کوردستانی

"دەزانین نەوتی هندستان و ئەمەریكا بە چەندە، بەڵام نازانین هی هەرێم بە چەندە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"دەزانین نەوتی هندستان و ئەمەریكا بە چەندە، بەڵام نازانین هی هەرێم بە چەندە"
مەودا میدیا-

پەرلەمانتارێکی کۆمەڵى ئيسلاميى كوردستان رایگەیاند دەزانێت کە نەوتی هندستان و برێنت و ئەمەریكا و بەسرە بە چەند دەفرۆشرێت، بەڵام "نازانرێت نەوتی حەسیرە و خورمەڵە بە چەندە دەفرۆشرێت"، جەختیش دەکاتەوە "ئەم دوو هێزە تاریکترین دەسەڵاتی حوکمڕانن".

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵى ئيسلاميى كوردستان، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتيی فەیسبووک نووسیویەتی "ئێمە لە ماڵی‌ خۆمانەوە دەزانین ئەمڕۆ نرخی‌ بەرمیلێک نەوتی‌ ئەمەریكاگەیشتووەتە (53)دۆلار، برێنت (56,60)و نەوتی‌ هیندستان به‌(54,74) دۆلار فرۆشراوه‌، ئیمارات (55)‌ و بەسرە (53،6)، بەڵام نازانین نرخی‌ بەرمیلێک‌ لەو نەوتەی‌ لە‌ حەسیرەی‌ گەرمیان و خورمەڵە و ته‌قته‌قی‌ سنووری هه‌ولێر دەردەهێنرێت‌ بە چەند دەفرۆشرێت؟ بۆچی کەمتر لە نیوەی داهاتەکەی دیارە؟".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە "لە مانگی‌ 3ی‌ ساڵی 2020 نرخی‌ نەوت گەیشتە کەمتر لە (20) دۆلار، لە سەرەتای‌ ئەم مانگەوە نرخی‌ نەوت لەسەروو (50) دۆلارەوەیە، جیاوازییەکە زیاترە لە سەدا سەد، بەڵام حکومەتی‌ هەرێم هەر پەنجا رۆژ جارێک بە لێبڕینەوە مووچە دابەش دەکات". 

ب.م

Qaiwan
Qaiwan