کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی: ئەو بارەلارەی بەدەستی ئەنقەست دروستکرابوو راستمان کردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی: ئەو بارەلارەی بەدەستی ئەنقەست دروستکرابوو راستمان کردەوە
مەودا میدیا-

ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لەھەولێر بە ئامادەبوونی د.ئەرسەلان بایز، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ ژمارەیەک تێکۆشەر و پێشمەرگەی دێرینی ھەولێر کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان، حزبییەکان، دۆخی یەکێتی، رێکخستنەوە و گۆڕانکاری لە پەیکەری رێکخراوەیی، ھەڵبژاردنەکان و ھەنگاوەکانی سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە خوێندنەوەی بۆ پرسەسیاسییەکان کرد و ئامادەبووانی بەرچاوڕوون کرد لە سیاسەتی نوێی یەکێتی بۆ ژیانی رێکخراوەیی و روونیکردەوە "ھەر ھەنگاوێک نێردراوە بۆ راستکردنەوەی رێڕەو و ئاسایکردنەوەی ئەرکەکانی حزب بووە، و ئەو بارەلارەی بەدەستی ئەنقەست دروستکرابوو راستمان کردەوە و ئیتر لەمەودوا بەرپرسیارێتی و ئەرکی حیزبی بەرێگایەکی تەندروستدا تێدەپەڕێت".

ھاوسەرۆک راشیگەیاند "باشترین وەفا بۆ قوربانیدان و ماندوبوونی ئێوەی تێکۆشەر و پێشمەرگەی رۆژەسەختەکان پاراستنی ئەو یەکێتییەیە کە ئێوە خاوەنین و خەباتتان بۆ کردووە لەپێناو بەدیھێنانی مافەکانی گەلەکەمان".

بۆ ھەڵبژاردنەکانیش بافڵ تاڵەبانی ھانی ھەموولایەکیدا بە رۆحییەتی زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی مافە دەستوورییەکان کاربکەن بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و بەگەرموگوڕییەوە بانگەشە بکەن و ئەم وێستگەیەی خەباتیش بکەنە کەرنەڤاڵی نوێکردنەوەی پەیمانی ئاوەدانی و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک.

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی ھەمەلایەنەی یەکێتییانە لەسەر پێشھاتەکان کراو پەرۆشی یەکێتی ناو یەکێتی و سەرخستنی لیستی ھاوپەیمانی کوردستان دووپاتکرایەوە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan