راپۆرت

ئۆلیجی سیخوڕ؛ پیاوی بژاردە سەختەکان

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئۆلیجی سیخوڕ؛ پیاوی بژاردە سەختەکان
مەودا میدیا -

پیاوێک کە ژیانی لەگەڵ سیخوڕیدا بەڕێکرد، سیخوڕی بۆ چەند دەوڵەتێکی جیاواز کردووە، لە ناوجەرگەی سۆڤیەتەوە زانیاری بۆ دەزگای هەواڵگری بەریتانی دەگواستەوە.

ئۆلیج جۆردێفسکی، پیاوی بژاردە سەختەکان، ساڵی 1938 لە مۆسکۆ لەدایکبووە، بڕونامەی دبلۆمی لە پەیوەندیە دپلۆماسیەکان بەدەستهێناوە، لەژێر کاریگەری خوشکەکەیدا کە ئەویش کاری سیخوڕی کردووە، دەستی بە کاری سیخوڕی کرد.

یەکەم ئەرکی سیخوڕی کە ئۆلیج پێی هەستاوە، سیخوڕیکردن بۆ یەکێتی سۆڤیەت بووە لە ئەڵمانیا، دواتریش چەندین ئەرکی تری جیاوازی جێبەجێکردووە. 

خۆی فێری زمانەکانی ئینگلیزی، سودیدی و ئەڵمانی کردووە، بەهۆی دڵسۆزییەکەیەوە گەیشتە پلەیەکی بەرز لە دەزگای هەواڵگری یەکێتی سۆڤیەتدا.

لە کۆتایی دەیەی حەفتاکانی سەدەی پێشوو و لە سەروبەندی جەنگی سارددا، ئۆلیج وەکو سیخوڕی بەریتانیا لەناو لیژنەی ئاسایشی یەکێتی سۆڤیەت کە گرنگترین لیژنە بوو، دەستبەکاربوو.

ئەو خۆی ئەفسەرێکی پلەباڵای ناو لیژنەکە بوو، بەڵام کاری سیخوڕی بۆ ئینگلیزەکان دەکرد، بەهۆی ئەو دەسەڵاتە زۆرەی لە لیژنەکەدا پێی درابوو دەستی بە هەموو زانیارییە نهێنییەکانی سۆڤیەت دەگەیشت.

 ماوەی 11 ساڵ دەزگای هەواڵگری سۆڤیەت بێئاگابوو لەوەی کە لە هەناویدا سیخوڕێک بەردەوام زانیاریەکانیان دزە پێ دەکات.

ساڵی 1985 ئۆلیج بە گەشتێک لە بەریتانیا بوو، نامەیەکی لە دەزگای هەواڵگری سۆڤیەتەوە پێگەیشت، لە نامەکەدا هەواڵی پلەبەرزکردنەوە و بانگهێشتکردن بۆ مەراسیمی رێزلێنانی بۆ نێردرابوو.

بەڵام ئۆلیج دڵی بەو هەواڵە خۆش نەبوو، بەڵکو ترسێکی گەورە دایگرت و گوومانی هەبوو لەوەی ئاشکرا بووبێت و بۆ کوشتنی بانگیان کردبێتەوە.

دەزگای هەواڵگری بەریتانیای لە بابەتەکە ئاگادارکردەوە، دەزگاکە پلانێکی رزگاربوونی لە ئەگەری هەوڵی دەستگیرکردنیدا بۆ داڕشت و بڕیاریدا ئۆلیج بگەڕێتەوە سۆڤیەت، هەر کە ئۆلیج لە فڕۆکەخانە دابەزی، لەلایەن ئەفسەرێکی باڵای هەواڵگرییەوە دەست بە لێکۆڵینەوە لەگەڵی کرا.

لێکۆڵینەوەکە ماوەی چوار کاتژمێری خایاند، بەڵام ئۆلیج هیچ زانیارییەکی نەدرکاند، ئازادکرا و رووی لە شوێنی نیشتەجێبوونەکەی کرد، بەڵام لەوێش هەستی بەوە کرد کە ئامێری بیستنی دەنگی بە نهێنی بۆ دانراوە و چاودێری دەکرێت.

بۆیە ئێوارەی ئەو رۆژە بەگوێرەی پلانەکەی دەزگای هەواڵگری بەریتانی رووی لە شوێنی دیاریکراو کرد و لە پشتی بارهەڵگرێکدا لە خاکی سۆڤیەت چووە دەرەوە.

دواتر سۆڤیەت بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئۆلیج دەرکرد، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا و ئۆلیج لە ژیاندا مایەوە و دواتریش چەندین خەڵاتی وەرگرت.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە