کوردستانی

وەزیری پێشمەرگە: هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازیی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر دەکەین

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزیری پێشمەرگە: هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازیی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر دەکەین
مەودا میدیا-

وەزیری پێشمەرگه رایدەگەینێت هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازیی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر دەکەین ئاماژە بەوەشدەکات لەسەر هەمووانە پێویستە رووبەڕوی ئاستەنگ و لەمپەرەکان ببنەوە.

 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 28ی کانونی دووەمی 2020 لەگەڵ  فەرماندە و نوێنەرانی هێزەکانی 70 و 80ی هێزەکانی پێشمەرگە کۆبووەوە. 

لەو کۆبوونەوەیەدا، کە سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەت و فەرماندەی یەکەی80 و نوێنەری فەرماندەی یەکەی 70 و فەرماندە و بەرپرسانی پلە باڵای وەزارەت ئامادەیبوون. 

وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بە هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی کردو راشیگەیاند "بڕیاری پڕۆژە یاسای چاکسازی حکومەت و پەسندکراوی پەرلەمانی کوردستان پابەندمان دەکات بەوەی هەمووان بەگیانی لێپرسراویەتیەوە رێگاکان کورتتر بکەینەوەو هەنگاوەکان خێراتر بکەین". 

وتیشی "دەرفەتێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆسەیە هاتۆتە پێشەوەو وێڕای هاوکاری و هەماهەنگی هاوپەیمانان، ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسیی لایەنە سیاسیەکان و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران هەیە".
  
هەر لەو کۆبوونەیەدا، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی یەکەی  80 و نوێنەرانی فەرماندەیی یەکەی 70  گفتۆگویان لەسەر دواین پرۆژەی پێشنیارکراوەکان بۆ جێبەجێکردنی یەکخستنەوەی تەواوەتی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگه کرد. 

هاوکات هەمووان کۆک و هاوڕابوون لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆسەکە و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکان. پابەندی خۆشیان بۆ بڕیار و راسپاردەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە. 

لەکۆتایی کۆبوونەوەکە، وەزیری پێشمەرگە بەئامادەبووانی راگەیاند "بە ئاستی لێپرسراوێیەتیەوە لە پڕۆسەکە دەڕوانین و ئەرکی هەمووانە بە جدی کار لەسەر ئالیەت و میکانیزمی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە بکات ، کە دەرئەنجام  دروستکردنی هێزێکی سەربەخۆ و یەکگرتووی لێدەکەوێتەوە".
Qaiwan
Qaiwan