کوردستانی

پارتی داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکات لە هێرشەکەی هەولێر

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارتی داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکات لە هێرشەکەی هەولێر
مەودا میدیا-

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر شاری هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وێرای ئیدانەکردنی ئەو كردەوە تیرۆرستییە قێزەونە، داوا  لە حكومەتی فیدراڵی عیراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دەكەن لێکۆڵینەوە بەپەلە بکەن.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە  "گروپێكی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شەعبی و بە ئیمكانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە، کاتژمێر 9:30 خولەکی شەوی رابردوو، رێكەوتی 15 لەسەر 16ی شوباتی 2021، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی پایتەختی هەرێمی كوردستان، ترسنۆكانە چەند مووشەكێكیان ئاراستەی ناوشاری هەولێر كرد، كە بووە هۆی زیانی مرۆیی و مادی و نیگەرانکردنی دانیشتووانی سڤیلی هەولێری هۆلاكۆ بەزێن".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وێرای ئیدانەکردنی ئەو كردەوە تیرۆرستییە قێزەونە، داوا  لە حكومەتی فیدراڵی عیراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دەكەین، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەم كردەوە دوژمنكارانە بەپەلە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت، بەداخەوە ئەم كردەوانە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنەوە و لە ئاكامی بەسزا نەگەیاندنیان، تاقمە تێکدەرەکان جورئەتی ئەوە پەیدا دەكەن لەسەر كارە تیرۆریستیەكانیان بەردەوام بن".

وتەبێژی پارتی باسی لەوەشکردووە "شاراوەنییە و بەڕوونی دەزانین کە عەقلیەتی ئەم جۆرە تاقمە فاشیست و دوور لە هزری سەردەمیانە، چاویان بە پێشكەوتن و ئارامی و خۆش ژیانی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان هەڵنایە و، پێیان قبوڵ ناكرێ‌ پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی لە كوردستان هەبێت و بەدەست لەپشت دراوی وەكو ئەڵقە لە گوێ‌ ئەوەی پێیان دەوترێ‌ جێبەجێی دەكەن!".

ئەوەشخراوەتەڕوو "هەموولایەك ئاگاداردەكەینەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی، ئاكامی باشی نابێت و عیراق چەندە ناسەقامگیر و لە هەموو بوارەكاندا تووشی ئاڵۆزی و تەنگەژە بووە، ئەم كردەوە تیرۆریستییانە زیاتر لە ناسەقامگیری و نائارامی دا نوقمی دەكەن".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "سەرەڕای پشتیوانی تەواومان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی دام و دەزگا بەرگری و ئەمنییەكان، رایدەگەیەنین کە تەواوی سەركردایەتی و كادیر و ئەندامانمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پایتەختی هەرێم وەك چۆن لە رابردوو شورەی پۆڵاین بووین لەمەودواش لەسەر هەمان رێباز و باوەڕ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و حكومەت و دانیشتوانەكەی دەكەین".

س.س
Qaiwan
Qaiwan