راپۆرت

تریاک؛ دۆستە راستەقینەکەی تاڵیبان

مەودا میدیا - سلێمانی |


تریاک؛ دۆستە راستەقینەکەی تاڵیبان
مەودا میدیا-

بزووتنەوەیەکی ئیسلامییە و بەو پارەیە دەژی کە لە فرۆشتنی تریاک دەستیدەکەوێت، بەو پارەیەی لە فرۆشتنی تریاک دەستیکەوتووە، خۆی پڕچەککرد و ئیستا هێندەی نەماوەی هەموو خاکی ئەفغانستان بخاتەوە ژێر دەستی خۆی.

سەرەتا دەبێت کۆمەڵێک پرسیاری لۆژیکی بوروژێنین، ئەمەریکا 16 ساڵە لە ئەفغانستان دژی تاڵیبان شەڕ دەکات، نزیکەی 100 هەزار سەربازی لەو وڵاتەدا بڵاوکردبوویەوە، نزیکەی دوو هەزار و 300 سەربازی ئەمەریکی لە شەڕی دژی تاڵیباندا کوژراون، ئەمەریکا 100 ملیار دۆلاری لەو شەڕەدا خەرجکردووە و راهێنان و پڕچەککردنی بۆ 350 هەزار چەکداری لە هاوپەیمانە ئەفغانییەکان دابینکردووە.

تۆ پێت دوای ئەو هەموو خەرجی و قوربانیدانە، چی شتێک ئەمەریکای ناچار بە کشانەوە لە ئەفغانستان کرد؟


سەرەتا لە ساڵەکانی دەیەی هەشتەمی سەدەی رابردوودا، ئەمەریکا دژی فراوانبوونی سۆڤیەت دەوەستایەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پشتیوانی هەر جوڵانەوەیەکی دەکرد کە هەمان ئامانجی هەبێت، یەکێک لەو لایەنانەی کە دژی سۆڤیەت دەجەنگان بزووتنەوەی ئیسلامییە توندئاژۆکان بوون.

دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا، پلانێکی وردی دانا، بە هاوکاری چەکدارە ئیسلامییەکان، سنوورەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستانی بە تەواوەتی کرد بە کێڵگەی بەرهەمهێنانی تریاک، ئەمەریکا بەم کارەی وایکرد سەرجەم مافیا و گرووپە چەکدارەکانی ئەفغانستان خۆیان بگەیەننە سەر سنوورەکان بۆئەوەی بەشی خۆیان لەو تریاکە وەدەستبخەن. 

سنوورەکان پڕبوون لە چەکدار و گرووپی جۆراوجۆر و ئەوەش بووە گەورەترین رێگر لەبەردەم پەلهاویشتنەکانی سوپای سۆڤییەتدا.

ئەمەریکا هەموو توانای خۆی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی تریاک لە ئەفغانستان زیادکرد بۆئەوەی گرووپە چەکدارەکان بتوانێت بە داهاتەکەی خۆیان پڕچەک بکەن و دژی سۆڤیەت بووەستنەوە.

بەڵام دوای رووخانی سۆڤیەت و کۆتایی هاتنی شەڕەکەش، ئەو کێڵگانە بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنانی تریاک، پێدەچوو چیتر کێڵگەکان و بازرگانییکردن بە تریاکەوە نە لە دەسەڵاتی ئەمەریکادا مابێت نە گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکان. 

بەرهەمهێنانی تریاک تا لە ساڵی 2001دا گەیشتە 180 تۆنی ساڵانە، وە لە ساڵانی دواتریشدا ئاستەکەی گەیشتە 300 تۆنی ساڵانە، تا وای لێهات لە ساڵی 2007دا توانرا 800 تۆن ئەفیون بەرهەمبهێنرێت، کۆگاکانی تاڵیبان کە لە ساڵیب 1996وە دەستی بەسەر بەشێکی زۆر خاکی ئەفغانستاندا گرتبوو، پڕبوون لە ئەفیونی بەرهەمهێنراو.



دوای رووداوەکەی 11ی سێبتێمبەر، ساڵی 2001 ئەمەریکا هێرشی بۆ سەر ئەفغانستان دەستپێکرد.

لەماوەیەکی کەمدا تاڵیبان شکستی هێنا، دووبارە چەکدارانی تاڵیبان دەستیان بە خەباتی پارتیزانی کردەوە، ئەمجاریش تریاک توانی ببێت بە پاڵپشتێکی گەورەی تاڵیبان. 

تاڵیبان لەو ناوچانەی کە چەکداری هەبوو دەستی بە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە تریاک کردەوە، دووبارە خۆی دەوڵەمەند کردەوە و دەستی بەشەڕکردن دژی سوپای ئەمەریکا کرد.

شەڕەکە زیاتر لە 16 ساڵی خایاند، توانای دارایی تاڵیبان و ئەو چەکانەی بەدەستی گەیشتبوون، ئەمەریکایان تووشی شۆک کرد.

ئەمەریکا بە بۆردوومانی ئاسمانیی لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی تریاکی دەدا، بەڵام نەیتوانی زیاتر لە %5ی کێڵگەکانی تریاک لەناوبەرێت.

تەڵیبان بەردەوام برەوی بە بەرهەمهێنانی تریاک دەدا، دواین راپۆرت کە ساڵی 2017 دەرچووە ئاماژە بەوە دەکات کە بەرهەمهێنانی تریاک لە ئەفغانستان گەیشتووەتە نۆ هەزار تۆنی ساڵانە.

لە هەمان ساڵدا ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی کە بۆ بەرهەمهێنانی تریاک بەکارهێنراون بە رێژەی %79 زیادیانکردووە، تریاک رێژەی زیاتر لە %60ی کۆی سەرمایەی تاڵیبان پێکدەهێنێت کە بۆ کڕینی چەک بەکاریدەهێنێت.

کاتێک ئەمەریکا چاوی بەم راستییانە کەوت، زانی چیتر تاڵیبان بزووتنەوەیەکی وا لاواز نییە کە بتوانێت لەناو ببات، بۆیە دەستی بە دانوستان لەگەڵی کرد و لە کۆتای دانوستانەکەشدا، بڕیار لە  کشانەوەی ئەمەریکا درا.

ئەمە چیرۆکی بزووتنەوەیەکی ئیسلامییە کە بە تریاک خۆی هێشتوەتەوە، ئێستا وەک چۆن دەڵێن تەنها شاخەکان دۆستی کوردن، ئاواش دەوترێت تەنها تریاک دۆستی ئیسلامییەکانی ئەفغانستانە.

 
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە