کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: مه‌ترسيى هێرشەکەی سەر هەولێر بەجدی وەربگرن

مەودا میدیا - سلێمانی |


نێچیرڤان بارزانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: مه‌ترسيى هێرشەکەی سەر هەولێر بەجدی وەربگرن
مەودا میدیا-

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات  و ئەوەش لەو پەیامەدا هاتووە سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانييه‌كان‌ داکات و هیوای زووچاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازێت.


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین مه‌ترسيى ئەو هێرشە زۆر بە جدی وەربگرن و كار بكەن بۆ رێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان".

ئاماژەی بەوەش کردووە "نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى و هەبوونی هه‌ندێك هێز و گرووپى چه‌كدارى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى فيدراڵ، بوونه‌ته هۆى ئاڵۆزيى ناوچه‌كه و وایكردووە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان هه‌بێت".


دەقی راگەیەندراوەکە:

هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردوو كە بە مووشەك كرایە سەر هەولێر و بووه‌ هۆى گيانله‌ده‌ستدانى كەسێك و برينداربوونى نۆ كه‌سى دى كە ژماره‌يه‌كيان ئەمه‌ریكین، بە توندی سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین. سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانييه‌كه‌ دەكەین و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین مه‌ترسيى ئەو هێرشە زۆر بە جددی وەربگرن و كار بكەن بۆ ڕێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هاندانى حكوومەتی عێراقه‌وه‌ بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و بەتایبەتی مادەی 140.

داوا لە بەڕێز سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و فەرماندەیيی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەكەم، بە خێرایی ميكانيزمى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كارا بكه‌نه‌وه‌ و هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و دەزگا و هێزە عێراقييه‌كان بە بەشداريی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگ بن.

نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى و هەبوونی هه‌ندێك هێز و گرووپى چه‌كدارى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى فيدراڵ، بوونه‌ته هۆى ئاڵۆزيى ناوچه‌كه و وایكردووە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان هه‌بێت. بۆيه‌ داوا له‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق ده‌كه‌م به‌په‌له‌ ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى لێكۆڵينه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زووترين كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزاى ياسايى بگه‌يه‌نرێن.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

2021/2/16
Qaiwan
Qaiwan