کوردستانی
نێچیرڤان بارزانی هەڵوێستێکی جیاوازی لەبارەی دادگاییکردنی چالاکوانەکان راگەیاند
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند دەبێت یاسا سەروەربێت و کەس بۆی نییە دەست لە کاروباری دادگا وەربدات و جەختیش دەکاتەوە کە بڕیاری سزادانی چالاکوانان نەگەیشتووەتە کۆتایی و دەکرێت لە دادگای پێداچوونەوە تانە لە بڕیارەکەی دادگا بدرێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو "بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک نيگهرانى دروست کردووە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە، بەپێی یاسا، مافى سزادراوانه تانە لە بڕیارهكە بدهن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایيی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسهكهدا بچێتەوە تا هەمووان هەست بکەن وەک یەک مافيان پارێزراوە".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "لای خۆمانەوە چاودێريی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیيی بڕیاری دادگا و لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە، دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە".
ئاماژە بەوەش کراوە "گەلی كوردستان ههرگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات، ڕێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکار بهێنرێت، پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بريتييه له سەروەريی یاسا و سەربەخۆیيی دادگا، سەربەخۆیيی دادگاش لە چۆنیەتيی کاری دادگا و دادوەرانەوە دەبینرێت، دادگا و دادوەرانى بهڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییى خۆيان لەپێناو سهروهريى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت".
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "داوا لە ههموو لایەك دەکەم لەگەڵ ماف و ئازاديیان لە ڕەخنەگرتن و له دروستکردنی فشاری مەدەنیانە بەرانبەر هەر بڕیارێک، كارێكى وا نهكهن بێمتمانەیی بە دادگا و یاسا و هەرچی دامودەزگایە دروست بکرێت، چونکە بێمتمانەیی بە سهروهريى یاسا، وا دهكات ئیتر کەس لە سەر و ژیان و کەرامەت و ماڵ و سامان و داهاتووی خۆى، دڵنيا نهبێت، با ڕەخنە و کارەکانمان بۆ باشترکردن و سەروەرکردنی یاسا بێت، بۆ ڕووخاندنی متمانەی خەڵک نەبێت بە یاسا و دادگا و دامەزراوە فەرمییەکان".
ئەمە لەکاتێکدایە کە سزادانی پێنج چالاکوانی دەستگیرکراوی بادینان لەلایەن دادگایەکی هەولێرەوە نیگەرانی هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە و زۆرێک لە رەخنەگران باس لەوە دەکەن کە بڕیارەکە سیاسییە و دادگا نەیتوانیوە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا بکات.
ب.م