کوردستانی
مووچەی هێزە هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین دابەش دەکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئەوەی خستەڕوو "هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە قارەمانەکان بەردەوامە".
ئاماژە بەوەشکراوە "پاش راوێژو گفتوگۆی بەردەوامی راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لەگەڵ بەڕێز وەزیری پێشمەرگە، دوای رەزامەندی بەرێز سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردرا ئەو بڕە هاوکارییەی کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابین دەکرا راستەوخۆ بخرێتە سەر ژمارە حیسابی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو رێگەیەوەش بڕی هاوکارییەکە وەک خۆی بەبێ دەستکاریکردن بدرێت بە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە".
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "ئەو بڕیارە دوای ئاراستەی دروستی هەنگاوەکانی چاکسازی دێت لە وەزارەتی پێشمەرگە، کە بەهاوکاری هاوپەیمانان بەردەوامی هەیە بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازی سەردەمیانە، لەم ڕوەشەوە هەوڵەکانی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە چڕترکراونەتەوە، بۆ ئەوەی قەبارەی هاوکارییەکان باشترو فراونتر بکرێت و لەهەنگاوەکانی دادێی پڕۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەدا سەرجەم هێزەکان بگرێتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر چەند میدیایەک بڵاویانکردبوویەوە گوایا هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمەریکا و بەریتانیا فشاریان خستووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە بۆئەوەی مووچەی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین بدەن چوونکە پارەکەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە مانگانە دەدرێت بەبێ لێبڕین.
ب.م