راپۆرت

لەتیفە خانم؛ ژنی نهێنییەکان

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەتیفە خانم؛ ژنی نهێنییەکان

لەتیفە ئۆشاکی؛ ئەو ژنەی کەمتر لە دوو ساڵ هاوسەری ئەتاتورک بوو، ژنێک کە ئەتاتورکی ئاراستە دەکرد و بڕیارەکانی پێدەگۆڕی، ئەو ژنی کاریگەرترین پیاوی تورکیا بوو، بەڵام زیاتر لە نیوەی تەمەنی بە بێدەنگی و پەراوێزخراوی بەسەربرد.

لەتیفە ئۆشاکی لە ساڵی 1898 لە ئیزمیر لە خێزانێکی دەوڵەمەند لەدایکبووە، کچی گەورەی خێزانەکەی بووە و خاوەنی پێنج برای لەخۆی بچووکتر بووە، قۆناغی سەرەتایی لە ئەستەنبوڵ خوێندووە و قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی لە خوێندنگەیەکی ئەمەریکی لە ئەستەنبوڵ تەواوکردووە.

بۆ خوێندنی بەکالیۆریۆس رووی لە فەرەنسا کردووە، لەوێ لەگەڵ خوێندنەکەیدا زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیسپانی و ئەڵمانی فێربووە، لە سەردەمی شەری سەقاریادا ئەو لە ساڵی سێیەمی خوێندنیدا بوو لە فەرەنسا، وازی لە خوێندنەکەی هێنا و گەڕایەوە بۆ تورکیا، لەتیفە جیاواز لە ژنانی سەردەمەکەی خۆی، ژنێکی کراوە بوو، ئۆتۆمبێلی دەئاژۆت و پیانۆی دەژەنت، زۆرجار بەبێ سەرپۆش و نیقاب دەچووە دەرەوە.

دوای ئەوەی لە ساڵی 1922 شاری ئەزمیر خرایە سەر تورکیا، ئەتاتورک و ئۆشاکی یەکدییان ناسی، ئەتاتورک ڤێلای تایبەتی بنەماڵەی ئۆشاکیزادەی لە ئیزمیر گۆڕی بە بارەگای سەرەکی خۆی لەو ناوچەیە.

لەتیفە، پێش ئەوەی ئەتاتورکیش بناسێت خولیای سیاسەت لە سەریدا بوو، پێشتر توێژینەوەیەکی ئەنجامدابوو لەبارەی توانای سەربازی هێزی دەریایی بەریتانی.

بینین و ناسینی ئەتاتورک دەرگایەکی گەورەی لەسەر ژیانی لەتیفە کردەوە، لەتیفە ئۆشاکی بەدەر لە نەریتی کۆمەڵگەکەی، بە تەنها لەگەڵ ئەتاتورک دادەنیشت و گفتوگۆی و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرد، لە مەراسیم و بۆنە تایبەتەکاندا لەگەڵ ئەتاتورک دەردەکەوت.

هەندێ جار بەبێ حیجاب و بە جلوبەرگی فەرەنسییەوە دەبینرا، لەبەرچاوی هەمووان باسی مافەکانی ژنانی دەکرد و بانگەشەی بۆ یەکسانیی رەگەزی نێوان نێر و مێ دەکرد.

ئەم هەڵسوکەوتانەی لەتیفە، سەرنجی ئەتاتورکیان راکێشا، تا وای لێهات ئەتاتورک وەکو هاوسەری داهاتووی لە لەتیفە بڕوانێت، ئەتاتورک لەبارەی پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە لە بۆنە گشتییەکاندا کە لەتیفەش لەوێ ئامادە بوو دەدوا، دەیوت، نابێت پرۆسەی هاوسەرگیری وەکو ئەوەی کە باوە لە کۆمەڵگەدا بەردەوام بێت، دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک دەکەم کە ببێتە پێشەنگ لە ژیانمدا، دەبێت کۆتایی بەو جۆرە لە هاوسەرگیری بهێنین کە باوە، تاکەی ژنان ببنە خزمەتکار لە ماڵەوە.

ساڵی 1923 لەتیفە ئۆشاکی بووە هاوسەری ئەتاتورک و لەوێوە نازناوی لەتیفە خانمی پێ بەخشرا، مەرجی ئەتاتورک لە هاوسەرگیرییدا لەگەڵ لەتیفە، ئەوەبوو کە لە ئاهەنگەکەیاندا پارچەیەک میوزیکی چایکۆفسکی بە پیانۆ بژەنێت، دوای ئەوەی بوو بە هاوسەری ئەتاتورک، لەتیفە پێگەیەکی گرنگی بەدەستهێنا.

بەهۆی زانینی زمانە جیاوازەکانەوە، بوو بە پردی پەیوەندی نێوان ئەتاتورک و رۆژنامەنووس و دپلۆماتکارە بیانییەکان، بەو هۆیەوە دەستی بە جۆرەها نهێنیی و زانیاری تایبەت گەیشت.

ئەو هاوسەرگیرییەی بە ژەنینی پیانۆ دەستیثیکرد، هێندە درێژەی نەکێشا، دوای کەمتر لە دوو ساڵ ئەتاتورک لەتیفەی تەڵاق دا، تەڵاقدانەکە نەگەیشتە دادگا، تەنها بە رێکاری ئاینی بوو، تەنانەت لەتیفە خۆی رازی نەبوو، بەڵام بۆچوونی ئەو وەرنەگیرا، دوای ئەوەی تەڵاقیدا، ئەتاتورک لەتیفەی پەراوێزخستن و بەشێوەیەک لە شێوەکان دەستبەسەر کرابوو، هەمووان چاوەڕێی ئەوەبوون لەتیفە نهێنییەکانی ئەتاتورک بدرکێنێت، بەڵام ئەوەی نەکرد. 

تەنانەت لە کۆتایی تەمەنیدا کە تووشی شێرپەنجە بووبوو ئامادە نەبوو نهێنییەکان بدرکێنێت، لەگەڵ ئەوەی نە لەتیفە نە ئەتاتورک، هەرگیز باسیان لە هۆکاری جیابوونەوەیان نەکردووە، بەڵام کۆمەڵێک دەنگۆ لەو بارەیەوە بڵاوکراوەتەوە.

هەندێک دەڵێن کە هاوڕێ سیاسییەکانی ئەتاتورک کاریگەریان لەسەر جیابوونەوە هەبووە و هەندێکیش دەڵێن حەزی ئەتاتورک بۆ سێکس و رابواردن لەگەڵ کچانی گەنج، کە بە ئاشکرا ئەو کارەی ئەنجامدەدا، پەیوەندییەکانی تێکداوە.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە