کوردستانی

لەلایەن شارەوانییەوە کۆمپانیاکانی پاکەرەوەی سلێمانی تاوانبار دەکرێن

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەلایەن شارەوانییەوە کۆمپانیاکانی پاکەرەوەی سلێمانی تاوانبار دەکرێن
مەودا میدیا-

سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند ئەو کێشەی دوێنێ لە بارەی پاکردنەوەی شاری سلێمانییەوە روویدا هۆکارەکەی ئەوە بوو ئەو كۆمپانیانە دەستەبەری بانكییان ئامادە نەكردووە.

توانا كەمال، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت "پارەی كۆمپانیاكانی پاكردنەوە ئامادەیە، بەڵام گرفت لە گرێبەستەكانیان هەیە و ئەو كۆمپانیانە خیتاب زەمان (دەستەبەری بانكی)یان ئامادە نەكردووە" و دەشڵێت "هەر رۆژێك ئەو كۆمپانیانە لە كارەكانیان دوابكەون، غەرامەی خۆیان هەیە و دەبێت بە سزا بەسەریانەوە".

سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەبەوەش دەکات "ئامادەكردنی دەستەبەری بانكی لە مەرجەكانی تەندەری پڕۆژەكەدا هاتووە و ئەگەر ئەو كۆمپانیانە ناتوانن پابەندبن بە مەرجەكانەوە، ئەوە نەدەبوو تەندەر پێشكەش بكەن".
 
توانا كەمال روونیشی دەکاتەوە "ئەو كۆمپانیانە لە دوای دەرچوونی تەندەرەوە دەستبەكاربوون، بەڵام ئامادەكردنی گرێبەستەكانیان كە لە وەزارەتی شارەوانی دەكرێت كۆمەڵێك بەدواداچوونی ویستووە و چەند مانگێكی خایاندووە، ئێستا ئەو كۆمپانیانە دەتوانن دەستەبەری بانكی ئامادە بكەن و گرێبەستیان بۆ بكرێت".

ک. ر
Qaiwan
Qaiwan