کوردستانی

نەوزاد شێخ کامیل: گرانبوونی نرخی ئارد پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە روسیاوە هەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


نەوزاد شێخ کامیل: گرانبوونی نرخی ئارد پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە روسیاوە هەیە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی گرانبوونی نرخی ئاردەوە خاوەن نانەواکان و سەمونخانەکان کێشەیان هەیە داوا دەکەن شەش نان بکرێت بە هەزار دینار، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمیش لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت گرانبوونی نرخی ئارد و نان پەیوەندیی بە بڕیارێکی دیاریکراوی حکومەتی هەرێمەوە نییە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "گرانبوونی نرخی ئارد و نان پەیوەندیی بە بڕیارێکی دیاریکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو لە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی گەنمەوە نرخی گەنم گرانبووە کە لە روسیاوە دێتە تورکیا و لەوێشەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو ئاردە کە دێتە هەرێمی کوردستان گومرگی لەسەرە، هەروەها گرانبوونی نرخی کارەبا و غاز و عەلاگە هەموو ئەمانە دەبێتە بارگرانی بۆ خاوەن فڕن و نانەواخانەکان ناتوانن قازانجی پێویست بکەن".

 بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم وتی "لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بتوانین یارمەتی ئەو خاوەن فڕنانە بدەین بۆ ئەو مەبەستەش ئاگاداری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە، بڕیارە ئەمڕۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی وەزیران کۆبنەوە بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بگرنە بەر بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە، چونکە نابێت نرخی نان و سەمون لەسەر هاوڵاتییان گران بکرێت".

ناوبراو لەبارەی بەرهەمی ئاردی ناوخۆوە وتیشی "ئاردەکانی ساڵانی رابردوو گلەیمان لێی هەبوو، چونکە ئەو گەنمەی وەرمان دەگرت سن و کولە لێی دابوو نەدەتوانرا بەکاربهێنێت بۆ نان، بەڵام لە مانگی چوار و پێنجی ئەمساڵدا ئەو گەنمەی وەرمانگرت  گەنمێکی جوان بوو بە تایبەت گەنمی کەرکوک، بۆیە نانەواخانەکان دەتوانن ئاردەکەی خۆمان لەگەڵ ئاردی سفر تێکەڵ بکەن نانی پێ دروست بکەن، بەمەش کەمتر دەکەوێت لە سەریان". 

س.س
Qaiwan
Qaiwan