ئەدەب و هونەر

خەڵاتی ئەمساڵی کارۆ دەبەخشرێت بە نووسەر و وەرگێڕ عبدولکەریم شێخانی

مەودا میدیا - سلێمانی |


خەڵاتی ئەمساڵی کارۆ دەبەخشرێت بە نووسەر و وەرگێڕ عبدولکەریم شێخانی
مەودا میدیا-

خەڵاتی کارۆ خەڵاتێکی ساڵانەی بواری ئەدەبییە لەلایەن چاپخانەی کارۆوە ساڵانە لە مەراسیمێکی تایبەتدا دەبەخشرێتە یەکێک لە نووسەر و وەرگێڕەکان، خەڵاتی ئەمساڵی کارۆ بڕیارە لە مانگی 11دا لە مەراسیمێکدا ببەخشرێت بە نووسەر  و وەرگێڕ عبدولکەریم شێخانی و رۆمانێکی نوێی وەرگێڕدراوی ئەو نووسەرە.

سەبارەت بە پاڵێوراوی خەڵاتی ئەمساڵی کارۆ عەتا مەحمود خاوەنی چاپخانەی کارۆ و خاوەنی بیرۆکەی خەڵاتەکە بە مەودا میدیای راگەیاند "بۆ خولی سێیەمی خەڵاتی ئەمساڵی کارۆ لە بواری وەرگێڕاندا مامۆستا عبدولکەریم شێخانی پاڵێوراوە، ئەگەر  باردۆخی تەندروستی گشتیی جێگیربێت لە مانگی 11دا مەراسیمێکی شایستە سازدەکەین بۆ بەخشینی خەڵاتەکە بە نووسەر و یەکێک لە بەرهەمەکانی مامۆستا کە رۆمانێکە لە زمانی عەرەبییەوە وەریگێڕاوە بۆ زمانی کوردی و چاپی دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە ئێستادا دەستنووسی وەرگێڕانەکەمان وەرگرتووە و کاری لەسەر دەکەین، لە قۆناغی تایپ و هەڵەچنی دایە، پاش ئەوەی کە دیزاینی بەرگ و ناوەرۆک ئامادەبوو ژمارەی سپاردنی بۆ وەردەگرین و دەیخەینە ژێر چاپەوە، تا کاتی مەراسیمەکە هەم خەڵاتەکە و هەم کتێبەکەش ئامادە دەکەین".

باسی لەوەشکرد "دیارە ئێمە  بۆ ئەم کارە، وەک ساڵانی پێشوو پرس و رامان بە لیژنەیەک کردووە، کە لە سێ ئەندام پێکهاتوون و خۆیان لە بواری وەرگێڕاندا کاردەکەن و سێ نووسەری ناسراون، کە کاتی مەراسیمەکە نزیکبوەوە زانیاری زیاتر لە سەر کتێبەکە و ناوی ئەندامانی لیژنەکە و بەرنامە و پرۆگرامی مەراسیمەکە باسدەکەین".

ر. ر


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە