چاوپێكەوتن

ئەبوبەکر هەڵەدنی: بە دابەشکردنی مووچەیەک کێشەکان چارەسەر نابن

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەبوبەکر هەڵەدنی: بە دابەشکردنی مووچەیەک کێشەکان چارەسەر نابن
مەودا میدیا - کاروان نوری

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکردووە، بە دابەشکردنی مووچەیەک کێشەکان چارەسەر نابن و دەنگی شەقام دانامرکێتەوە، ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە، دەبێت حکومەت چارەسەرێکی ریشەیی بدۆزێتەوە، بە رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ بێت یان رێککەوتنی بێت لەگەڵ بەغدا.

"پێموانییە دابەشکردنی مووچە کاریگەری هەبێت لەسەر دامرکانەوەی خۆپیشاندانەکان"
ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە گفتوگۆیەکی کورتدا بە مەودا میدیای راگەیاند "دابینکردنی مووچە ئەرکی حکومەتە، پێموانییە دابەشکردنی مووچە کاریگەری هەبێت لەسەر دامرکانەوەی خۆپیشاندانەکان. داواکاریی خۆپیشاندانەکانیش بۆ داواکردنی مووچە نییە بە تەنها، بەڵکو داوای ئەوە دەکەن لێبڕینی مووچەکانیان لاببرێت و هەموو مانگێکیش لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا مووچەیان پێبدریت".

"کێشەکان یان بە رێککەوتن لەگەل بەغدا یان بە رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ چارەسەر دەبن"
هەڵەدنی روونیکردەوە "پرسی ناڕەزایەتییەکانی شەقامی هەرێمی کوردستان بە تەنها بەپێدانی مووچەیەک کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێت چارەسەری بەپەلە بدۆزرێتەوە، ئەگەریش حکومەت بیەوێت چارەسەری بارودۆخەکە بکات، دوو بژاردەی لەبەردەستە، یەکەم رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا. دووەم، رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ، دابەشکردنی بەشێوەیەکی یەکسانی بو سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان".

"هیچ گومانمان لەوە نییە بە رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ هەرێم دەتوانێت مووچە دابین بکات"
سەبارەت بەوەی ئایا بە داهاتی ناوخۆ ئەگەر هەرێم نەگەڕێتەوە بۆ بەغدا دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "هیچ گومانمان نییە لەوەی بەدڵنیایی دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بدات، بەڵام ویستی ئەنجامدانی ئەم جۆرە لە رێکخستنەوە لەم کابینەیە بەدی ناکرێت".

"بەغداش لەوە گەیشتووە کە هەرێم پابەند نابیت بەو رێککەوتنەی واژۆی دەکات"
"بەڵێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا هاوشێوەی بەڵینەکانیەتی بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی یەک ساڵدا تەنها سێ مووچەی دابەشکردووە، بەغداش لەوە گەیشتووە کە هەرێم پابەند نابیت بەو رێککەوتنەی واژۆی دەکات" ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەمەی بە مەودا راگەیاند.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی رابردوو لە شاری سلێمانی و بەشێک لە شارەکانی دیکە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی، دژی دواکەوتنی مووچەکانیان دەستیپێکرد، بڕیاربوو ئەمڕۆش خۆپیشاندانەکان بەردەوامییان هەبێت، بەڵام لەو شۆێنانەی کە بڕیاربوو خۆپیشاندانی مامۆستایانی تێدا بەڕێوەبچێت، هێزێکی زۆر ئەمنیی بڵاوەیان بێکراوە و رێگە نادەن هیچ خۆپیشاندانێک بەڕێوەبچێت.

جێگەی ئاماژەیە لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی کوردستاندا بەهۆی دروستبوونی گرژی لەناو هۆلی پەرلەمان و ناڕازیبوونی هەندێک لە ئەندمانی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەشێک لەلایەنەکانی دیکە، کۆبوونەوەی پەرلەمان راگیرا، ئەندامانی ناڕازیی لە کۆبوونەوەکە جەختیانکردەوە، ئەگەر بابەتی مووچە باس نەکرێت رێگە بە کۆبوونەوەی پەرلەمان نادەن. دوێنێش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکەن و چاوەڕوانی هاتنی 320 ملیارەکەی بەغدا ناکەن، بەڵام ئەمەش نەبووە جێگەی رەزامەندی مووچەخۆران و خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، داوا دەکەن چارەسەری بەپەلە و گونجاو بۆ ئەم دۆخەی ئێستا بدۆزرێتەوە.
Qaiwan
Qaiwan