عیراقی

"تائێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"تائێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق"
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت تائێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بەبێ لایەنی سەدر ئەوا شڵەژانێکی زۆر روودەدات و خۆپیشاندان دەستپێدەکاتەوە، بۆیە ئەو کاتە ئەستەم دەبێت حکومەتی داهاتوو پێکبهێنرێت و بۆشاییەکی سیاسی دروست دەبێت.

ئارەزوو مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "تائێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە بڕیارە لە مانگی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵکو لایەنەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن و کۆمسیۆن سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ هەڵبژاردن".

ئاماژەی بەوەشکرد "دۆخی ئەفغانستان و سیاسەتی ئەمەریکا و ئێران کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی عیراق، هەروەها کۆبوونەوەی لوتکە کە بڕیارە لە عیراق بەڕێوەبچێت پێم واتە بتوانێت رۆڵی یەک لاکەرەوە ببینێت".

ئەوەشی خستەڕوو "لایەنە شیعەکان لەئێستادا خەریکی کۆبوونەوە و دانوستانن، بۆ ئەوەی بڕیارێک بدەن ئایا هەڵبژاردن دوابخرێت و بایکۆتی بکەن یان ئەوەتا بەشداری هەڵبژاردن بکەن، هەمووشیان سەرقاڵی ئەوەن سەدر پەشیمان بکەنەوە بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردن بکەن".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتی "ئەوەی کە دەیەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت لە لایەنە کوردییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان و لە عیراقیش کوتلەکەی نوری مالکییە، لایەنەکانی دیکە کێشەیان نییە ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت، هەروەها لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدرێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا یان دواخستنی".

وتیشی "ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بەبێ لایەنی سەدر ئەوا شڵەژانێکی زۆر روودەدات و خۆپیشاندان دەستپێدەکاتەوە، بۆیە ئەو کاتە ئەستەم دەبێت حکومەتی داهاتوو پێکبهێنرێت و بۆشاییەکی سیاسی دروست دەبێت، هەروەها ئەگەر هەڵبژاردنیش نەکرێت ئەوا ئەو لایەنانەی کە دەیانویست هەڵبژاردن ئەنجام بدەن خۆپیشاندان دەکەن و شڵەژانی سیاسی دروست دەبێت، بەڵام من پێموایە هەڵبژاردن بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە دوابخرێت، بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنەکان بەشداری بکەن و شەقامی عیراقی ئارامی بە خۆیەوە بیبنێت و دوای هەڵبژاردن حکومەت پێکبهێنرێت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە لە مانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عیراق ئامادەکاریی دەکات.

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان