندراوێكی دژە تیرۆری كوردستاندا "وێنەی ئۆتۆمبێلێكی كیای بارهەڵگر بڵاوكراوەتەوە كە بە "دوو تەنی" ناسراوە و باس لەوەدەكات هەڵگری ئەو موشەكانە بووە كە ئاڕاستەی ناوچەیەكی هەولێر كرا".
دژە تیرۆری كوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو "شەش موشەك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لە پارێزگای موسڵەوە ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی هەولێر كراون و هیچ زیانێكی لێنەكەوتووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشكردووە "شەش موشەكەكە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كراون".
دەشڵێت "كاتژمێر 8:30خولەكی ئەمشەو لە سنوری گوندی شێخ ئەمیری سەر بە پارێزگای نەینەواوە موشەكەكان ئاڕاستە كراون، دوور لە فڕۆكەخانە و لە چۆڵەوانی كەوتنەخوارەوە و دوو لەو موشەكانەش نەتەقیونەتەوە و هیچ زیانێكی لێ نەكەوتووەتەوە".
سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکانی شەوی چوارشەممە، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە ئاشکرایکردووە "فەرمانی دەستبەسەرکردنی بەرپرسی ئەمنیی ئەو ناوچەیەی نەینەوا دراوە کە مووشەکەکانی لێوە ئاراستەی هەولێر کراوە".
ئەمە لە کاتێکدایە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە "بە تووندی ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەوی هەولێر دەکەم".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق قسەی کردووە و باسی لە گرنگی لێپرسینەوە لەوانەی بەرپرسن لە هێرشەکە کردووە".
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی موسڵی حەشدی شەعبی هەر لەسەر رووداوەکەی ئەمشەو شاری هەولێر رایگەیاندووە "ئەو ناوچەیەى موشەکەکانى لێوە ئاراستەى هەولێر کراوە ناوچەیەکى هاوبەشى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عیراق و حەشدى شەعبییە".
ئاماژە بەوەشکراوە، "فەرمانمان کردووە بۆ گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی موشەکەکانیان هاویشتووە و ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکانی لێوەهاتووە و ئەو لایەنەشی دەستی بەسەر ناوچەکەشدا گرتووە و لەداهاتوودا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانمان رادەگەیەنین".
شەوی رابردوو، وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم رایگەیاند "شەش موشەک لە سنورى پارێزگاى موسڵەوە ئاراستەى فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر کراوە و هیچ زیانێکى گیانى و ماددییان نەبووە و چوار لە موشەکەکان تەقیون و دووانیشیان نەتەقیونەتەوە و دژەتیرۆری کوردستانیش رایگەیاند، موشەکەکان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئاڕاستە کراون".
ک.ن