کوردستانی

پەیامێک لە مەسعود بارزانییەوە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەیامێک لە مەسعود بارزانییەوە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان
مەودا میدیا-

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی رووداوەكانی ئەفغانستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە، هەروەها جیاوازیەكی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە "دوای رووداوەكانی ئەفغانستان ماوەی چەند ڕۆژێكە تەوژمێكی سیاسی و میدیایی بە ئاراستەی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نائومێدی لەناو خەڵكی كوردستاندا كار بۆ بەراوردكردنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان دەكەن، لێرەدا پێویستە هەموو لایەك باش بزانن كە هەر میللەتێك ئەگەر پشت بە خۆی و تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچوونی لەسەرە پاڵپشتیی خەڵكیش ئەو كاتە بەهای هەیە و كاریگەر دەبێت كە بە خۆمان هەبین و ئیرادەمان هەبێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە "جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە. جیاوازیەكی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە، پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە، خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە، نموونەیان داستانی كۆڕێ و تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەكانی پردێ و سحێلان كە نەیارانی كوردستان پیلانی ئەوەیان هەبوو ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن، بەڵام پێشمەرگە و گەلی كوردستان بە خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینیان پیلانی نەیار و دوژمنانیان هەڵوەشاندەوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو "لێرەدا دەمەوێت خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە دۆخی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەكانی دیکە، شوكر بۆ خوای گەورە ئێمە پێشمەرگەی قارەمان و هێزمان هەیە و لە هەمووشی گرنگتر میللەتێكین خاوەن ئیرادە و قەزییەین، ئەگەر دوژمنان و ناحەزانیش خەیاڵی ئەوەیان هەبووبێت ئازاری خەڵكی كوردستان بدەن ئەوە هەرگیز بە ئاسانی بۆیان نەچووەتە سەر و بە دڵنیاییەوە لە ئاییندەشدا بە ئاسانی بۆیان ناچێتەسەر، هەر كەسێكیش بیەوێ نائومێدی و خۆبەكەمزانین و بەراوردی نابەجێ لەناو خەڵك بڵاوبكاتەوە دیارە هێشتا نەیتوانیوە لە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەكەی تێبگات".

س.س
Qaiwan
Qaiwan