عیراقی
موقتەدا سەدر: نابێت چیتر پەسەندکردنی بودجە دوابکەوێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
موقتەدا سەدر، کە خاوەنی گەورەترین کوتلەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرای عیراق، هۆشداریدەدات و دەڵێت "نابێت چیتر پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عیراق دوابکەوێت".
موقتەدا سەدر، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، دەشڵێت "جارێکی تر دەبینین ئەنجومەنی نوێنەران بەهۆی جیاوازی سیاسی و حزبی و تایفییەوە شکستی هێناوە لەدەنگدان بەبودجەکەی".
داواشدەکات "جیاوازییەکانتان لەبیربکەن و بڕیاری کۆتایی بدەن بە زووترین کات".
موقتەدا سەدر، هۆشداریش دەدات کە چیتر نابێت پەسەندکردنی بودجە لەمە زیاتر دوابکەوێت، هاوکات سپاسی هەڵوێستی کوتلەی سائیرون دەکات، کە کوتلەی حزبەکەی خۆیەتی و خاوەنی زۆرترین کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقن.
ئەگەرچی بڕیاربوو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تایبەت بە پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عیراق دوێنێ ئەنجامبدرایە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان پاش چەند جارێک دواخستن، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ه.ع