کوردستانی

کۆمپانیای قەیوان وەڵامی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەداتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


کۆمپانیای قەیوان وەڵامی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەداتەوە
مەودا میدیا-

گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان لە روونکردنەوەیەکدا داوا لە غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکات کە بەڵگەکانی لە دژی کۆمپانیاکە لە دادگا بخاتەڕوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ماوەیەکە بەڕێز (غالب محەمەد) ، لەچەند نوسین و لێدوانێکدا بێ بەڵگە و بێ پاساو تۆمەت دەخاتە پاڵ گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان و چەند شتێک باس دەکات کەهیچ بنەمایەکی نییە و دوور و نزیک پەیوەندیی بەئێمەوە نییە".

ئەوەش هاتووە "لە رابردوودا و لەسۆنگەی رێزگرتن لە کاری پەرلەمانی و لەوباوەڕەوە کە گەر ناوبراو بەڵگەیەکی هەیە ئەوا دەتوانێت بەڕێکاری پەرلەمانی و یاسایی کاری لەسەر بکات، ئەوەش رێگە دروستەکەیە، بۆیە هیچ روونکردنەوە و وەڵامێکمان نەبووە، بەڵام دەرکەوت ئەوەی نەکردووەو لەڕێی سوشیال میدیاوە  بەردەوامە  لە ناوبردنی کۆمپانیاکەمان لەچەند بابەتێک بەبێ بەڵگە، کە وەک وتمان هیچ پەیوەندییان بەئێمەوە نییە".

 ئەوەشی خستووتەڕوو "گروپی کۆمپانیاکانی قه‌یوان ناچاره‌ رێگەی دادگا و یاسا لە بەرانبەر ئەو ناوزڕاندنەی بەڕێزیان بگرێته‌به‌ر، داواکارین لە بەڕێزیان له‌ دادگا بەڵگەکانی خۆی بخاتەڕوو و ئێمەش لەوێدا بەرگری لەو ناوزڕاندنەی خۆمان دەکەین و له‌ڕێی یاساوه‌ راستیەکان بۆ هاوڵاتییانی کوردستان و سلێمانی بە تایبەتی روون ده‌بنه‌وه‌".

ئەوەشیان خستووەتەڕوو "لێرەشەوە داواکارین لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن و هەڵکشانی ململانێ سیاسیەکاندا، ئێمە نەخرێینە ناو ئەم ناکۆکیانەوە، خزمەتەکانی قەیوان لە ئاوەدانیی و بوژاندنەوەی ئابوری و ژێرخانی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بەتایبەتی کەدیار و بەرچاون کاری ئێمەیە، نەک هیچ کارێکی دیکە".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ غالب محەمەد لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند "كۆمپانیای قەیوان مادەی نەفتای لە حكومەتی عيراق بە داشكاندنی 120 دۆلار لە هەر تەنێك وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ دەرەوەی وڵات ببرێت، بەڵام كۆمپانیای قەیوان دێت بە مادەی چاككەرەوە و تێكەڵكردنی لەگەڵ بەنزین دواتر وەك بەنزین بە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan