کوردستانی

کۆسرەت رەسوڵ: كوردستان و ئەزموونەكەمان گەورەتر و گرنگترە لە هەموو كەس و لایەنێك

مەودا میدیا - سلێمانی |


کۆسرەت رەسوڵ:  كوردستان و ئەزموونەكەمان گەورەتر و گرنگترە لە هەموو كەس و لایەنێك
ووەمەودا میدیا-

كۆسرەت رەسول عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵیادی راپەڕیندا پەیامێکی بڵاوکردەوە.

‎لە پەیامەکەدا هاتووە "بە رۆحی مقاوەمەت و بەرگری، بە گیانی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان وبەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی لەپێناویدا گەلەكەمان راپەڕی و دڕندەترین رژێمی فاشیستی كوردستان بەدەر كرد، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەكەم".

‎ئاماژەی بەوەشکرد "سی ساڵ لەمەوبەر، بە دەستپێشخەری و رابەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەشداری هێزە كوردستانییەكان لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانی، بە پلانێكی تۆكمەی كوردستانیانەو بەشداری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و رێكخستنە نهێنییەكان و شانە چەكدارەكان و جەماوەری خرۆشاو و داخ لە دڵی كوردستان دژی بەعس لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەرینەوە تا كەركوكی سەری كوردستان، پلانی راپەڕینمان داڕشت و بە سەركەوتوویی جێبەجێمان كرد".

‎باسی لەوەشکرد "ئەمڕۆ كە سی ساڵ تێپەڕ دەبێ بەسەر ڕاپەڕین و لەسایەی ئەم راپەڕینە جەماوەرییە خاوەنی كۆمەڵێك دەستكەوتین و پاراستنی ئەم دەستكەوتانە ئەركی لەپێشینەی هەموومانە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ كوردستان بە دۆخێكی نەخوازراو تێپەڕ دەبێ و ململانێ شەخسی و حزبییەكان تەشەنەی سەندووە و كاریگەری خراپی كردووەتە سەر دۆخی كوردستان، خزمەتگوزاریییە سەرەتاییەكانمان وەك پێویست نییەو ئەو دروشمانەی لەپێناویدا خەباتمان كرد لەژێر مەترسیدان، ئەركە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێز و لایەنە سیاسییەكان ململانێ شەخسی و حزبییەكانیان وەلا بنێن و لەپێناو كوردستانێكی ئازادو دیموكراسی، كەتێیدا مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و خۆشگوزەران بۆ هاوڵاتییان دابین بكرێت و نەكرێنە قوربانی ململانێكان".

‎ئەوەش هاتووە "ئەمڕۆ كە هەموومان ئەم یادە پیرۆزە دەكەینەوە، پێویستە بەرامبەر خوێنی شەهیدانمان بەرپرسانە مامەڵە بكەین و خەبات بكەین لەپێناو ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەمان و پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی بە خەبات و قوربانیدانی قارەمانان هاتەدی، ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان بكەم كێشەكان بەگفتوگۆ چارەسەر بكەن و دەبێت خەمی گەورەمان خەمی خەڵك بێت نەك خەمی تر، كوردستان و ئەزموونەكەمان گەورەتر و گرنگترە لە هەموو كەس و لایەنێك".

‎س.س
Qaiwan
Qaiwan