کوردستانی

ئەنجومەنی دادوەری: هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینان نەدراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەنجومەنی دادوەری: هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینان نەدراوە
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی سزادانی پێنج لە دەستگیرکراوانی بادینان بڵاوکردەوە، ئاماژە بەوەدەکات، هێشتا بڕیاری یەکلاکەرەوە نەدراوە. 

 لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "دوێنێ رێكه‌وتی 16/2/2021 داوای ژماره‌ (47/ج 2 / 2021) كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بینینی كه‌یسی چه‌ند تۆمه‌تبارێك، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی یه‌ده‌گی دادگای تاوانی هه‌ولێر/2 به‌ڕێوه‌چوو، به‌پێی یاساش سه‌رۆكی یه‌ده‌گ له‌ كاتی نه‌بوونی سه‌رۆكی دادگا شوێنی ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ سه‌رۆكی دادگا به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستیه‌وه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرێت و ئه‌و كه‌یسه‌ هه‌ر له‌ دادگای تاوانی هه‌ولێر / 2 به‌ڕێوه‌چووه‌ و ره‌وانه‌ی دادگایه‌كی دیكه‌ نه‌كراوه‌".
 
ئاماژە بەوەشکراوە "هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و شه‌فاف و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتارانی به‌ڕیز و نوێنه‌ری كۆنسولی وڵاتان و پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چووه‌ و پرۆسه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دادگه‌ری بووه‌".
 
ئەوەش خراوەتەڕوو "ئه‌وه‌ی جێی سه‌یره‌ له‌ دوێنێوه‌ هه‌ندێ داموده‌زگای فه‌رمی و یاسایی ولایه‌نی سیاسی لێدوانی جیاجیایان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دادگاییكردن و بڕیاره‌كه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، چونكه‌ دادگا نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش بڕوای به‌ بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌یه‌ و نه‌ده‌بوو ئه‌و لایه‌نه‌ فه‌رمیانه‌ پێشێلی بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بكه‌ن".
 
 باس لەوەشکراوە "رێكاری یاساییش هه‌یه‌ بۆ تانه‌ لێدان له‌و بڕیاره‌و بێگومان پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ تانه‌ پێشكه‌ش به‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئیتر پێویست به‌و هه‌موو لێدوان و ده‌ستێوه‌ردانه‌ له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری نه‌ده‌كرد".
 
لە کۆتایدا ئەنجومەنی دادوەری هەرێم رایگەیاندووە "هیوادارین ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ نه‌درێن تاوه‌كو بڕیاری كۆتایی له‌لایه‌ن دادگای تایبه‌تمه‌ند كه‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ ده‌رده‌چێت و دادگای پێداچونه‌وه‌ش بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌دات به‌ پێی یاسا".

س.س
Qaiwan
Qaiwan