کوردستانی

دوو برا بە دەستڕێژی گوللـە کوژران

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوو برا بە دەستڕێژی گوللـە کوژران
مەودا میدیا-

رۆژی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە پیرانشار ئوتۆمبێلی هاوڵاتییەکی کوردیان دایە بەر دەستڕێژ و دوو برایان کوشت و  تەرمەکانیشیان رادەستی بنەماڵەی کوژراوەکان نەکردووەتەوە.

بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر 2:00ی دوانیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە 24ی شوباتی 2021 هێزە ئەمنییەکانی پێكهاتوو لە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و قەرارگای هەمزەی سوپای پاسدارانی ئورمیە، لە رێگەی نێوان گوندەکانی شیناوێ بۆ زەیدان، ئۆتۆمبێلێکی جۆری وانێت پەیکانیان دایە بەر دەستڕێژ، لە ئەنجامدا دوو برای سەرنشینی ئەو ئۆتۆمبێلە بە ناوەکانی "عەبدوڵلا نادری و عوسمان نادری" کوژراون.

بە وتەی شایەتحاڵێکی رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان بە سێ ئوتۆمبێلی هایلۆکس لە ئورمیەوە هاتبوون و بەر لەوەی وانێت پەیکانەکە راوەستێ داویانەتە بەر دەستڕێژ و دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.

هیزە ئەمنییەکان تەرمەکانی ئەو دوو برایەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان تا ئێستا تەرمەکانیان رادەست نەکردوونەتەوە، شەوی رابردووش دەیان کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی نادری لە پێش ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کۆبوونەوە و باوک و دایک و چەند خزمی تری کوژراوەکان بۆ چەند کاتژمێر دەستبەسەرکران.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رۆژی رابردوو بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوێک پووچەڵ کردنەوەی پلانێکی "تیرۆریستی" لە پیرانشار و کوژرانی دوو کەسی راگەیاند، تیرۆریست ناوبردنی ئەو دوو کەسە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کاتێکدایە کە ئەوان هاوڵاتیی مەدەنی و دانیشتووی شاری پیرانشار بوون.

س.س
Qaiwan
Qaiwan