تەرزە جاف

تەرزە جاف

ژنه‌كان له‌ په‌راوێزی سیاسه‌تی باوكه‌كاندا

''من ته‌واو دڵنیام ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا هه‌موو وڵاتێك ژن سه‌ركردایه‌تی بكات باشبوونێكی به‌رچاو ده‌بینین له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، باری خۆشگوزه‌رانی و ئه‌نجامه‌كانیش''. ئه‌مه‌ ده‌قی قسه‌ی سه‌رۆكی پێشووی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه‌ له‌ پانێڵێك له‌ سه‌نگافوره‌.

هێشتا باس و خواسی به‌شداریپێكردنی ژنان له‌ درووستكردنی بڕیاری سیاسیدا له‌  جیهاندا مشتومڕێكی زۆر ده‌خاته‌ ئاراوه‌ و  چالاكوانان و ئه‌وانه‌ی له‌ خه‌می دیموكراسیه‌ت و مافی مرۆڤدان به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌و پرسه‌ ده‌ڕوانن. له‌ چواره‌مین كۆنگره‌ی جیهانیی بیجین كه‌ ساڵی 1995 به‌ڕێوه‌چوو به‌ ڕوونی باسی له‌ پێویستیی به‌شداریكردنی ژنان له‌ پرۆسه‌ی درووستكردنی بڕیار وه‌رگرتنی پۆسته‌ سیاسیه‌كان كرد.

هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ وڵاته‌كان به‌شداریپێكردنی ژنانیان به‌ جیدی خستۆته‌ به‌رنامه‌ی كاری ده‌وڵه‌ته‌وه‌ و به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری ده‌كه‌ن، له‌ به‌رانبه‌ریشدا له‌ دوای تێپه‌ڕینی ساڵانێكی زۆر به‌سه‌ر ئه‌و كۆنگره‌یه‌دا، هێشتا به‌شداریكردنی ژنان به‌و شێوه‌یه‌ نییە كه‌ بتوانێت كاریگه‌ریی درووست بكات له‌ سیاسه‌تی جیهاندا،

ته‌نانه‌ت زۆرجار ژنه‌كان له‌ په‌راوێزی سیاسه‌تێكی جیهانیدا، كه‌ زاده‌ی عه‌قڵێكی پیاوانه‌یه‌ ده‌بنه‌ جێبه‌جێكاری هه‌مان سیاسه‌ت.

باراك ئۆباما، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا، له‌  پانێڵێكدا له‌ سه‌نگافوره‌ له‌ باره‌ی سه‌ركردایه‌تییە‌وه‌ به‌ ڕاشكاوی ده‌ڵێت، ژنه‌كان بێ یه‌ك و دوو باشترن له‌ پیاو: "ئێستا ژنه‌كان ده‌مه‌وێت ئێوه‌ بزانن، كه‌ ئێوه‌ پێرفێكت نین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌توانم بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ بێ یه‌ك و دوو ئێوه‌ له‌ ئێمه‌ی پیاوان چاكترن، من ته‌واو دڵنیام ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا، هه‌موو وڵاتێك ژن سه‌ركردایه‌تی بكات، باشبوونێكی به‌رچاو ده‌بینین له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، باری خۆشگوزه‌رانی و ئه‌نجامه‌كان'' هه‌روه‌ها ئاماژه‌ ده‌كات به‌وه‌ی ''زۆرێك له‌ گرفته‌ جیهانییە‌كان له‌ پیاوه‌كانه‌وه‌ هاتووە،‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی گه‌وره‌ن له‌ ته‌مه‌ندا و ده‌ستیان له‌ ده‌سه‌ڵات به‌رناده‌ن''.

دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ به‌ فه‌رمی وه‌ك سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ كۆشكی سپی ده‌ستبه‌كار بوو، ئیڤانكای كچی زوومی كامێرا و سه‌رنجه‌كانی بۆ خۆی ڕاكێشا و هه‌ر زوو جیهان له‌وه‌ تێگه‌یشت كه‌ ئه‌مریكا  دوو خانمی یه‌كه‌می هه‌یه‌، نه‌ك یه‌كێك!

ئیڤانكا له‌ سه‌ردانێكیدا بۆ سعوودیە‌ له‌گه‌ڵ باوكی توانی بڕی سه‌د ملیۆن دۆلار به‌ده‌ستبهێنێت بۆ (پشتگیریكردنی پڕۆژەی تواناسازیی ژنان).

ئیڤانکا له‌ چوارده‌ ساڵییە‌وه‌، وه‌ك مۆدێلێك نمایشی جلوبه‌رگی كردووه‌ و هه‌ر زوو سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌ و وه‌ك مۆدێلی كۆمپانیا جیهانییه‌كانی وه‌ك ڤێرساجی و یه‌كێك بووە‌ له‌ رووخساره‌ دیاره‌كانی گۆڤاری ئێلی فه‌ره‌نسی، هه‌رچه‌نده‌ توانی له‌ جیهانی نمایشكردنی جلوبه‌رگدا، شوێنی خۆی بكاته‌وه‌، به‌ڵام زوو ڕووی كرده‌ كاره‌كانی خێزانه‌كه‌ی و له‌ ته‌مه‌نێكی بچووكه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانی خۆیی چڕ كردۆته‌وه‌ بۆ چوونه‌ ناو جیهانی دارایی و كاركردن و له‌گه‌ڵ دوو براكه‌یدا، زنجیره‌ هۆتێلی ترامپیان دامه‌زراندووه‌.

ئیڤانكا له‌ ساڵی 2016 ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵمه‌تی ڕاگه‌یاندن بۆ باوكی بۆ گه‌یشتنه‌ كۆشكی سپی و ته‌نانه‌ت زۆر سه‌رسه‌ختانه‌ به‌رگریی له‌ لێدوانه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی باوكی ده‌كرد. تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ كه‌ به‌رگریكردنی له‌ باوكی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كاره‌ تایبه‌ته‌كانی خۆی درووستكرد.

ساڵی 2017 ئیڤانكا به‌ پشتگیریی راسته‌وخۆی باوكی، به‌ فه‌رمی چووە‌ كۆشكی سپی و رایگە‌یاند كه‌ وه‌ك ڕاوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ستبه‌كاربووە‌ و ئه‌و كاره‌ خۆبه‌خشانه‌ ده‌كات.

رۆژنامه‌ی ئندیپێنده‌نت، راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌ تێیدا  باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد، كه‌ نامه‌ی نهێنی ئیڤانكا كه‌وتۆته‌ به‌رده‌ستیان، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بووە‌ له‌ ئیقناعكردنی باوكی به‌ زه‌رووره‌تی هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر سووریا، دوابه‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كانی لێدانی ئیدلب به‌ چه‌كی كیمیاویی له‌ لایه‌ن ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه‌.

دوابه‌دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی به‌ فه‌رمانی راسته‌وخۆی دۆناڵد تره‌مپ بۆ یه‌كه‌م جار زه‌ینه‌بی كچی سوله‌یمانی له‌ناو پرسه‌ی باوكیه‌وه‌ به‌ ده‌نگێكی نزمه‌وه‌ بانگه‌وازێكی توندی بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ بۆ خوێنی باوكی ئاراسته‌ی چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌ك كرد، كه‌ به‌ مامه‌كانی ناوی هێنان و هه‌ریه‌ك له‌و ''مامانه‌''  له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بوون، كه‌ هه‌ژموونی ئێرانیان بەسەرەوەیە و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و ناوانه‌وه‌، به‌ ئاشكرا ئەوەندەی تر، ناوی ئه‌و وڵاتانەی زەقکردەوە، کە ئێران تێیاندا باڵاده‌سته‌.

زه‌ینه‌ب كه‌ پێش كوژرانی باوكی، کەس نەیدەناسی، ‌ بە په‌یامی توندی راسته‌وخۆی داوای تۆڵه‌کردنەوەی خوێنی باوكی کرد.

دواتریش له‌ كاتی نوێژی هه‌ینی له‌ شاری كرمان زه‌ینه‌ب به‌ چه‌كه‌وه‌ ده‌ركه‌وت و له‌وێ ئه‌مریكای به‌ ده‌وڵه‌تی تیرۆر ناوبرد و به‌ڵێنی ''ڕۆژی ڕه‌ش''ی به‌ ئه‌مریكادا.

زه‌ینه‌بی 28 ساڵ، به‌ وته‌كانی له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا سه‌رنجی جیهانی ڕاكێشا و خه‌ڵكانێكی زۆر فۆڵۆیان كرد له‌ ئینستاگرام، پێش ئه‌وه‌ی هه‌ژماره‌كه‌ی له‌ لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه‌ دابخرێت.

ئه‌م دوو نموونه‌یه‌، مشتێكن له‌ خه‌رواری ئه‌و ژنانه‌ی له‌ هه‌موو جیهاندا، له‌ په‌راوێزی پیاوه‌كاندا، كاریگه‌رییه‌ك درووست ده‌كه‌ن، كه‌ هیچ تایبه‌تمه‌ندییەکی‌ ژنانەیان تێدا نییە و ته‌نانه‌ت سیسته‌می كۆتاش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ وه‌ك چاره‌سه‌رێكی كاتیی داده‌نرێت بۆ سه‌رخستنی پێگه‌ی ژنان و به‌شداریی پێکردنیان تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ ژنانێك بگه‌یه‌نێت به‌ ده‌سه‌ڵات، كه‌ كاریگه‌رییه‌كانیان وه‌ك ئه‌وه‌ بێت، كه‌ ئۆباما باسی لێوه‌ ده‌كات.

ئەو پرسیارەی ده‌مێنێته‌وه‌ ئەوەیە: ئایا ئه‌م هه‌وڵه‌ چڕانه‌ بۆ به‌شداریپێكردنی ژنان له‌ بڕیاری سیاسیدا تا چه‌ند ده‌توانێت ژنه‌كان به‌ ڕاستی بكاته‌ خاوه‌ن بڕیاری سه‌ربه‌خۆ و گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی درووست بكات و له‌ په‌راوێزبوون بۆ ئه‌م سیسته‌مه‌ سیاسییه‌ جیهانییه‌ ڕزگاریان بكات بۆ ئه‌وه‌ی باشدارییه‌كه‌ كارا بێت؟

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan