کوردستانی

مەرزی سەيران بەن بە فەرمی ناسێندرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەرزی سەيران بەن بە فەرمی ناسێندرا
مەودا میدیا-

وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێمی کوردستان  بە سەرۆكایەتیی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد و رێكارەكانی بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەنی دەستپێكرد. 

ئەمڕۆ 2021/2/28 لیوا چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوڕێ لەگەڵ ئاغای مەهدی شوشتری، سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران و ئازاد محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و لەیلا عەلی، جێگری پارێزگاری سلێمانی و عەمید كاكەبرا، فەرماندەی لیوای پاسەوانی سنوری پارێزگای سلێمانی و لێپرسراوانی ئیدارەی قەزای پێنجوێن، سەردانی مەرزی سەیران بەنی كرد.

سەرەتا شاندی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەهمن مرادنیا، پارێزگاری سنە و رۆستەم پور، قایمقامی قەزای بانە و لێپرسراوانی ئیداریی مەرزەكە، بەشەكانی مەرزی سەیران بەنیان لەهەردوو دیوی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەسەركردەوە.
دواتر وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی هەنگاوەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن و گەیشتن بەلێكتێگەیشتنێكی هاوبەش، سەردانی قەزای بانەیان كرد.

لەكۆبوونەوەیەكدا پارێزگاری سنە بە گرنگییەوە لە سەردانی وەفدەكەی هەرێمی كوردستانی روانی و رایگەیاند "ئەم سەردانە گرنگە بەلای ئێمەوە چونكە قسە لەسەر بابەتێك دەكەین كە سوودی زۆری بۆ هەردوولا هەیە، پاشان قایمقامی بانە خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند "ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەكین لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا".

لە تەوەرێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا مەهدی شوشتری، سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران وتی "هەرچییەكمان پێ بكرێت هاوكار دەبین بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن".

لە بەرانبەردا لیوا چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند "ئێمە بە نوێنەرایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی ئەم كۆبونەوەیەین"، جەختیشی كردەوە كەوەك هەرێمی كوردستان هەرچی زووە رێكارەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن تەواودەكەین، چونكە بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزەكە سەرباری كورتكردنەوەی رێگەی هاتوچۆی هاوڵاتیان و دەستەبەركردنی هەلی كاری زیاتر بۆ خەڵكی سنوورەكە، دەتوانین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران زیاد بكەین لەپێناوی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوولادا"

لیوا چەتۆ ساڵح ئاماژەی بەوەشكرد "لەئێستادا ساڵانە بەبەهای نزیكەی (230) ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی كاڵاو شتومەك دەكرێت لەم مەرزەدا، بە بەنێودەوڵەتیكردنیشی، چاوەڕوان دەكرێت ئەو بڕە هەڵبكشێت بۆ نزیكەی دوو هێندە".

لەئەنجامی كۆبوونەوەكەشدا لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كۆی كێشە و كەموكورتیەكان و خێرا راپەڕاندنی هەنگاوەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن لەنێوان هه ردوولا ده ست نيشان كرا تاوه كوو له ئایندەیەکی نزیکدا رێکەوتنی کۆتایی واژۆ بکرێت.

س.س
Qaiwan
Qaiwan