کوردستانی

شۆفێرێک بەهۆی دواکەوتنی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەستدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


شۆفێرێک بەهۆی دواکەوتنی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەستدا
مەودا میدیا-

کاسبکارێکی خەڵکی شاری سەقزی سەر بە پارێزگای سنە لەکاتی بە دواکەوتنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو و لەئاکامدا گیانی لەدەستدا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، رۆژی پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2020 هێزە ئینتزامییەکانی ئێران لە شەقامی سەقز بۆ دیواندەرە بە گومانی گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ شوێن ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کورد کەوتوون و تەقەیان لێکردووە و لە ئاکامدا ئۆتۆمبێلەکە تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و شۆفیرەکە گیانی لەدەستداوە.

پەیامنێری هەنگاو لە سەقز ناسنامەی ئەو شۆفێرەی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، ناوی "یەحیا سامان جەوشەنی"یە، باسی لەوەش کردووە کە ئۆتۆمبێلی ئەو کاسبکارە هیچ بارێکی پێ نەبووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلی ئەو کاسبکارە کوردە تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە، شوێنی رووداوەکەیان بەجێهێشتووە.

س.س