کوردستانی

هەرێمی کوردستان کارەبا لە تورکیا دەکڕێت و تەنها واژۆکردنی گرێبەستەکە ماوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەرێمی کوردستان کارەبا لە تورکیا دەکڕێت و تەنها واژۆکردنی گرێبەستەکە ماوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت لەئێستادا هەنگاوەکانی کڕینی کارەبای تورکیا نزیکبوونەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد زیادکردنی مێگاواتێک لە کارەبا کاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا بۆ کاتێکی جێگیر.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کڕینی کارەبا لە وڵاتی تورکیا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە مەودا میدیای راگەیاند "لەئێستادا هەنگاوەکانی کڕینی کارەبای تورکیا نزیکبووینەتەوە، ئەمڕۆ هەندێک کاری تەکنیکیمان هەبوو جێبەجێمان کرد".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر هەیە سبەینێ یان دوو سبەینێ دەست بە هەنگاوە کردارییەکانی پرۆژەکە بکەین، بڕی بەرهەمەکە 150 مێگاواتە و دەچێتە سەر کۆی گشتیی بەرهەمی هەرێمی کوردستان، لەئێستادا توانای بەرهەمهێنانی 2500 بۆ 2600 مێگاواتە".

ئومێد ئەحمەد وتی "زیادکردنی مێگاواتێک لە کارەبا کاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا بۆ کاتێکی جێگیر، بەڵام دەبێت ئەوەمان بیرنەچێت کە خواست و بەرهەم کاریگەری لەسەر کاتژمێرەکانی کارەبا دەبێت، واتە ئەگەر خواست لەسەر کارەبا زیادبکات ئەوکاتە بەرهەم کەم دەکات و کاتژمێرەکانی کارەبا کەم دەبنەوە".

 وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئەوەشی خستەڕوو "زۆربەی کارەکانی پرۆژەکە جێبەجێکراوە تەنیا هەندێک هەنگاوی تەکنیکی و کرداریمان ماوە، لەگەڵ تەواوبوونی ئەو کارانە دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وردەکارییەکان دەخەینەڕوو".

س.س