چاوپێكەوتن

سۆزانی حەمە تاتە، خانمێک لە سێبەری پۆلێک شەهیددا

مەودا میدیا - سلێمانی |


سۆزانی حەمە تاتە، خانمێک لە سێبەری پۆلێک شەهیددا
یەک خێزان و پۆلێک شەهید... لە کوردستاندا هەروەک چۆن شاری شەهید هەیە (هەڵەبجەی شەهید) بەهەمان شێوە چەندین خێزان و بنەماڵەی شەهیدیش هەیە، یەکێک لەو خێزانانە کە دەکرێت ناوی خێزانی شەهیدی لێ بنرێت؛ خێزانی (حەمە تاتە)یە، کە لە ماوەیەکی کورتدا، یەک لە دوای یەک، هەواڵی دڵتەزێنی شەهیدبوون و لەسێدارەدانی کوڕەکانی، جەرگی باوکە ماندوو و کچەکانی دەکات بە ئاو، تا سەرەنجام (حەمە تاتە) خۆیشی لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا، دەبێتە سەرقافڵەی شەهیدانی بنەماڵەکەی و دوو کچی خوار تەمەن (18) ساڵ بە خەڵکی کوردستان دەسپێرێ کە خۆی و کوڕەکانی رۆح و هەموو شتێکی خۆیاپێ بەخشی.

خاتوو سۆزانی حەمە تاتە، کە لەم دیدارەماندا دەیدوێنین، لە پاش شەهیدبوونی باوک و براکانی، لەگەڵ ئەوەی کچێکی هەرزەکاریشە، بەڵام چونکە پەروەردەی دەستی ئەو خێزانەیە، لەجیاتی کەوتن و کۆڵدان، دەبێتە پێشڕەوی خوشکە بچووکەکەی و مەشخەڵهەڵگری رێبازی براکانی و سەربەرزانە برەو بە خەبات و چالاکیی و خزمەتی خاک و گەلی کوردستان دەدات.

کاتێک دەستمان کرد بە گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام، خاتوو سۆزان کەوتە گێڕانەوەی یەک بەیەکی بەسەرهاتەکان، بەدەم گریانی هەردووکمانەوە، بۆ ئەو هەموو نەهامەتییانەی کە بەسەر ئەو خێزانە شۆڕشگێڕەدا هاتووە، ئەوانەی باسی لێ کردن، هەریەکەیان دەکرێ بکرێتە رۆمانێک کە ئێستا هەندێ بە نووسین و خراپ بەکارهێنانی قەڵەمەکانیان لە گێڕانەوەی ئەو مێژوودا، خەریکن بۆ ئەم نەوەیە ناشیرینی بکەن.

سەرەتا کورتەباسێکی خۆت و خێزانەکەتمان بۆ بکە؟
ناوم سۆزان محەمەد محەمەد ئەمینە، ساڵی 1967 لە گەڕەکی سابوونکەران لەدایکبووم.
من تەمەنم چوار ساڵ و پەیمانی خوشکیشم دوو ساڵ بوو، دایکم بە نەخۆشیی فشاری خوێن کە بوو بەهۆی لەکارخستنی گورچیلەکانی، کۆچی دواییکرد.
لە باوکی خۆم، چوار برا و دوو خوشک بووین، براکانم لە ئێمە گەورەتر بوون. هەروەها دایکم پێش باوکم شوویەکی تری کردبوو و کچێکی هەبوو بەناوی (نەجیبە)، لەگەڵ ئێمە نەژیاوە و زوو شووی کردووە و کوڕەکەی لە من گەورەترە.
بەهۆی ئەوەی ئێمە دوو کچی منداڵ بووین کە دایکم کۆچی دوایی کرد، باوکم ئێمەی بردە لای نەنکم بۆ ئەوەی ئاگای لێمان بێت. ئەو چەند ساڵەی لای نەنکم بووین، ژیانێکی ئاسان نەبوو بۆمان، دوور لە باوک و برا، نەنکیشمان زۆر دڵڕەق و توند بوو لەگەڵمان.
خوێندنی سەرەتاییم لە خوێندنگەی گۆیژە بوو. کاتێ تەمەنم بوو بە 12 ساڵ، لەسەر داوای خۆم لە باوکم، گەڕاینەوە لای باوکم. باوکم تا بڵێی پیاوێکی میهرەبان بوو.

شەهید محەمەدی باوکت نازناوی (حەمە تاتە)ی لەکوێوە وەرگرتووە؟
باوکم هەورامی نەبوو، لە کاتی منداڵیدا لە سلێمانی کاری فیتەریی ئۆتۆمبێل و ئاسنگەریی کردووە، وەستاکەی خەڵکی ناوچەی هەورامان بووە، زۆر لە کار و دڵسۆزیی باوکم رازیی بووە و بەناوی (تاتە گیان) بانگی کردووە، ئیتر ئەم ناوەی بەسەردا دابڕاوە و بووەتە (حەمە تاتە)، کە جێگەی شانازیمانە.

بنەماڵەکەتان، بنەماڵەیەکی خۆشەویستی کورد و سلێمانین بەهۆی کوردپەروەری و ئەو پێنج شەهیدەی کە بەخشیوتانە بە خاکی کوردستان، دەکرێ هەندێ باسی بنەماڵەکەتان بکەیت؟
بەڵێ، من خاوەنی پێنج شەهیدم؛ چوار برا و باوک. دوو برام شەهیدی پێشمەرگەن و دوو برا بچووکەکەشم رژێمی فاشیی سەدام لەسێدارەی داون. باوکیشم، لە ماڵەکەی خۆماندا بە دەستڕێژی گوللەی خۆفرۆشان شەهید کرا. برا گەورەکەم (شەهید مەحمود) ناسراو بە (خولەی حەمە تاتە)، لە ساڵی 1954 لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی سابوونکەران لەدایکبووە، هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە چووەتە ناو ریزەکانی رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە.
لە یادمە رۆژێکی هاوین بوو، دوای نانخواردنی بەیانی، کاکم (شەهید مەحمود)، جلێکی رێکوپێکی کاوبۆی لەبەر کرد و شپرزەیی پێوە دیاربوو، چووە دەرەوە، کەمێکی پێ چوو لە گەڕەکێکی خوار ماڵمان تەقە دەستی پێ کرد، لە کۆڵانی بنکەی تەندروستییەکە. دوای هێوربوونەوەی تەقەکان، خەڵک کەوتنە باسی رووداوەکە، وترا پێشمەرگەیەک بە برینداریی لە سەربانی ماڵێک گیراوە.
شەو درەنگانێک هاوڕێکانی مەحمود هاتن پێیان راگەیاندین مەحمود کەوتووەتە ناو کەمینەوە، کە بانگیان کردووە، خۆی نەداوە بەدەستەوە و تەقەی کردووە و ویستویەتی دەرباز ببێ، بەڵام بە برینداریی گیراوە.
ئەم رووداوە، ساڵی 1974 بوو. لەناو زیندان حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا درا. لە نسکۆی 1975 حکومەتی عیراق لێبووردنی گشتیی دەرکرد، دوو رۆژ پێش جێبەجێکردنی فەرمانی لەسێدارەدانی، بەر ئەو لێبووردنە گشتییە کەوت و بەر بوو.
جارێکی تریش لە ساڵی 1977 گیرایەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەشکەنجەی زۆر درا، بەڵام زۆر خۆڕاگر بوو، بە شایەتیی هەموو هاوڕێکانی. ئەم جارەشیان حوکمی هەتاهەتایی (مۆبد)یان بەسەردا دا و دیسان بەر لێبووردنی گشتیی کەوتەوە و بەر بوو.
جارێکیان بەهۆی چالاکییەکی گرنگی رفاندن لە (دائیرەی سەفەر و جنسیە)ی سلێمانی، هەروەها رفاندنی (12) پۆلیس و ئۆتۆمبێل بۆ ناو پێشمەرگە لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دیکە، ملازم موحسین بەخۆی و هێزێکی قوات خاسەوە پەلاماری ماڵی ئێمەیان دا. پێی وتین: "کوڕەکەتان (شەهید مەحمود) لە چالاکییەکدا دوێنێ شەو زۆربەی کەلوپەل و مۆر و پاسپۆرتی (دائیرەی سەفەر و جنسیە)ی بردووە، تا سێ رۆژ مۆڵەتتان دەدەین بچن بیهێننەوە، لێتان دەبورین". ئەوسا براکانم لە ماڵ نەبوون، پەلاماری قۆڵی منیان دا بۆ ئەوەی بمبەن بۆ ئەمن، باوکم کەوتە گفتوگۆ لەگەڵیان و هەرچۆنێک بوو بەریاندام.

ئەو کە لەگەڵ رێکخستنەکانی کۆمەڵە کاری دەکرد، چۆن بوو بە پێشمەرگەی بزووتنەوەی سۆسیالیست؟
دوای بەربوونی لە زیندان، لەسەر داوای شەهید عەلی عەسکەری، شاری جێهێشت و چووە شاخ، دواتر لەگەڵ هاوڕێکانی لە بزووتنەوەی سۆسیالیست درێژەی بە خەبات دا. چەندین چالاکیی گرنگی لە ناوشار ئەنجام دەدا و بووبووە وێردی سەر زمانی هەموو ماڵە شۆڕشگێڕەکان و مایەی تۆقینی دوژمن.
بەپێی بیرەوەریی هەموو برادەرەکانی، دەڵێن هەرگیز سڵی لە مردن نەدەکردەوە و ئازایەتی و قارەمانێتیی شەهید مەحمود کەموێنە بووە.
چەندین جار بریندار بووە، جارێکیان لە شەڕی نێوان یەکێتی و حسک، بریندار دەبێ و لە ئەیلولی 1981 بۆ چارەسەر دەینێرن بۆ تاران و دواتریش بۆ سوید. پاش وەرگرتنی چارەسەر، ماوەی سێ مانگ لەوێ دەمێنێتەوە و دواتر دەگەڕێتەوە کوردستان. لە 2ی ئایاری 1985، لە شەڕی براکوژیی لە قەندیل شەهید دەبێ.

دەمەوێت هەندێک باسی شەهید کاوەشم بۆ بکەیت...
شەهید کاوە، لە ساڵی 1960 لەدایکبووە. خوێندکاری ئامادەیی پیشەسازی 17ی تەمووز بوو. کاوە، گەنجێکی رۆشنبیر و نووسەر و شاعیر و هونەرمەند بوو، بەردەوام خەریکی نووسین و خوێندنەوە بوو، هەروەها بەشداریی شانۆشی دەکرد.
لە ئایاری 1982، لە دواساڵی خوێندنیدا، بەپێی ئەو بەڵگانەی بەردەستمان کەوتبوو، لەلایەن رژێمەوە دەستگیر کراوە. ساڵێک دوای گیرانەکەی، لە 3ی ئایاری 1983، لەسێدارە دراوە.
کاریگەریی کاوە زۆر زۆرە بەسەرمەوە، لە ماڵەوە لە براکانی ترم زیاتر ئەرکی پەروەردەکردن و رێنماییکردنمانی گرتبووە ئەستۆ. شەهید کاوە فێری خوێندنەوەی کردم، هەروەها فێری خۆڕاگری و بەرگەی خەمەکانی ژیانی کردین. کاتێ هۆنراوەیەکی دەنووسی، پیشانی دەدام و رای وەردەگرتم. کاوە، بەو رەفتار و هەڵسوکەوتانەی لەگەڵماندا، رۆڵی براگەورەی دەبینی، هەرچەندە بەتەمەن هێشتا منداڵ بوو، بەڵام بە رەفتار و بیرکردنەوە، کامڵ بوو. جگە لەمانەش، وەرزشکاریش بوو، لە تیپی تۆپی پێ بوو، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تیپێکیان دروست کردبوو بەناوی تیپی وەرزشیی کۆڵنەدەر.
متمانەی زۆری پێم هەبوو، نهێنییەکانی لای من باس دەکرد و فێری دەکردم چۆن نامەکانی بشارمەوە و ئاگام لەخۆم بێ.
یەکەم کتێب، کاوە پێی وتم بیخوێنمەوە بەناوی (ئافرەت لە مێژوودا)، دووەمیان (ژانی گەل) بوو، دواتریش لێی دەپرسیمەوە. ئەگەر بووبوونایە بە مایەی ترس، هەم بە هاندان و هەم بە باوەشێکی گەرم دەیوت: "بووین بە مایەی دڵەڕاوکێ بۆ خوشکەکانمان".
رۆژێک داینیشاندم وتی: "باش گوێم لێ بگرە، هەرچیت پێ دەڵێم دوای من جێبەجێی بکە. ئەمڕۆ دەڕۆم بۆ کارێک، گەر نەهاتمەوە، لەناو کتێبەکانمدا شتێکی تیایە دەریبهێنە و بیبە خوار ماڵی خۆمان لای مزگەوتی عەلی کەمال، زێرابی سندوقیی لێیە، دانەخراوە، بیخە ناو زێرابەکە، دەبێ وریا بیت کەس نەتبینێ".
ئەو بەیانییەی کە راسپاردەکەی پێ وتم، درەنگ گەڕایەوە، بە پێکەنینەوە وتی: "سۆزان، خۆ سەیری شتەکانت نەکردووە؟" وتم: "نەبەخوا". وتی: "دڵنیام، کەواتە جێگەی متمانەی". پاش ماوەیەک، جارێکی تر هەمان راسپاردەی کرد. بەداخەوە، ئەو جارەیان بۆ هەتایە نەگەڕایەوە.

نازانن چۆن گیراوە؟
خۆفرۆشێک بووەتە هۆکاری گیرانی. (بەدەم گریانەوە وتی) منی تەمەن (14) ساڵ، ئەستەم بوو لەو دنیایە تێبگەم.
بەداخەوە، لە کاتی هەڕاجی ماڵەکەمان، بەشێک لە کتێبەکانی نەمان، بەڵام هەموو ئەوانەی تری و نووسینەکانیم پاراستووە، گرنگترینیان کە فەوتا، نامەیەک بوو، تیایدا وەسیەتی کردبوو کە ئەگەر شەهید بوو، لە گۆڕستانی شەهیدان لە لای شەهید کامەرانی برام بنێژرێت، هەروەها جار جار دوای قورئان خوێندن، گۆرانییەکی رەفیق چالاکی (بابە بابەی) بۆ لێبدرێ، کە بەداخەوە بە بێ گۆڕ مایەوە و نەمانتوانی ئەو وەسێتانەی جێبەجێ بکەین. زانم گۆڕەکەی لە کام بیابانە و لە کوێ نێژراوە!
هەروەها دوو کتێبی دەستنووسی هەیە، یەکێکیان کۆمەڵە شیعرێکە و ئەوی تریشیان رۆمانێکە، ئێستا خەریکی ئەوەم بۆ چاپ بکەم.

بەهۆی ئەوەی باوک و براکانت هەموو شەهیدن، بە گێڕانەوەی یادەوەرییەکان ئازارت دەدەم، بەڵام گرنگیشە باسکردنی ئەو مێژووە و تۆمارکردنی، بۆیە داوات لێ دەکەم کورتەباسێکی شەهید کامەرانیش بکەیت...

کامەران، لە ساڵی 1961 لەدایکبووە، کوڕێکی هێمن و لەسەرخۆ بوو، وەک مانگ وابوو، زۆر وریا و جەسوور و ئازا بوو. ئەو برایەشم لەسەر چالاکییەکی ناوشار زیندانیی کرا. چەندین چالاکیی هەبوو لە ریزەکانی رێکخستن و پێشمەرگەدا.
لە کاتی پشووی هاویندا، لە پێنجوێن لە دوکانەکەی باوکم کە دوکانی ئاسنگەریی بوو، کاری دەکرد. بۆ ئەوەی دووری بخاتەوە لە چاوی بەکرێگیراوەکانی رژێم، بەڵام کامەران بەهۆی کارەکەیەوە پەیوەندی لەگەڵ پێشمەرگە و رێکخستن قووڵتر بووبووەوە. لە ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستاندا بوو، چەند جارێک بەهۆی کاری رێکخستنەوە رۆیشتووە بۆ نزارە و ئاسناوا بۆ بردن و هێنانی نامەی رێکخستن. لە یەکێ لە سەردانەکانیدا دیارە بەکرێگیراوانی رژێم بە وردیی چاودێرییان کردووە، لەسەر رێگە کەمینی بۆ دادەنێن.
لەو سەردانەیدا بۆ ناو پێشمەرگە، چاوی دەکەوێت بە شەهید تاهیری حاجی عەزیز و نامەیەکی بۆ دایکی و هەندێ نامەی تری رێکخستنەکانی ناوشاری دەدەنێ. لە گەڕانەوەدا لە رەبیەیەکی جاشەکانی رژێم بۆی دادەبەزن و دەیگرن، پاش چەند کاژێرێک بە هەلیکۆپتەر دەیگوێزنەوە بۆ کەرکوک و لە هەیئەی کەرکوک زیندانیی دەکرێ و ئەشکەنجەیەکی زۆر دەدرێ، چونکە بە بەڵگەوە گیرابوو. ئەو کەسانەی کە نامەکانیانی هێنابوو، زوو زوو سەردانیان دەکردین بۆ زانینی هەواڵ و دڵنەواییکردن.
شەهید کامەران، زۆر خۆڕاگرانە بەرانبەر ویستی دوژمن وەستایەوە، یەک وشەی نەدرکاندبوو، وتبووی ئێوە خستووتانەتە ناو گیرفانم. دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر، دەیبەنە دادگای بەغدا و حوکمی 20 ساڵ زیندانیی بەسەردا دەدەن، چونکە تەمەنی بچووک بوو، بۆیە حوکمی لەسێدارەدان نەیگرتبووەوە. دوای نۆ مانگ گەڕان و سۆراغکردن، زانیمان کە لە (احکام خاصە)ی زیندانی ئەبوغرێبە.
یەکەم سەردانمان بۆ زیندانی ئەبوغرێب، من و پەیمانی خوشکم و کاوەی برام بەیەکەوە چووین. پێشوەخت کەلوپەلی پێویستمان کۆکردەوە بۆ بردن، جلەکان کاوە بۆی هەڵبژاردین و نەشماندەزانی بۆ ئەو جلەکانمان بۆ دیاری دەکات. مانگی ئاب بوو، زۆر گەرم بوو، چووینە ریزەوە، دەبوایە پیاوان لە لایەک و ژنانیش لە لایەکی تر بن، ئێمە مەنجەڵێ یاپراخمان پێبوو، بەبیانووی ئەوەی ناتوانم مەنجەڵەکە هەڵبگرم، کاوە گەیشتە لام و مەنجەڵەکەی هەڵگرت، وتی: "بڕۆ ئاوڕ مەدەرەوە، شتم خستووەتە ملیوانەکەتەوە". کە گەیشتینە لای و پاش باوەشکردن بەیەکدا، بە هێمنی و دوور لە چاو، نامەکەی رێکخستنی لە ملیوانەکەم دەرهێنا و خستیە ژێر سەرینەکەی. لەدواییشدا زانیم کە ئەو نامەیە، نامەی رێکخستن بوو.
ساڵی 1979، دوای هەشت مانگ لە دادگاییەکەی، بەر لێبووردنی گشتیی کەوت. ئەو ئێوارەیەی کە ئازاد کران، کامەران گەیشتەوە لامان، لە سلێمانی خەڵک زۆر ئازاد کرابوون، لە هەموو کوچە و کۆڵانێک ئاهەنگ دەگێڕدرا.
کامەران، وەک هەموو ئازادکراوەکانی ئەبوغرێب، بەڵێنیان دابوو کاری سیاسی نەکەن، بەڵام وەک خۆی دەیوت؛ سوێندم بۆ ئەو شەهیدانە خواردووە کە لە زیندانی ئەبوغرێب لەسێدارە دران، هەتا ماوم پۆستاڵی سەربازیی لە پێ نەکەم و خزمەتی رژێم نەکەم. دوای سێ مانگ لە ماڵەوە، دەبوایە بچێت بۆ سەربازیی، تەمەنی سەربازیی هاتبوو، بەڵام خۆی ئامادە کرد و رۆیشت بۆ لای مەحمودی برام، ئەم جارەیان لە ریزەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان درێژەی بە خەبات دا.
لەو ماوەیەدا چەند جارێک چووین بۆ سەردانیان، جارێکیان کەوتینە ناو کۆمەڵێ پێشمەرگەی یەکێتی و وتیان: "مەڕۆن، ئەوان رۆژانە دێنە ئێرە"، جیاوازیمان نەدەکرد کێ پێشمەرگەی سۆشیالیستە و کێ هیی یەکێتییە. نەنکم لەگەڵماندا بوو، کەلوپەلی وشکە و خواردنێکی زۆری هێنابوو، ئێوارە خواردنێکی زۆر زۆری کرد، هەموو پێشمەرگەکان و براکانیشم گەیشتن و بەیەکەوە نانیان خوارد.
شەڕی نەگریسی براکوژیی دەستی پێ کرد و هەواڵ هات کە کۆمەڵێک لە برادەران بریندار و شەهید بوون (ئەوان دوژمن بەدوایانەوە بوو، کەچی بە ئاسانی بەدەستی یەکتر لەناودەبران)، باوکم رۆیشت بۆ سۆراغیان، سەرەتا دەچێتە شارباژێڕ و لەوێ پێی دەڵێن پەڕیونەتەوە بۆ شارەزوور. کاتێ دەگاتە لایان، کامەران دەبینێ و هەواڵی برینداربوونی مەحمودی برامی پێ دەڵێ، دەڵێ "ئێستا لە مەریوانە بۆ چارەسەری بریندارییەکەی بردوویانە". کامەران وێنەیەک دەدا بە باوکم و پێی دەڵێ "ئەمەش دیاریی منە بۆ تۆ، کە شەهید بووم، گەورەی بکە و ئێستا گەورە بووم پێویست ناکات ئەوەندە دڵت لامان بێ و خۆت هیلاک بکەی". باوکم گەڕایەوە، لەبری ئەوەی دڵی خۆش بێ کە هەواڵی کامەران و سەلامەتیی مەحمودی وەرگرتبوو، زۆر دڵتەنگ بوو، لە وەڵامێکی پورمدا وتی: "هەست دەکەم کامەران نابینمەوە، گۆزە هەموو جار لە کانی بە ساغی ناگەڕێتەوە". بەداخەوە، دوای چەند رۆژێک لەو سەردانە، هەواڵی شەهیدبوونی کامەرانمان پێگەیشت کە لەکاتی چاککردنی ئاربیجییەکی لەکارکەوتوو، گوللە ئاربیجییەکە تەقیبووەوە و شەهید بووبوو، لە گوندی ناوگردان بەخاک دەسپێردرێ، هەر لەوێش خاڵە نەجم چەند پەنجەیەکی دەستی دەپەڕێ.

شەهید ئەردەڵان، کە لە براکانتدا لە هەموویان بچووکتر بوو، شەهیدبوونی ئەو چۆن بوو؟
ئەردەڵان، لە ساڵی 1964 لەدایکبووە و لە شوباتی 1982 گیرا، کە ئەوکات لە پۆلی سێی ناوەندی بوو، ئیتر نەمانبینیوە. دواتر دەرکەوت لە 2ی ئایاری 1983 لەسێدارە دراوە.
ئەندامی رێکخستنی ناوشار بوو. بەتەما بوو لەگەڵ وەستان حەمدون فێری وەستایی لەبغ و گەچکاری بێ، یەکەم رۆژی کارەکەی، ئێوارەکەی وەک گەنجەکانی گەڕەک لەسەر سەدەکەی گەڕەکی شەهیدان کۆدەبوونەوە، هەر لەوێدا گیرا و ون کرا. ئێمە شوێن نەما نەگەڕێین بەدوایدا، وەک ئەوە وابوو ئاسمان هەڵیلوشیبێ یان زەوی قووتی دابێ. دوای دوو ساڵ زانیمان گیراوە و لەسێدارە دراوە.
وەک هاوڕێکانی دەگێڕنەوە؛ بەردەوام خەریکی نووسینی دروشمی دژی رژێم بووە لەسەر دیوارەکان، لەگەڵ شەهید سەڵاحی موهەندیس کاری کردووە.
هەروەها لەم ماوەیەدا هاوڕێیەکی شەهید ئەردەڵان بەناوی (هێرشی مەلا خدر)، پێی راگەیاندم کە سەرەتای ساڵی 1980 لەگەڵ شەهید ئەردەڵان هاوپۆل بوون لە خوێندنگە و لەگەڵ هەندێک هاوڕێی تریان کاری رێکخستنیان کردووە لە ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەراندا. پاش ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ ئەو ئاشکرا دەبێت، دەچێتە دەرەوە و لە کەرتی دووی هەرێمی سێ دەبێتە پێشمەرگە. وەک خۆی بۆی گێڕامەوە کە لەو کاتەدا هەر کاتێک وەکوو مەفرەزە هاتوونەتە ناو شار، شەهید ئەردەڵان چاوساغیان بووە و رێگەکانی بۆ تاقی کردوونەتەوە.

ئێستاش با بێینە سەر باسی شەهیدبوونی باوکت، کە دواشەهیدی ئەو خێزانە حەوت کەسییە بێ دایکە بوو، حەمە تاتە کێیە و چۆن شەهید کرا؟
بە دڵێکی پڕ لە ئازارەوە وتی: شەهیدبوونی باوکم کۆستێکی گەورە بوو، ئیتر لەو چرکەساتەدا هەستمان بە بێ کەسیی کرد، هەموو ئازارەکانی بۆ نوێ کردینەوە، هیواکانی بەردەوامیی ژیانمانی لەگەڵ مەرگی خۆی پێچایەوە و بردی. دوو کچی تەنیا، تەمەنمان لەژێر (18) ساڵەوە بوو، بێ برا و باوک و دایک، ئای ئەو چرکەساتانە چەند ئەستەم بوو!
دوای کەمێک وەستان، بەردەوام بوو و وتی: باوکم، شەهید حەمە تاتە، لەدایکبووی ساڵی 1936ی شاری سلێمانییە، کەسێکی دڵفراوان و میهرەبان و زمان شیرین بوو، کەسێکی ماندوو بوو بۆ پەیداکردنی بژێوی، خەمی نیشتمانی بە بەردەوامیی بەکۆڵەوە بوو، بە بەردەوامی ئامۆژگاریی جوانی دەکردین. زیرەک بوو، چەند زمانێکی بە باشی دەزانی و پەیوەندی کۆمەڵایەتیی زۆر پتەو بوو، جێگەی متمانەی خەڵک بوو، زۆر خۆشەویست بوو، بەهۆی ئەوەی چوار کوڕی شەهیدە، ئەوەندەی تر رێزیان لێ دەگرت. لە کاتی گفتوگۆی نێوان شۆڕش و رژێم لە ساڵی 1983، پێشمەرگەکان دەهاتن و یەک یەک سەردانی ماڵە شەهیدەکانیان دەکرد. بیرمە دوو لۆری کە ژمارەیەک گەنجی شار و پێشمەرگەی تیا بوو، بە هوتاف و سروودی (ئەی شەهیدان) هاتنە بەر دەرگای ماڵەکەمان و دواتر کەوتنە وتنەوەی هەندێ دروشم بۆ ماڵی ئێمە (ئای ئای مەحمود گیان، رزگاری بوو کوردستان، ئای ئای کامەران، سڵاو لە گۆڕەکەتان)، هەندێکیان دابەزین و دەستی باوکمیان ماچ کرد. باوکیشم بە پێشوازیی گەرمەوە پێی وتن: "هەموو یەکێک لە ئێوە (کاوە، ئەردەڵان، مەحمود، کامەران)ە بۆ من". خۆڕاگریی باوکم و ماڵی ئێمە لەبەردەم رژێم و جەللادەکانی، کەموێنە بوو. رژێم تاقەتی نەدەچوو لە پشکنین و بانگکردنمان بۆ ئەمن و لێکۆڵینەوە.
جگە لەمانە، باوکم بەردەوام بە دوای کوڕەکانییەوە وێڵ و سەرگەردان بوو. دووانیان لە پێشمەرگایەتی؛ بەردەوام دڵی لایان بوو و سەردانی دەکردن و هاوکاریی بۆ دەناردن. دووانیشی بێسەروشوێن بوون؛ شوێن نەما سۆراغیان نەکات. هەرچەندە وتبوویان کە ئەردەڵان و کاوە لەسێدارە دراون، بەڵام باوەڕی نەدەکرد.
جارێکیان بەڕێوەبەرێکی تازەی ئەمنی گەنج هاتبووە شاری سلێمانی، بەناو خەڵکدا دەگەڕا بۆ زانیاری و هەواڵپرسینی خەڵک و وەرگرتنی را و بۆچوون. لە دوکانێکی هاوڕێی باوکم کە لەو کاتەدا باوکمی لابووە، ئەو بەڕێوەبەرە خۆی دەکات بە ژووردا و دوای قسەوباس، روو دەکاتە باوکم، باوکیشم بەبێ ترس دەڵێ "ئێوە ئەم شارەتان وێران کرد، کەشێکی سامناک و تۆقاندنتان لەم شارەدا بڵاوکردووەتەوە، کەس لە ژیانی خۆی دڵنیا نییە، ماڵی خەڵک تاڵان دەکەن بەناوی ماڵی موخەریبەوە، کوڕی خەڵک دەگرن و بێسەروشوێنیان دەکەن. من خاوەنی چوار کوڕ بووم، دووانیان لە دەست زوڵمی ئێوە بوون بە پێشمەرگە، دووانیشم بێسەروشوێنن". ئەویش ناوەکانیان وەردەگرێ و بە باوکم دەڵێ "ببوورە، بەڕاستی ئەمانە لە سەردەمی مندا نەبووە، بەڵام چارەنووسی ئەو دوو کوڕەت بۆ دەپرسم و وەڵامت دەدەمەوە". دوای دوو هەفتە، ناردیان بەدوای باوکمدا لە رێگەی موختارێکەوە بۆ ئەوەی بیبەن بۆ ئەمن. باوکم لە ماڵەوە دەهات و دەچوو، دیاربوو مێشکی زۆر ماندوو بوو و نەماندەزانی بیر لە چی دەکاتەوە. دوابەدوای ئەوەی کاتی چوون بۆ ئەمن نزیک بووەوە، باوکم من و پەیمانی خوشکمی بانگ کرد، وتی: "وەرن لام دانیشن". دانیشتین، دەستی خستە سەر شانمان و هەردووکمانی لەئامێز گرت، وتی: "کچەکانم، چارەنووسی ئێمە ئاوایە، دوو براتان شەهیدە و جێگەی شانازیمە، دوو براکەی ترتان دڵنیام کە باش پەروەردەم کردوون، ئەگەر کوڕی من بن، ئەوا هەرگیز سەریان بۆ رژێم دانانەوێنن و سەربەرزانە شەهید بوون". هەروەها ئەوەشی بۆ گێڕاینەوە کە چۆن بەرپرسی ئەمنی بینیوە و سۆراغی براکانمی لێ کردووە. وتیشی: "وا من دەڕۆم، ئەگەر نەهاتمەوە، ئەوا وەسیەت بێ نەهێڵن بکەونە دەستی زاڵم". هەندێ پارەی لابوو، خستیە ناو دەستم، وتی: "ئەگەر تا ئێوارە نەگەڕامەوە، ماڵەکە چۆڵ بکەن و دەرگاکان دابخەن و بڕۆن، بڕوام بە کەس نییە بتانگرێتە خۆی، دوای ماوەیەک وەرنەوە بۆ ئێرە". هەندێ ئامۆژگاریی تری کردین و هانی دەداین لەسەر پێی خۆمان بوەستین.
ئەو کاتە من تەمەنم (16) ساڵ بوو و پەیمانیش (14) ساڵ، زۆر ئەستەم بوو ئەو هەموو ئازارە بچێژین و لێی تێبگەین.
باوکم کاتێ چوو بۆ لای ئەو بەڕێوەبەرە، بەڕێزەوە پێشوازیی لێ کردبوو، پاشان وتبووی: "حاجی گیان، ئارەزووم بوو هەواڵێکی خۆشم پێبوایە بۆ جەنابت و پیاوێکی وەک تۆ، بەڵام خۆڕاگر بە، بەداخەوە، ئەردەڵان و کاوە هەردووکیان لەسێدارە دراون، خوا سەبووریت بدات". باوکم وتبووی: "بۆ ئەردەڵانیش لای ئێوە بوو؟" وتبووی: "نازانم سەردەمی من نەبووە".
کاتێ بۆی دەگێڕاینەوە، فرمێسکەکانی بە خوڕ بەسەر ریشە ماشوبرنجییەکەیدا دەهاتنە خوارەوە. وتی: "لەوێ خۆڕاگر بووم، بەڵام ئەژنۆکانم دەلەرزین، پێم وت شکور بۆ خوا حکومەتێکی گەورە لە دوو منداڵی من دەترسا، ئەوانە جێگەی شانازیی منن، خۆزگە چەند کوڕێکی ترم هەبوایە". هەروەها گێڕایەوە وتی: "کە هاتمە دەرەوە لە ژووری بەڕێوەبەر، لەبەردەمی ژوورەکەیدا تاوانبارێکی خۆفرۆشی کورد لەوێ بوو، کە بینیم، خەریکی دەستشووشتن بوو، لێی پرسیم: خێرە لێرەی؟ منیش بەهێواشی پێم وت: خێر دەبێت، بەس بەسەرتەوە ناچێت، خۆ کوڕەکانم کۆتاییان نەهاتووە". هەر ئەو خۆفرۆشە بوو کاوەی برامی تەسلیم بە پیاوانی رژێم کردبوو. باوکم بە کەسوکاری وت و پرسەیەکی لەناو خۆماندا راگەیاند.
دوای ئەوە، لە ئێوارەیەکی حوزەیرانی ساڵی 1985، باوکم لە کار گەڕایەوە، ئەو ئێوارەیە ئێمەی بە ئۆتۆمبێل بردە سەردانی ماڵێک و بەناو شەقامی شاردا پیاسەی پێ کردین، وەک ئەوەی بزانێ دواجاری دەبێ. گەڕاینەوە ماڵەوە، شەوەکەی چالاکییەکی پێشمەرگە بوو، چوار تاوانباری رژێمیان بەر گوللە دابوو و کوشتبوونیان. شەو درەنگ بوو و لە خەودا بووین، لە حەوشە خەوتبووین، لە دەرگای ماڵەکەمانیان دابوو، باوکم رۆیشتبوو دەرگای کردبووەوە، لە دەنگی تەقە راچڵەکیم و خوشکەکەم بە راکێشان بەئاگای هێنام، وامانزانی وەک تەقەی هەمیشەییە، هەرچەندە ئەم جارە زۆر نزیک بوو. وتی: "تینوومە"، منیش هەستام ئاوی بۆ بهێنم، بینیم دەرگای ماڵەکەمان کراوەتەوە، وتم: "مەترسە باوکم لەبەردەرگایە". حەوشەکەمان دوورودرێژ بوو، نزیکەی (10م) دەبوو. وتم: "با بانگی باوکم بکەین، شەو درەنگە، با بێت بنووێ"، کە نزیک دەرگاکە بووینەوە، قاچم بەر شتێک کەوت، بینیم باوکمە لەناو خوێنی خۆیدا کەوتووە. ئەوەی بینیم، نە خەون بوو نە خەیاڵ، واقیعێکی تا بڵێی تاڵ و ئازاربەخش بوو، تەنیا بە قسە ئاسانە گێڕانەوەی.
دوایی زانیمان لە تۆڵەی چالاکییەکەی پێشمەرگە، بە دەستی خۆفرۆشێکی کورد شەهید کراوە. هەر ئەو شەوە، چەند تاوانێکی لەو چەشنە لە گرتن و کوشتن روویدابوو.
ئەو شەوە ئەفسەرێکی عەرەب ئێشکگر بوو لە بنکەی پۆلیسی ئیسکان، کاتێک ئەنجام پشکنینی قەوانی فیشەکەکە هاتەوە و دەرکەوت فیشەکەکە هیی ئەو جۆرە دەمانچانەن کە خۆیان بەکاریان دەهێنا، کەوتە جنێودان بە رژێم و رووی کردە مامم (زۆر بەزەیی بە ئێمەدا دەهاتەوە کە لەو خێزانە تەنیا دوو کچ ماوین، هەردووکمان تەمەنمان (15، 17) ساڵ بوو، لە ترسا و لە خەفەتا دەلەرزین)، وتی: "تکات لێ دەکەم، ئەمانە دوور بخەرەوە لەم شارە، ئەمانیش نۆرەیان دێت، حکومەتەکەمان زاڵم و بێبەزەییە". قەوانی فیشەکەکەی لە دەستی مامم وەرگرت و فڕێیدایە ناو سەتڵی خۆڵەکە.

دوای ئەوەی باوکتان شەهید بوو، هێشتا ئێوە (قاصر) بوون بەپێی یاسای عیراقی... چیتان کرد و چۆن ژیانتان بەسەربرد و کەوتنە کوێ؟
بە ناچاری و بەهۆی بێکەسی و تەمەنەوە، چووینە ماڵی مامم و لەوێ ماینەوە و دەرگای ماڵمان داخست.
ئێمە خوازیار بووین لە ماڵی خۆمان بمێنینەوە هەروەک وەسیەتەکەی باوکم، کە پێی وتبووم دەرگای ئەو ماڵە دانەخەم، کەسیش نەبوو لەگەڵمان بمێنێتەوە، هەرچەندە ئەو ماڵەش دوای شەهیدبوونی باوکم لەبەرچاومان کەوتبوو، بەڵام ماڵی ماممیان بۆ هەڵبژاردین تیایا بژین، مامیشم ناچار بوو وەرمانبگرێ، ئەوەش کارێکی ئاسان نەبوو بۆ ئێمە، لە ماڵی خۆمان هەڵکەندراین و بووین بە میوان لە ماڵی مامم.
رۆژێکیان قەدەغەی هاتوچۆ (مەنعی تەجەول) بوو لە سلێمانی، پیاوانی رژێم چووبوونە سەر ماڵەکەمان وەک ماڵی پێشمەرگەکانی تر، تا بە شۆفڵ بیڕووخێنن، لەو کاتەدا ئێمە لە ماڵی مامم دەژیان، دراوسێکان زۆر پاڕابوونەوە کە نەیڕووخێنن، هەرچەندە دەستڕێژیان کردبوو و کەلوپەلەکانیان بە فیشەک هاڕیبوو، بەڵام وازیانهێنابوو. ئەو رۆژە هەر زۆر کەسی بێتاوان و سەربازی هەڵهاتوو گیران، بیستمان هەر لە تووی مەلیک دەیان ماڵیان بە شۆفڵ وێران کردبوو.

لە ماڵی مامت ژیانتان چۆن دەگوزەراند؟
من و پەیمانی خوشکم، وەک باڵندەیەکی بێلانە وابووین، هیچ شوێنێکمان بە شوێنی خۆمان نەدەزانی، لەگەڵ ژیاندا لە ململانێدا بووین، هەر کات خەفەتەکان کەڵەکەبوایە بەسەرمانەوە، دەچووین سەردانی خانووەکەمان دەکرد، کەمێک دادەنیشتین و یادگارییەکانمان باس دەکرد و بەسەریا دەچووینەوە.
کەسوکار داوایان لێ کردین ماڵەکەمان بخەینە قاسرین، کاتێ وەڵامی قاسرین هاتەوە، بەشێوەیەکی تر بوو، دەست بەسەر ماڵەکەماندا گیرا. بەبیانووی ئەوەی ئەو ماڵە ماڵی موخەربینەکانە، کەوتە بەردەستیان و لە دەست ئێمە دەرچوو. خۆشمان هەر چەند مانگێک لە ماڵێک دەماینەوە؛ ماڵی مام و پورەکانم. بۆ هاوکاریی مادی، پێویستمان بە کەس نەبوو، باوکم ئەوەندەی بۆ جێهێشتبووین بتوانین پێی بژین.
دوای هەشت مانگ، بۆ گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵمان، پێویستمان بە پارێزەرێکی لێهاتوو بوو هاوکاریمان بکات، ئەوەبوو وەک فریشتە پارێزەر (عوسمان قادر نەمەڵی) هاوکارمان بوو. پاش ئەوەی سەرگوزشتەی خۆمانم بۆ گێڕایەوە، تەمەنی ئێمە و پۆشاکە رەشەکەی بەرمان و بەسەرهاتەکانمان، زۆر کاریگەریی لەسەر هەبوو. وتی: "هەندێ ئامۆژگاریت دەکەم جێبەجێیان بکە. تۆ تازە بوویت بە (18) ساڵ، دەبێت ببیتە سەرپەرشتیاری خوشکەکەت، هەروەها پێویستە کارێک فێرببی تا خاتووەکە بەناوی کارەکەوە وەربگرینەوە". من و پەیمان چووین خولێکمان بینی هیی بەرگدووری و ئارایشتگا، بڕوانامەمان بەدەستهێنا، بەپێی رێنماییەکانی کاک عوسمان و دڵسۆزیی بۆمان و دوای کارێکی زۆری فەرمانگەکانی دەوڵەت، توانیمان نووسراوی رەزامەندی وەربگرین و خانووەکەمانیان بۆ گەڕاندینەوە. بە فەرمانێکی فەرمانگەی قاسرینی سلێمانی، لیژنەیەکیان دروست کرد بۆ هەڕاجکردنی کەلوپەلی ناو ماڵەکە. بەهۆی ئەوەی فەرمانبەرەکان کەسانی باش بوون، توانیمان هەندێ لە کەلوپەلی ماڵەکەمان و شتە بەنرخەکان بخەینە ماڵە دراوسێ، تا ئەوەی لیژنەی حکومەت و فەرمانبەرەکانی تر نەیانبینن. لە رۆژی هەڕاجکردنەکە، ئێمەش ئامادە بووین، ئەو دیمەنە زۆر ئازاربەخش بوو، لەبەرچاوی خۆمان یادگارییەکانمانیان هەڕاج دەکرد و دەیانبرد. دوای شەهیدەکانمان، یادگارییەکانیشیان لەبەرچاو لابردین. دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، خانووەکەیان بۆ گەڕاندینەوە و بە کرێمان دا و کرێکەی بوو بە سەرچاوەیەک بۆ بژێویمان، هەروەها هەندێ لە پارەی قاسرینیان بۆ گەڕاندینەوە پاش ئەوەی بەشی دوو براکەم (کاوە و ئەردەڵان)یشیان لێ گل دایەوە. خۆ ئەگەر کاک عوسمان نەبوایە؛ ئەوا ئەوەشمان دەست نەدەکەوتەوە. هەرگیز بیریشم ناچێ کە ئەم هەموو کارەی بێ بەرانبەر بۆ کردین، وتی: "کەمترین شتە بتوانم بۆ ئێوەی بکەم".

دوای ئەوەی باوکت پرسەی بۆ شەهید کاوە و شەهید ئەردەڵان دانا، ئیتر ئێوە دڵنیا بوونەوە کە ئەو دووانە لەسێدارەدراون، یاخود هەر چاوەڕێبوون رۆژێک لە رۆژان بەدیداریان شادبنەوە؟
بەهۆی وەرنەگرتنەوەی تەرمی شەهیدەکانمان (کاوە و ئەردەڵان)، هێشتا باوەڕمان نەدەکرد کە نەمابن و لە گەڕان و هەوڵدان وازمان نەدەهێنا، ئەوەبوو لە ساڵی 1988 ئەوسا شووم کردبوو و سکم هەبوو، وتیان عەلی حەسەن مەجید دێتە سلێمانی، منیش سێ نامەم بە هەمان ناوەڕۆک نووسی کە تیایاندا دەمویست چارەنووسی براکانم بزانم. هەرچۆنێک بوو بە شەڕەشەق خۆم گەیاندە لای، دوای هەندێ کۆسپ و تەگەرە، یەکێ لە پاسەوانە تایبەتەکانی نامەکەی لێ وەرگرتم و دیاربوو پیاوێکی خراپ نەبوو، نامەکەی گەیاندبووە دەستی، دیسانەوە وەڵامی لەسێدارەدانیان پێ راگەیاندین.

سەبارەت بە کاری سیاسیی خۆت چی؟ چۆن بڕیارت دا لەناو حزبی سۆسیالیستی کوردستاندا کار بکەیت؟
وەک لە پێشەوە باسم کرد، لە ماڵێکدا ژیاوم، ژینگەی ماڵەکە و بیروبۆچوونەکان، منیان لەسەر خۆشەویستی وڵات و خاک بنیات نابوو. دوای شەهیدبوونی براکانم، بەردەوام بیرم لەوە دەکردەوە دەبێ رێبازی ئەوان بەر نەدەم و منیش بچمە ناو چالاکییەکانەوە، هەروەها لە پرسەی براکانمدا سەرجەم رێکخستنەکانی ناوشار هاتوچۆیان دەکردین و پەیوەندییەکی نزیکم لەگەڵیاندا پەیدا کردبوو، نامە و پێشنیازم لە ڕێگەی سەعادەت خان و دایە حەلاوەوە دەناردە شاخ. شەش مانگێک لەژێر چاودێریی پاڵاوتندا بووم و لە 7ی حوزەیرانی 1983 شەرەفی ئەندامێتیی حزبەکەم (سۆسیالیست)م پێ بەخشرا، وام لێ هات متمانەم بەخۆم زیاد کرد. لەو کاتانەدا زۆربەی  کۆبوونەوەکانمان لە ماڵی دایە گوڵە بوو کە لە کارگەی جگەرە کاری دەکرد و ماڵیان لە گەڕەکی شەهیدان بوو، لەو هاوڕێیانەی کە لەگەڵمان بوون و ناوەکانیانم ئێستا لەبیرە: بەیان (کچە شەهید بوو)، جوان غەنی، گەلاوێژ، مەهاباد، رووناک، نەرمین، هێرۆ، پەیمان، نەجیبە خانی خوشکم، یادگاری خوشکی شەهید جەمالی حەلاو و هەندێک هاوڕێی تر کە بەداخەوە ناوەکانیانم لەبیر نەماوە. زۆریش ئاشکرا نەبووین بەیەکتری، بەهۆی خۆپارێزیی ئەو کاتە و ترس لە رژێم، هەوڵ دەدرا کەمتر یەکتر بناسین.
کارەکانمان بریتی بوو لە: بڵاوکردنەوەی پۆستەر و بەیاننامە، نووسینی سەر دیوارەکان، گەیاندن و کۆکردنەوەی کۆمەکی دەرمان و کەلوپەل، وشیارکردنەوەی خەڵک بە شۆڕش. ئەو دروشمانەی لەسەر دیوارەکان دەماننووسین، پەیامەکانی پێشمەرگە بوون وەک: بڕووخێ رژێمی فاشیی بەغدا، کەم ژیان و کەڵ ژیان دروشمە بۆ شەهیدان، کوردستان یان نەمان... هتد. زۆر جار رژێم دەکەوتە سڕینەوەیان، بەڵام هێشتاش ئاسەواری هەندێ لەو نووسینانە لەسەر دیواری کوچە و کۆڵانەکان ماون.

ئەو شێوەیە لە ژیانی خێزانیتان، کاریگەریی چی لەسەر خوێندنت؟
بەهۆی ئەوەی لە بنەماڵەیەکی خاوەن شەهید بووم، لە خوێندنگە بەردەوام چاوی سیخوڕەکانم لەسەر بوو، ئەمە وای لێ کردم ماوەیەکی کاتیی واز لە خوێندن بهێنم، بەڵام بە هاوکاریی مامۆستاکانم توانیم بگەڕێمەوە بەر خوێندن.

تۆ وتت کە یەکێک لە چالاکییەکانتان بریتی بووە لە پۆستەر هەڵواسین بە دیوارەکانەوە، ئایا ئەمە کێشە و گرفتی لە ماڵەوە بۆ دروست نەدەکردی؟
جارێکیان هەندێ پۆستەرم پێ گەیشتبوو، دەبوو لە کۆڵانی بەرانبەر مزگەوتی سەڵاحەین بڵاوم بکردنایەتەوە. باوکم هاوکاریی کردم و بە دیواری مزگەوتەکەدا هەڵمانواسین، چەند دانەیەک مابوو دەبوایە بەیانی هەڵیبواسم، چونکە رۆژی 1ی ئایار بوو، سەربازەکانی رژێم بە پیک ئاب لە کۆڵانەکان و شەقامەکان دەسووڕانەوە و پۆستەرەکانیان لێ دەکردەوە، پاش کەمێک لە دەرگای ماڵی ئێمەیان دا وتیان: "موخەریب لە گەڕەکەکەتانە ئاگاتان لێ بێ پۆستەر هەڵدەواسن". باوکم زانی ئەوە کاری منە، وتی: "کچم کارەکانت تەواو کرد، مەردی خوا بە چیتر چالاکیی لەم گەڕەکە مەکە، ئەگەر ئازایت بڕۆ بۆ شوێنێکی تر، لێرە دوور بکەوە، بەسە ئەوەی پێویست بوو کردت"، لە ئامێزی گرتم و سەری ماچ کردم، کە ئەمە پیشەی بوو، هەر جارێ دڵی بە کارێکمان خۆشبوایە.

لەو ساڵانەدا لە سلێمانی چەند خۆپیشاندانێک روویاندا، تۆ لە هیچیاندا بەشداریت کرد؟
لە تشرینی دووەمی 1982 براکانم زیندانیی کرابوون و دوو براشم شەهید بووبوون، ئەو رۆژە دەنگۆ بڵاوبووەوە کە رژێم پۆلێک لاوی کوردی خەڵکی هەولێر و سلێمانیی لە موسڵ لەسێدارە داوە. ئەم رووداوە، دڵی هەموو تاکێکی هەژاندبوو، هەر کەس کوڕی لە زیندان بوایە دەستی لەسەر دڵی بوو نەوەک کوڕی ئەوان بێ. ئەو رۆژە دەوامم ئێواران بوو، نیوەڕۆکەی کە چوومەوە بۆ خوێندنگە، بە هاوڕێکانم (نەرمین، شادیە حەیدەر، بەیان جەلال، ژیان نامق، نەهاوەند خان، کوێستان) وت دەبێ هەوڵ بدەین خۆپیشاندانێک بە سروودی ئەی رەقیب بکەین. کاتێک زەنگی پشوو لێی دا، چووینە حەوشە کۆبووینەوە و کەوتینە وتنی سروودی ئەی رەقیب و ئەوەندەی نەبرد هەر 12 پۆلەکە کە هەر پۆلەی (30 – 35) خوێندکار دەبووین، لەگەڵ مامۆستاکانیش لە حەوشە کۆبووینەوە، دەنگی سروودی ئەی رەقیب دنیای دەلەرزاند، هەرچەند مامۆستاکان هەوڵیان دەدا ئاگامان لە خۆمان بێ، بەڵام تەوژمەکە تا دەهات زۆر دەبوو، بەسەر شەقامی تووی مەلیک تا خوارەوە بە هوتاف و سروود وتن دەڕۆیشتین، هەست و سۆزی خەڵکی شار هەموو جووڵا، لای مزگەوتی بۆسکانییەکان رژێم بە تەقە بڵاوەیان پێ کردین، هەموو رێکخستن و پارتەکان بەشداربوون. چەندین جار لەو جۆرە خۆپیشاندانانە دروست دەبوو، بەتایبەتی لە ساڵی 1983. زۆربەی جار سیخوڕ و پیاوانی رژێم بە جلی مەدەنییەوە دەکەوتنە نێوانمان بە کێبڵ و دار لێیان دەداین.
جارێکی تریش هەر لە ساڵی 1983، نۆجەژنی مەحمودی برام بوو، چووینە گۆڕستانی گردی سەیوان، ئەو رۆژە گۆڕستان پڕ بوو لە کەسوکاری شەهید و زۆربەمان وێنەی شەهیدەکانمان وەک ملوانکە لە ملدا بوو، هەشبوو وێنەی گەورەمان هەڵگرتبوو، لەوێ دایکێکی لێبوو تازە دوو رۆژ بوو کوڕەکەی شەهید بووبوو، زۆر دڵگەرم بوو، هەموومان گڕمان لێ دەبووەوە و ئەوەندەی تر رقمان لە دوژمن هەستابوو، ئیتر خۆڕسکانە و بەهۆی رێکخستنیش، لە گردی سەیوانەوە بەرەو شەقامی سابوونکەران رۆیشتین و بەیەک دەنگ هاوارمان دەکرد بڕووخێ بەعسی فاشی. لەناکاو هێزەکانی رژێم پەلاماریان داین و وێنەکانیان دەشکاند، باشبوو توانیمان لە دەستیان رزگارمان ببێ.

باوکت دەیزانی کە لە رێکخستنەکاندا کار دەکەیت؟
ناوی نهێنیم لە رێکخستندا، زێبار بوو، هەر لە سەرکردایەتیی حزبی سۆسیالیستەوە ئەو ناوەیان لێ نابووم. جارێکیان نامەیەکی نهێنیم بۆ هاتبوو لە رێکخستنەوە، بە رێکەوت دابوویانە دەست باوکم، چونکە لە ماڵ نەبووم، ئەوسا جگە لە خوێندن، لە تیپی وەرزشیش بووین. کاتێ گەڕامەوە، میوانمان هەبوو، باوکم بەدوامدا هات بۆ ژوورەکەم، وتی: "پرسیارێکت لێ دەکەم بە راستی وەڵامم بدەرەوە، راستیم پێ بڵێ هاوکارت دەبم، درۆم لەگەڵ بکەی ئازارت دەدەم". منیش پێم وت: "بەڵێنت دەدەمێ راستیت پێ بڵێم". هیچم لە خۆمدا شک نەدەبرد و ئەو هەڵوێستەی باوکم بەلامەوە سەیر بوو. وتی: "بەڵگەم لایە، راستیم پێ بڵێ زێبار کێیە؟" سەرەتا وتم نایناسم. نامەکەی دەستی نیشاندام نووسرابوو "هەڤاڵ زێبار". ئیتر پێم وت کە من لە رێکخستنی سۆسیالیستم و ئەوە ناوی نهێنیی رێکخستنمە و نامەکەشم لەوێوە بۆ هاتووە. باوکم نامەکەی نەکردبووەوە، کە پێم وت، بە زەردەخەنەیەکەوە سەری ماچ کردم و وتی: "کەواتە لێت ناترسم، خوابتپارێزێ، بەس دەبوایە لای منیش نەیدرکێنی". منیش پێم وت: "تۆ باوکمی، بۆ بترسم لێت، مەترسە دڵنیا بە بەرگەی هەموو ئەشکەنجەیەک دەگرم، هەرگیز ناوی کەس ناڵێم".

تا کەی لە کاری رێکخستن بەردەوام بوویت؟
ئەو ماوەیە لە رێکخستنی ناوشار و کار و چالاکییەکان بەردەوام بووم تا ساڵی (1988 – 1989)، ئەو کاتانە کەلێنێکی گەورە کەوتە ناو رێکخستنەکانمان، هەندێ لە برادەرانمان گیران، لەلایەن خاتوو سەعادەت مەجید سوڵتان پێیان راگەیاندین کە شوێن بگۆڕین و کار و چالاکییەکانمان بوەستێنین، لەدواییشدا زانیمان بەرپرسی رێکخستنەکانمان (جەمالی حەمە نوقڵە) گیراوە و لەسێدارە دراوە. دواتریش شاڵاوی بەدناوی ئەنفال دەستی پێ کرد و ئێمە سەرمان لێ شێوا و هەموو پەیوەندییەکانمان پچڕا تا سەرەتای راپەڕینی 1991.

لە کاتی راپەڕینە مەزنەکە، ئەو خەڵکانەی کەسوکاریان لە دەزگا ئەمنییەکان گیرابوون، دەچوون بۆ دۆزینەوەی هەر ئاسەوارێک کە لەوێ جێیان هێشتبێت، تۆ چیت کرد؟ نەچوویتە ئەمنی سلێمانیی تا بزانیت هیچ ئاسەوارێکی شەهید کاوە و شەهید ئەردەڵان هەبێت؟
دوابەدوای راپەڕین، کاتێ هەموو دامودەزگاکانی رژێم کۆنترۆڵ کرابوون، کاتی خۆی لە رێگەی ئەو زیندانیانەی کە ئازاد دەکران، بیستبوومان لەسەر دیواری زیندانی ئەمنی سلێمانی چوارینەیەک لەسەر دیوارێک نووسراوە کە لە کۆتاییدا نووسراوە "نووسینی کاوەی حەمە تاتە"، منیش چووم بۆ ئەوەی ئەو بیرەوەرییە ببینم، کە گەیشتمە ئەوێ، پێشمەرگەکانی بەرەی کوردستانیی لێ بوو، لەوێ نوێنەری حزبی سۆسیالیست (مامۆستا نیهاد)م بینی، زۆر بە گەرمی پێشوازیی لێ کردم وتی: "فەرموو ئەمر بکە، ئێستا رۆژی تۆیە". منیش بۆم باس کرد و کەسێکی لەگەڵ ناردم بە مەشخەڵێکەوە بۆ ژێرزەمینەکە، بەداخەوە، لەبەر رەشی و سووتان، هیچ دیار نەمابوو، دیسانەوە ئەو بیرەوەرییە بچووکەشم وەک هیی زیندانەکانی تر ون بوو و نەما.

لەدوای راپەڕین بە چ شێوەیەک بەردەوام بوویت لە کار و چالاکیی سیاسی و رێکخراوەیی؟
لە دوای راپەڕین و ئازادکردنی ناوچەکان، لەسەر داوای بەڕێز کاک محەمەد حاجی مەحمود، کە ئەوکات بەرپرسی لقی سلێمانی حزبی سۆسیالیست بوو، پێشنیازی بۆ کردم بەشێوەیەکی کاتی رێکخراوی ئافرەتانی سۆسیالیست وەربگرم، منیش لەوێ دەستبەکار بووم.
کەوتمە کارکردن و جموجووڵی زۆرمان هەبوو، بەداخەوە، سەرەتا بەهۆی هەنگاوێکی شکستخواردوو و کارکردن لەناو (پ.د.ک)، کاریگەریی نەرێنیی هەبوو لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی کادیرانمان، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 1993، بە گڕوتینێکی جیاواز لە رابردوو کارمان دەکرد و رۆژ بە رۆژ خەڵکی زیاتر پەیوەندیی پێوە دەکردین. ئەمە بە لای (پ.د.ک) پەسەند نەبوو، ئەوەبوو کەوتنە دژایەتیمان، لە 13ی کانوونی یەکەمی 1993، شەڕێکی نەخوازراو لەنێوانمان دەستی پێ کرد و تا رادەیەک گەیشتە شەڕێ چەکداریی. دوای شەڕەکە، بڕیارمان دا خۆپیشاندانێک بکەین دژی شەڕی براکوژی و مەبەستیش لەوە بوو هەر لایەنێکی سیاسیی دەسەڵاتدار بوو، هەڵنەکوتێتە سەر بارەگاکانی لایەنەکانی تر. هەرچۆنێک بوو مۆڵەتمان لە پارێزگار وەرگرت کە ئەوسا پارێزگاری سلێمانی بەڕێز (جەمال عەبدول) بوو، بڕیاری دا خۆشی لەگەڵماندا بەشدار بێ. بۆ ئەو خۆپیشاندانە و بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک، چەند بروسکەیەکم بە ناوی شەهیدەکانەوە نووسیبوو و داوامان کردبوو بنەماڵەی شەهیدانی سۆسیالیست و سەرجەم رێکخستنەکانی ئامادەبن لەو شوێنەی دیاری کرابوو بۆ رێپێوانەکە. خۆم چووم بۆ بارەگای تەلەفزیۆن و رادیۆکەی سۆسیالیست کە لە زانکۆی سلێمانی لە گەڕەکی ئیسکان بوو، کە رۆیشتم، بینیم ئەو ناوە پڕە لە پێشمەرگە، هەموویان پەڕۆی سەوزیان بەناوچەوانەوە بوو، سەرەتا رێگرییان لێ کردم بچمە ناو بارەگاکە، بەڵام کە مەبەستی سەردانەکەیان زانی، لەگەڵم هاتن بۆ ئەوێ و لەوێ بە دەنگی خۆم بروسکەکەم خوێندەوە. بۆ بەیانی، رێپێوانەکەمان کرد و مامۆستا جەمال عەبدولیش لەگەڵمان بەشدار بوو و تا گۆڕەپانی سەرای سلێمانی رۆیشتین و لەوێ گردبوونەوەکە وەستا، بروسکە و راگەیەندراوەکان خوێندرانەوە، هەر لەوێشەوە بەرەو بارەگای (پ.د.ک) بەڕێ کەوتین بۆ ئەوەی فشار بخەینە سەریان تا برادەرەکانمان ئازاد بکەن ئەوانەی دەستگیریان کردبوون، بەڵام بەداخەوە، بە تەقە وەڵام دراینەوە و بڵاوەیان پێ کردین.


بیستوومە جارێک بریندار بووی لە بارەگای تەلەفزیۆنی سۆسیالیست، ئەوە چۆن بوو و کەی بوو؟
لە ساڵی 1994 مامۆستا عوسمان ئەوسا بەرپرسی راگەیاندن و بەڕێوەبەری تەلەفزیۆن بوو، بانگهێشتی کردم بۆ کۆبوونەوەیەک، ئەوسا ئەندامی رێکخستن و بەشێوەیەکی کاتیش بەرپرسی ئافرەتانی سۆسیالیست بووم، دوای کۆبوونەوەکە چووم بۆ بەشی (FM) بۆ هەواڵپرسینیان، لە بەشی پەخش سێ کارمەندی لێبوو، هەر کە دەرگاکەم کردەوە بۆ هەواڵپرسین، ئەوەندەم زانی دوای دەنگی تەقینەوەیەک، هەرچی کارەبا و ئاسن و گەچی دیوارەکان هەیە کەوتنە خوارەوە و منیش کەوتم و ئاگام لە خۆم نەما، نازانم چەند بێ هۆش بووم، دوایی کە هەستامەوە، بە ئەستەم دەمتوانی بڕۆم، بەرەو دەرەوە رۆیشتم، پۆلیس و ئەفسەرەکانم بینی دەهاتن بۆ ئەوەی بزانن زیانەکان چین، منیان بردە نەخۆشخانە، سەر و قاچم بریندار بووبوو. لە نەخۆشخانەی فێرکاری بووم، گوێم لێبوو رادیۆیەکی ناوخۆ کە نازانم سەر بە کام لایەن بوو، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ناوی منی هێنا و دەیوت ریسوایی بۆ ئەو دەستە چەپەڵ و خائین و خۆفرۆشەی کە بەم کارە هەستاون.
وتی: "(TNT)یان بۆ کێ داناوە! بۆ ئەنفالچییەکان یان ئەوانەی کیمیابارانی هەڵەبجەیان کردووە! یان بۆ خوشکی شەهیدانی بنەماڵەی حەمە تاتە کە خێزانێکن لەپێناو ئازادیدا خۆیان بەخت کردووە و بە تەنیا بەجێماوە!" ئەو بەرنامەیە وایکردبوو دەیان کەسی دڵسۆز هاتبوونە بەردەم نەخۆشخانە بۆ هەواڵپرسین و خوێن بەخشین.

ئەو دڵسۆزییەی خەڵک چ هەستێکی پێ دەبەخشیت؟
راستە من نەهامەتیم زۆر بینیوە، بەڵام دڵسۆزیی خەڵک، هەمیشە بۆ من مایەی ورە بەرزکردنەوە بووە و ئازارەکانمی کەمکردووەتەوە.

لە کۆنگرەی دووی حزبی سۆسیالیست، بوویت بە ئەندامی سەرکردایەتی، ئەمە چۆن بوو؟
بەڵێ، لە کۆنگرەی دوو، کە لە ساڵی 1994 بەسترا، لەگەڵ ئەو بارودۆخەش خۆم کاندید کرد بۆ سەرکردایەتی و (181) دەنگم هێنا، پێش من کاک محەمەد غەفور بوو، ئەو بوو بە سەرکردایەتی و من سەرنەکەوتم، بەڵام دوای چەند گۆڕانکارییەک بوومە سەرکردایەتی و پاش ساڵ و نیوێکیش بووم بە لێپرسراوی رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکانی سۆسیالیست تا ساڵی 1998، بەهۆی ئەو ململانێ و ناکۆکییەی لەناو حزبدا هەبوو، من کوردستانم بەجێهێشت و روومکردە هەندەران.
بۆم دەرکەوتبوو کە ژنان بەداخەوە لە هەر شوێنێک بن، زۆر یا کەم، تەنیا بۆ شێوە و رووخسارە و کەمتر لە روانگەی دیموکراتیبوونەوەیە.
لە کاتی چوونم بۆ سوید، پرسم بە کاکە حەمە کردبوو و رازی بوو. کاتێ لە سویدیش لە شاری یۆتۆبۆری گیرسامەوە، بیستم کۆمەڵەیەکی کوردیی هەیە، خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ کۆنگرە، سێ مانگ پێشوەخت بووم بە ئەندام، ئەو کۆمەڵەیە (300) خێزانی لە خۆی کۆکردبووەوە و لەوێش خۆم کاندید کرد و یەکەم دەنگم هێنا، پاش خۆناساندن، بووم بە بەرپرسی کۆمەڵەی ئاشتیی کورد لە یۆتۆبۆری. ئەم بەرپرسیارێتییە بۆ ماوەی یەک ساڵ بوو. هەرچەندە لەوێش لەو جۆرە ململانێ حزبییە هەبوو لەنێوان حزبەکان، چونکە هەموو لایەنەکانی تیا بوو.

کە لە هەندەران بوویت هەر لەو کۆمەڵەیەدا کارت کردووە؟
ماوەی دوو ساڵیش ئەندام بووم لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و کارم تێدا کردووە.

کەی گەڕایتەوە بۆ کوردستان؟
لە ساڵی 2004 دوای رووخانی رژێمی سەدام گەڕامەوە بۆ کوردستان، لە 14ی ئابی 2004 بەشداریم کرد لە کۆنگرەیەکی گەورە لە شاری بەغدا، لەو کۆنگرەیەدا لە هەر شارێکی عیراق (100) ئەندام بەشدار بوون، منیش وەک ئەندامی حزبی سۆسیالیست بەشدار بووم.

کەی بوویت بە ئەندامی ئەنجومەی نوێنەرانی عیراق؟
لە ساڵی 2006 لەسەر لیستی (هاوپەیمانی کوردستانی) بەشدار بووم، لە ریزبەندی ژمارە (13) بووم و (15) ئەندام بەر شاری سلێمانی کەوتبوو، من یەکێک بووم لەوانەی هەڵبژێردرام و بووم بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تا ساڵی 2010.
لەناو ئەنجومەنی نوێنەران، لە دابەشکردنی لیژنەکان، لیژنەی وەرزش و لاوانم بەرکەوت، چونکە ئەوەش بە رێککەوتن بوو، بە ئارەزووی خۆم نەبوو، خۆم ئارەزووم بوو لە لیژنەی مافی مرۆڤ بم.

دەمەوێت بە کورتی باسێکی ئەوسای کاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بکەیت...
لیستەکەمان ناوی لیستی هاوپەیمانی بوو، بەڕاستیش هاوپەیمان بووین و یەکدەنگ بووین لە زۆربەی پرسە نەتەوایەتییەکانی کورد و ئەوانەی پەیوەندی بە هەرێمەوە هەبوو، وەک: بودجە، کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان، نەوت و گاز، پێشمەرگە... داکۆکی سەختمان دەکرد بەیەکەوە.
ئەوسا کورد لە بەغدا زۆر بەهێز بوو، یەکلاکەرەوە بوو تەنانەت بۆ کێشەکانی نێوان لایەنە عەرەبییەکان و پێکهاتەکانی تریش.

ئەو هەستەم بۆ باس بکە کە لە دادگاییکردنی عەلی حەسەن مەجید لە بەغدا ئامادەبوویت و گوێت لە بڕیاری لەسێدارەدانی بوو؟
جارێ بە بینینی عەلی حەسەن مەجید بەو زەلیلییە و بە دشداشەیەکی چڵکن و بە گۆچانێکەوە و دەستی لەرزۆکی کە بە ئاستەم دەیتوانی رێ بکات، هەموو گیانم کەوتە لەرزین راچڵەکیم، چونکە بێبەزەیی و دڕندەیی ئەو بووە هۆی لەناوبردنی چەندین خێزانی وەک ئێمە. پیاوێکی هەڵەبجەیی لامەوە بوو کاتێ بینیم فرمێسکەکانی دەسڕی، پێم وت: "خوا ئەو خوایەیە من و تۆ ئەو زاڵمە بە زەلیلی دەبینین، هەر ئەوە خۆی سزادانێکە." چەند خۆشە دوژمنی خۆت بە زەلیلی ببینی. رسواییەکەی، دڵخۆشی کردم، ئەگەرچی ئەو کۆتاییەی دیکتاتۆر و بکوژی ئازیزەکانمان، هێشتا برینەکانمانی ساڕێژ نەکردووە.

تا ئێستاش لەناو حزبی سۆسیالیست کار دەکەیت؟
نەخێر، من ئێستا لەناو حزبی سۆسیالیست کار ناکەم، دوای (28) ساڵ لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان، ماڵئاواییم لە سۆسیالیست کرد، بەهۆی هەندێ کێشەی ناو حزب و دەستتێوەردان لە ئیشوکارەکانمان، هەروەها وەک زۆربەی حزبە کوردستانییەکان، بەهۆی کێشە و جێ پێ لەقکردن و بوارنەدان بە ئازادیی بیرکردنەوە و وەرگرتنی هەڵوێست، بیرمکردەوە ئیتر ئەوە جێگەی من نییە، هەرچەندە هێشتا پەیوەنديی کۆمەڵایەتیم لەگەڵ زۆربەیان ماوە وەک هاوڕێ و برا واین و رێزم هەیە بۆ زۆریان، بەڵام وەک کاری حزبایەتی، وازم هێناوە. قەرزاری دڵسۆزیی هەندێکیانم و منیش ئەوەی بۆم کرابێ کەمتەرخەمیم نەکردووە لە کارەکان و راسپاردەکان و چالاکییەکان بۆ بەهێزکردنی حزبەکەم. هەروەها هاوسەرەکەم (محەمەد دۆڵاشی) هێشتا کاریان لەگەڵدا دەکات. خۆم زیاتر سەرقاڵی پەروەردەکردنی منداڵەکانم بووم، ئێستا ئەوانیش گەورە بوون و لە خەم رەخساون.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز نەرمین عوسمان، لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.