عیراقی

ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق دەنگ لەسەر بڕی قەرزەکەی حکومەت دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق دەنگ لەسەر بڕی قەرزەکەی حکومەت دەدات
مەودا میدیا - کاروان نوری
 
دوای ئەوەی لیژنەی دارایی و سەرۆك وەزیرانی عیراق رێككەوتن لەسەر پەسەندكردنی یاسای قەرز بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی عیراق بۆ دەنگدان و تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە کۆببێتەوە.
 
هاوکات شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە په‌رله‌مانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رێككەوتوون لەسەر ئەوەی بەزوترین کات، پرۆژەی قەرزكردن بۆ پڕكردنەوەی كورتێهنانی دارایی بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و پرۆژەكان لەپەرلەمان پەسەند بكرێت".

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراقیش بڵاویکردەوە "حكومەتی عیراق دەتوانێت مووچەی مانگی 10ی مووچە خۆران دابەش بکات، ئەمڕۆش ئەو بڕە پارەیە دیاری دەکرێت کە حکومەتی عیراقی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی داوای کردووە".

مەودا میدیا زانیویەتی، حکومەت لەسەرەتادا داوای 41 ترلیۆن دیناری کرد، دواتر بڕەکەی بۆ 31 ترلیۆن دینار کەمکرایەوە، بەڵام ئەگەر هەیە لەسەر 15 ترلیۆن دینار رێبکەون، بەپێی وتەی ئەندامانی لیژنەی دارایش ،ئەو 15 ترلیۆنە بەشی دابینكردنی مووچە و پێداویستیەكانی تر دەكات تا كۆتایی 2020.

بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، بۆ ماوەی سێ مانگ حکومەتی عیراق 320 ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێرێت،  بەوەش لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق، 320 ملیارەکەی ھەرێمی کوردستانیش خەرج دەکرێت، بەپێی وتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش هەرێم و بەغدا، بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبێت رێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکەن بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیەیی کە بۆ هەرێمی دەنێرێت.
 
 ک.ن
Qaiwan
Qaiwan