کوردستانی

سلێمانی؛ سێ کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر دوو هاوڵاتیی و لێسەندنی پارە و مۆبایل دەستگیرکران

مەودا میدیا - سلێمانی |


سلێمانی؛ سێ کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر دوو هاوڵاتیی و لێسەندنی پارە و مۆبایل دەستگیرکران
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هێزەکانیان لە بنكەی پۆلیسی ئەزمەر سێ‌ تۆمەتباریان بە تۆمەتی هێرشکردەنە سەر دوو هاوڵاتی و لێسەندنی پارە و مۆبایل دەستگیرکرد. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد "دوای ئەوەی رۆژی 17ی ئابی 2021، دوو هاوڵاتی سكاڵایان لە بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ تۆمار كرد كە لەشاخی ئەزمەڕ و لەلایەن سێ‌ تۆمەتباری نەناسراوەوە هێرشیان كراوەتە سەرو لێیان دراوەو و پارەو مۆبایلەكانیان لێسەندراوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی پۆلیسی ناوشار-رۆژهەڵاتی راسپارد كە هەستن بە دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتباران".

باسی لەوەشکردووە، پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوه‌ و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا هەمان شەو تۆمەتبار (ه، ف، ع لەدایكبووی 1981) دەستگیربكرێت و دوای 24 كاتژمێر تۆمەتباری دووەم (ف، س، ت، لەدایكبوی 1991 ) دەستگیربكرێت و لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری سێیەم بەردەوام بوو كە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتبوو، سەرەنجام دوای 20 رۆژ توانرا تۆمەتبار (ج، م، س، لەدایكبوی 1984 دەستگیربكرێت) كە تۆمەتبار پێشتر سزادراوە لەسەر تاوانی دزیكردن.

ئەوەشی خستووتەڕوو، لە ئێستادا هەرسێ تۆمەتبار كە دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە و دەستیش گیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیاندا، پۆلیسی سلێمانی داوا دەكات هەر هاوڵاتییەك لەشاخی گۆیژەو ئەزمەڕ رێگری لێكراوەو پارە و مۆبایلی لێسەندراوە سەردانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ بكات بۆ ناسینەوەی تۆمەتباران و تۆماركردنی سكاڵا لە دژیان.

ر. ر

Qaiwan
Qaiwan