کوردستانی
ئەنجومەنی وەزیران پرسی بودجەی تاوتوێکرد
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی شوباتی 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی, سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی, جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆكی شاندی دانوستاندكار، دوا پێشھات و رێڕەوی گفتوگۆكان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پرسی بودجە و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021، خستەڕوو، جەختی لەوەش كردەوە كە بەردەوامن لە دانوستاندنەكان و ئێستا ئامادەییەکی باشتر ھەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە.
ئینجا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و دارا رەشید، وەزیری پلاندانان تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 و ئاماژەیان بەوە کرد کە زۆربەی داتاکانی وەزارەتەکان ئامادە کراوە بۆ ئەوەی بودجەیەکی شەفاف و واقیعی ئامادە بکرێت.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان، رەشنووسی پرۆژە پەیڕەوی هاوبەشیکردنی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو . دوای گفتوکۆ و ڕاگۆڕینەوە، پەیڕەوەکە پەسەند کرا.
بڕگەی دیکەی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە پەسەندکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان کە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا خرایەڕوو.
لە دوا تەوەری کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، راپۆرتێکی سەبارەت بە ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا و پلانی وەزارەتەکەی دەربارەی رێکارە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە خستەڕوو.
دواتر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، دڵنیایی دا لەسەر بەردەوامبوونی خوێندن بە مەرجی ڕەچاوکردنی رێکارە تەندروستییەکان لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و ژیانی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن.
ئەنجومەنی وەزیران ، سەرەڕای سوپاسکردنی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە، لە هەمانکاتدا وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتی راسپارد کە رێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان لە بەرچاو بگرن، داواشی لە هاوڵاتییان کرد کە هاوکاری جێبەجێکردنی پلان و رێکارەکانی حکومەتی هەرێم بن بۆ بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە گۆڕاوەی کۆرۆنا.
س.س
س.س