راپۆرت

موسا عەنتەر؛ زیندووکەرەوەی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


موسا عەنتەر؛ زیندووکەرەوەی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان
مەودا میدیا - بەڵێن عزەت میکە

"ئەگەر زمانی دایكی من بونیادی دەوڵەتەكەی تۆ دەهێنێتە لەرزە، كەوایە دەوڵەتەكەی تۆ لەسەر خاكەكەی من بونیاد نراوە" ئەمە وتە بەناوبانگەکەی موسا عەنتەرە، ئەو نووسەرەی زمانی کوردی لە تورکیا لە مردن رزگارکرد.

موسا عەنتەر؛ نوسەر، شاعیر، چالاکوان و کوردپەروەرێکی کەموێنە، ساڵی 1920 لە گوندێکی نوسێبین لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، دایکی عەنتەر، یەکەم ژن بووە کە بووە بە موختاری گوند، عەنتەر هەر لە منداڵییەوە خولیای شعر و نوسین کەوتووەتە سەری، خوێندنی تا قۆناغی ئامادەیی لە نوسێبین تەواوکردووە و پاشان بۆ خوێندنی یاسا رووی لە ئەنستانبوڵ کردووە.

لەوێوە تێکەڵی کاری سیاسیی دەبێت و چەندین جار بەو هۆیەوە زیندانی دەکرێت، دوای ئەوەی زمانی کوردی قەدەغەکراوە، موسا عەنتەر یەکەم کەس بووە کە ئەو تابۆیەی شکاندووە و دەستی بە نوسین بە زمانی کوردی کردووەتەوە، ساڵی1959 هۆنراوەیەک بە زمانی کوردی بڵاو دەکاتەوە، بەهۆیەوە دەدرێتە دادگا.



کورد لە مریشکەکان کەمترە؟

دادوەر پێی دەڵێت ئەوەی تۆ ناوت ناوە زمان و پێی دەنوسیت تەنها چەند دەنگێکە و هیچی تر، ئەوە زمان نییە، عەنتەر وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت "من بەیانیان کاتێک خواردن دەدەم بە مریشکەکان کۆمەڵێک دەنگ دەردەکەن، یەعنی جەنابت پێت وایە ئێمە لەو مریشکانە کەمترین و دەنگمان هێندەی ئەوانیش نییە؟".

موسا عەنتەر بە هەوڵدان بۆ جوداخوازی تۆمەتبار دەکرێت، سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێت، ماوەی زیاتر لە 11 ساڵی تەمەنی لە زیندان بەسەردەبات، عەنتەر تێزێکی تایبەت بەخۆی هەیە کە بە یەکێک لە گرنگترین ئۆرگۆمێنتەکانی سەلماندنی بوونی نەتەوەی کورد دادەنرێت.

ئەو روو لە تورکەکان دەکات و دەڵێت: ئەگەر زمانی دایكی من بونیادی دەوڵەتەكەی تۆ دەهێنێتە لەرزە، دەبێت ئەوە بزانیت دەوڵەتەكەی تۆ لەسەر خاكەكەی من بونیاد نراوە.



زمانی کوردیی لە باکوور لە مردن رزگارکرد

موسا عەنتەر بە نوسین و بڵاوکراوە و هۆنراوە نەتەوەییەکانی توانی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان، لە مردن رزگار بکات و تابۆی قەدەغەی بەکارهێنانی ئەو زمانە بشکێنێت.

دواجار عەنتەر بە گیانی، باجی ئەو بوێریەی دا، ساڵی 1992 عەنتەر لەلایەن تورکە رەگەزپەرستەکانەوە لە ئامەد تیرۆر کرا، دوای چەندین ساڵ کەسێکە بە تاوانی کوشتنی عەنتەر دەستگیرکرا و خرایە زیندان، بەڵام ماوەیەک پێش ئێستا چەند پەرلەمانتارێکی پارتەکەی ئەردۆغان بوون بە کەفیلی تاوانبارەکە و لە زیندان ئازادیانکرد.

ژیان و ئازایەتی عەنتەر چیرۆکی سەرکەوتنە بەسەر ستەم و زۆرداری رەگەزپەرستانی تورکیادا.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن