چاوپێكەوتن

ژیان بابان: بەشێکی ژیانم تەرخان کردووە بۆ کاری خۆبەخشی

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژیان بابان: بەشێکی ژیانم تەرخان کردووە بۆ کاری خۆبەخشی
مەودا میدیا-

هەرچەندە پێشتر نەمدەناسی، بەڵام کاتێک بەهۆی ئەنجامدانی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی ژنانی بابانییەکان یەکمان بینی؛ هەر زوو تێکەڵاو بووین، قسە خۆش و بەخوڵقە... خاتوونێکی زۆر چوست و چالاکە، ئارەزوویەکی زۆری هەیە بۆ خزمەتی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی بەگشتی و بنەماڵە و دۆستەکانی بەتایبەتی... 

خاتوو ژیان، تۆ لە خانەوادەیەکی پاشازادەی، دەتوانیت بەناو رەچەڵەکی بنەماڵەتمان پێ بڵێیت؟
ژیان کەمال محەمەد بەگ ئەمین بەگ محەمەد ساڵح بەگ قادر بەگ محەمەد بەگ ئەحمەد بەگ سلێمان پاشا کوڕی مەحمود پاشا کوڕی خالید پاشای یەکەم. لە چەند سەرچاوە و کتێبێکی مێژووییدا ئەمە ئاماژەی پێ کراوە، وەک کتێبەکانی: (الامارة البابانیة) لە نووسینی حسێن نازم بەگ، (بابان في التأریخ مشاهیر البابانیین) لە نووسینی د. جەمال بابان، هەروەها رۆژنامەی ژین و چەندین سەرچاوەی تر... 

لە کوێ لە دایک بوویت؟
لە شاری سلێمانی، گەڕەکی عەقاری، خوار مزگەوتی نالی.

خێزانەکەتان چەند کەس بوون؟
10 کەس بووین، دایک و باوک، شەش خوشک و دوو برا بووین.

پێش ئەوەی بێینە سەر باسی خۆت، دەمەوێت کورتە باسێکی بنەماڵەکەتم بۆ بکەیت...
باوکم؛ کەمال بابان، نەوەی محەمەد ساڵح بەگی قائیمقامی هەڵەبجەیە، بە مامۆستا کەمال بابان ناسراوە. لە کتێبی (رشتەی مرواری)دا ئاماژەی پێ کراوە. خاوەنی پێنج برا و دوو خوشکە. ماڵی حەمە ساڵح بەگ، لە گەڕەکی جوولەکان بووە لە هەڵەبجە، زۆر خۆش بووە، دوو نهۆم بووە، لە ناوەڕاستدا حەوشەکەیاندا حەوز و ئاوی تێدا بووە، کاتی خۆی ئەگەر یەکێک نەخۆشیی سیلی بوایە، دەیانبرد بۆ سەیری ماسی ناو حەوزی ئەو خانووە.
باوکم زۆر زوو چووەتە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەی پیاوە ئەفەندییەکانی شار، کە ئەوکات لایەنگری فکری حزبی شیوعی بوون، بەڵام هەر زوو چووەتە ناو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە. چالاک و بوێرانە قسەی دەکرد، خەڵکی هان دەدا بۆ پشتگیریکردن لە خەباتی رزگاریخوازی کورد و کوردستان. 
باوکم مامۆستا بوو، دوایی بوو بە بەڕێوەبەر. برای: عوسمان بەگ، جەمال بابان، ئەحمەد بەگ، رەئوف بەگ و سیروان بەگە. ئامۆزای: حاکم شەوکەت بابان، حاکم ئەکرەم بابان و پرشنگ خانی ئەحمەد بەگە، کە لە شاژنەکانی سەردەمی خۆی بووە. لە باپیرەوە ئامۆزای د. فوئاد بابان و لیوا روکن حیکمەت بابان و پارێزەر مەحمود بابان بوو.
باوکم پیاوێکی رێکپۆشی توندڕەو بوو لە هەموو لایەنێکی ژیانەوە، هەروەها پیاوێکی مەبدەئی و پاک، دڵسۆز و خۆشەویست بوو، هەتا ئێستاش هەر وایە، کە سوپاس خوا لە ژیاندا ماوە. 
دایکم؛ پەروین مستەفا رەشید، کچی مستەفا ئەفەندی بەڕێوەبەری پۆستە و گەیاندن بووە. ژنێکی خوێندەوار بوو، لە خێزانێکی خوێندەوار و رۆشنبیر و پێشکەوتنخواز بوو، بۆیە هەموو خزمەکانمان حەزیان دەکرد بێن بۆ ماڵی ئێمە. لە کاتی غیابی باوکمدا، دایکم توانیی هاوسەنگیی هەموو لایەنەکان رابگرێت.
ماڵی باپیرانم لە دایک و باوکیشەوە، هەر کە چاوم کردووەتەوە لە ژیان، پڕ بووە لە خۆشەویستی کورد و کوردستان، هان دراوین بۆ خەبات لەپێناوی رزگاریی کوردستان و پیرۆزییەکانی ژیان... ئەمانە رۆژانە بەردەوام، تەنانەت لەگەڵ نان و ئاویش باسوخواسیان لەسەر دەکرا.
بنەماڵەکەمان چەندین کەسایەتی شۆڕشگێڕ و بەناوبانگ و خاوەن هەڵوێستی تێدایە، بۆ نموونە؛ مامم (جەمال بابان)، یەکێک بوو لە پێشمەرگە ئازا و (جەنتڵمان)ەکان. بەڕێز کاک حەمەفەرەج لە کتێبەکەیدا باسی دەکات، کە لە کاتی پێشمەرگایەتیدا بریندار دەبێت، مامم بەجێی ناهێڵێت و بەکۆڵ هەڵی دەگرێت تا شوێنی خۆی.

پەیوەندیت لەگەڵ باوکت چۆن بوو؟
پەیوەندیمان زۆر خۆش بوو، هەر لە منداڵییەوە باوکم دەستی دەگرتم و لەگەڵ خۆی دەیبردم بۆ ناو کۆڕ و کۆبوونەوەی پیاوان، کە ئەوکات پیاوان ئەمەیان پێ خۆش نەبوو. هەروەها لە پێنج ساڵییەوە زۆر جار لەگەڵ خۆی دەیبرم بۆ قوتابخانە، منیش زۆرم پێ خۆش بوو کە قوتابییەکان دەیانوت کچی مامۆستایە و لەگەڵ خۆیان دەیانبردم بۆ حانووتی خوێندنگە و نوقڵی مینۆیان بۆ دەکڕیم، ئیتر باوکم بانگی دەکردن و پارەکەی دەدانەوە.
پاشان کە تەمەنم بوو بە هەشت ساڵ لەگەڵ خۆی دەیبردم بۆ بنگرد و مەرگە.

وتت باوکت کاری سیاسی دەکرد، کەمێک باسی چۆنیەتی چالاکییەکانی ئەو سەردەمەمان بۆ بکە...
وەک باسم کرد، باوکم کەسێکی سیاسی بوو، لە رێکخستنی ناوشار کاری دەکرد، هەمیشە لە ماڵی ئێمە کۆبوونەوە دەکرا، جاری وا هەبوو لە کاتژمێر 4ی بەیانیدا دەکرا، ئێستاش کەسەکان دەناسمەوە. دایکم لە حەوشە ئێشکگریی دەکردن بە بیانووی ئەوەی ئاگای لە جوانی خوشکم دەبێت کە منداڵ بوو و لەناو بێشکەدا بوو. دەرگای حەوشە ئەڵقەڕێزەکەی دەخرایە بەر بۆ ئەوەی کادیرەکان کە هاتن یەکسەر بێنە ژوورەوە و لە بەردەرگا نەوەستن. رۆژی دوایی، یان پاش چەند رۆژێک، باوکم یان خۆی دەچوو بۆ مەرگە، بنگرد، رانیە و قەڵادزێ، هەندێک جار منیشی دەبرد. جانتایەکی سەوزی عەسکەریی دوودەسکی هەبوو، لەژێرەوە مقەبایەکی پێوە بوو، کاغەزەکانی دەخستە ژێر ئەو مقەبایە، دەچووین بۆ رانیە، لەوێ بە کەڵەک لە ئاوەکە دەپەڕینەوە و کاغەزەکانی تەسلیمی یەکێک دەکرد، یان زستان پیاوێکی بارزانیی هەبوو، ناوی حەسەن بوو، سوور بوو، دەهات کاغەزەکانی دەبرد.

باوکت هەر لە ناوشار چالاکیی سیاسی دەکرد، یاخود وەک پێشمەرگەش خەباتی کردووە؟
ساڵی 1974 باوکم رۆیشت بۆ قەڵادزێ و لەوێ کاریان دەکرد، رۆژێک هەواڵی بۆ ناردین کە خۆمان کۆبکەینەوە و ئێمەش بڕۆینە دەرەوە بۆ (ناو شۆڕش)، ئەوسا وایان دەوت، لەبەرئەوەی هەواڵمان لێ درا بوو بمانگرن. ئەو خێزانانەی پیاوەکانیان لە دەرەوە بوو، ئەو شەوەی کە رۆیشتین بۆ قەڵادزێ، وتیان قەڵادزێ تۆپباران دەکرێت، بەڵام نەدەزانرا چ کاتێک. بۆ بەیانیی کاتژمێر 8، باوکم و پێشمەرگەیەک منیان برد بۆ خوێندنگەی ناوەندیی قەڵادزێ، لە کاتژمێر 9:30 خولەک، ئەوەندەم زانی هاوار و دەنگەدەنگ و قیژەقیژ پەیدا بوو، منیش کەسم نەدەناسی و هیچ شوێنێکیشم نەدەزانی، تاسابووم، هەر لە حەوشەی خوێندنگەکەدا دانیشتم، نەمدەزانی چی رووی داوە. زۆری پێ نەچوو باوکم لەگەڵ کەسێک هاتن بەشوێنمدا، دەستی منی بەدوای خۆیدا رادەکێشا بەسەر بەرد و بلۆک و خەڵکدا، کە لەژێر دارودیواری رووخاودا مردبوون، تا گەیشتینە ماڵەوە. دوو وڵاخ لە بەردەمی ماڵەوە هەندێک شتیان لەسەر بوو، دایکم و خوشک و براکانم چاوەڕێ بوون ئێمە بگەڕێینەوە. رۆیشتین بەرەو دارەشمانە، خزمی بابانیمان لەوێ هەبوو، لەوێشەوە چووینە ئێران، ژیانێکی زۆر ناخۆش بوو، پاش نسکۆی شۆڕش گەڕاینەوە بۆ سلێمانی، حکومەت لێبووردنی دەرکرد، گەڕاینەوە و هەریەکە ساڵێکی خوێندنمان لەکیس چوو.

کە گەڕانەوە دەستی کردەوە بە چالاکیی سیاسی، یاخود وازی هێنا؟
جارێکی دیکە دەستی کردەوە بە جموجووڵی سیاسی، لەسەر ئەو کار و چالاکی و هەڵوێستانەی، ئەمن چوون بۆ خوێندنگە بۆی و بردیان بۆ زیندان. بۆ ماوەی نۆ مانگ لەگەڵ بەڕێزان: مامۆستا جەمال عەبدول، د. ساڵح رەفعەت، مەلا ئەحمەد... بەند بوون. پاش سێ مانگ لە ئەمنی سلێمانییەوە بانگیان کردین، کاتژمێرەکەی و پاندانەکەیان بەبێ قسە داینەوە. هەر کەسێکمان شک ببردایە دەچووینە لای، تەنیا بۆ ئەوەی یەکێک هەواڵێکیمان بداتێ تا بزانین ماوە یاخود نا. رۆژێک پاش واستەی زۆر، من و دایکم چووین بۆ سەردانی، کە بینیمان چاوی باوکمیان بەستبوو و ریشێکی زۆری هەبوو، هەرچەندە تووشی شۆک بووین، بەڵام زۆر بەدڵخۆشییەوە گەڕاینەوە و زانیمان کە ماوە. 

دواتر چی رووی دا؟
بەو شێوەیە بەردەوام و تا ساڵی 1989 خوشکێکم تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو لە ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد، هاوسەرەکەی ئەندازیار بوو و کوڕی پووری خۆمان بوو. ئیتر دایکم و باوکم چوون بۆ لای منداڵەکانی ئەو.

ئەو خوشکەت چۆن چوو بۆ ئەمەریکا؟
ئەو خوشکەم کە ناوی پەیمان بوو، لەگەڵ هاوسەرەکەی کە ئەندازیار بوو، ئەو کۆمەڵە خەڵکە بوون کە رێکخراوەکان بردیانن بۆ ئەمەریکا. کاتێک رۆیشتن هەر لەناو فڕۆکەکە ئازاری بۆ پەیدا دەبێت، کە دەگەنە ئەوێ یەکسەر دەیبەن بۆ نەخۆشخانە و پێی دەڵێن شێرپەنجەی قۆڵۆنیەتی و لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە. سێ منداڵی هەبوو، گەورەکەیانی لە پۆلی پێنجی سەرەتایی بوو. زۆر بەداخەوە، پاش ساڵێک کۆچی دوایی کرد. لەسەر داوای خۆی بۆ ئەوەی لای منداڵەکانی بێت، لەوێ لە گۆڕستانی موسوڵمانەکان لە ئەریزۆنا – توسان نێژرا. دایکم و باوکم چوون بۆ ئەوەی ئاگاداری منداڵەکان بن. دایکیشم لەوێ کۆچی دوایی کرد. لەسەر داوای خۆی بۆ ئەوەی خوشکەکەم بەجێ نەهێڵێت، ئەویش لەوێ لە هەمان گۆڕستان لە تەنیشت ئەو بەخاک سپێردرا، رۆحیان شاد بێت.


رۆڵی دایکت چۆن دەبینیت لە یارمەتیدان و هاوکاریکردنی باوکت لە گشت بوارەکانی ژیانیدا؟
رۆڵێکی زۆر کاریگەر و باشی هەبوو، بەگشتی ژنانی کورد رۆڵێکی زۆر باشیان هەبوو لە یارمەتیدانی باوک، هاوسەر، برا و کوڕ، لە هەموو قۆناغە جیاوازەکانی ژیاندا، بەڵام بەداخەوە تاکوو ئێستاش لە پەراوێزدا باس دەکرێن. ئەگەر ژنان بەرپرسیارێتیی ژیان و ماڵ و منداڵیان هەڵنەگرتایە، ئەوا پیاوان نەیاندەتوانی بەردەوام بن لە کار و چالاکی، واتا شانبەشانی پیاوان، ژنانیش قوربانییان داوە لە نووسینەوەی مێژووی گەلەکەمان، نەک ئەوەی پلەدوو بن.
ئەگەر لە گشت سەردەمەکاندا هەموو هۆکارە کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی و ئابوورییەکان بکەینە پێوەر، دەگەینە ئەو خاڵەی کە ژنانی کوردستانی گەورەترین هەنگاویان ناوە بۆ خۆسەلماندن و رۆڵ بینین.

خێزانەکەت تا چەند کاریگەرییان هەبوو لەسەر تۆ؟
من وەک خۆم؛ لە خێزانێکی رۆشنبیر، پێشکەوتنخواز و باوەڕدار بە ئایینی ئیسلامدا پەروەردە بووم و کاریگەریی قووڵیان هەبوو لە پێکهێنانی کەسایەتی من و تێڕوانینم بۆ ژیان، ئەو بەهایانەی کە لە مندا چەسپاندیان، کاریگەریی هەبوو لەسەر هەڵسوکەوت و مامەڵە و شێوازی ژیانم.
 بەهۆی ئەو متمانەیەی خێزانەکەم و ماڵی باپیرم پێیان دابووم، قەت نەمتوانیوە تەوق بشکێنم هەرچەندە ئازاش بووم. 
ئەو رۆڵانەی کە بینیومن، چ لە باری خێزانی یان کۆمەڵایەتی، یان ئابووری و سیاسی، هەمیشە ئەو پەرەگرافانەن کە لە ژیانمدا شانازییان پێوە دەکەم. 

با بێینە سەر ژیانی تایبەتیی خۆت، سەرەتا بە خوێندن دەست پێ دەکەین، لە چ خوێندنگەیەک دەستت بە خوێندن کرد؟
پێش ئەوەی بێینە سەر باسی خوێندنی سەرەتایی، پێشتر باس دەکەم، چونکە من پێش ئەوەی بخرێمە بەر خوێندن، خرامە باخچەی ساوایان. ئەو کاتەی تەمەنم 3 – 4 ساڵان بوو، منیان ناردە باخچەی ساوایان لە (رەوزەی عەقاری) کە ئەو کاتە کەم خێزان منداڵەکانیان دەنارد. تا ئێستا وێنەکانم ماوە، کە هەمووی جلوبەرگی وەک یەک (کراسێکی درێژ تا ئەژنۆ، مرەبەعاتی رەش و سپی، یان سوور و سپی)، مامۆستاکان زۆر رێکپۆش بوون. بەڕێوەبەری باخچە (دادە ماکروهی) بوو، مەسیحیی بوو. شوێنی باخچەکە لەسەر سووچێک بوو، ئێستا سەوزەفرۆش و بینایەکی بەرزە لە کۆڵانی سیتی ستار تا کۆڵانی دوای ئەو. ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێش بوو، یەکێکی باڵابەرز و کەتە پرچێکی ئەستوور و درێژی هەبوو، لەدواوە بەستبووی و دیار بوو هاتبووە خوارەوە، ددانێکی ئاڵتوونیی هەبوو، لەچکێکی سپی بە سێگۆشەیی دەبەست، پێشی قژی کەمێک بە بەرزی لە لەچکەکەوە دیار بوو، چاکەتێکی سەوزی عەسکەریی کە قۆپچەی زەردی گەورەی پێوە بوو، بەسەر دشداشەیەکی درێژدا لەبەر دەکرد؛ ئەوە پۆستەچی و حەرەسی رەوزەکە بوو، پێڵاوی پیاوانەی لە پێ دەکرد، ئێستا ئەگەر بڵێن دەتوانم وێنەی بکێشم، وێنەیەکەی لەبەر چاومە.
سەبارەت بە قۆناغەکانی خوێندن؛ قۆناغی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیم هەمووی بەسەرکەوتوویی تەواو کرد. لە ناوەندیی خانزاد بووم. ست گێلاس بەهادین بەڕێوەبەر بوو. هەروەها پەری قەزار، نازەنین تایەر بەگ، وەزیرە رەشید، ست شیرین ئەحمەد کەریم ئاغا، ست پەخشان زەنگەنە و چەند مامۆستایەکی بەڕێزی دیکە ئەو کاتە مامۆستامان بوون. 

ناوی هیچ یەکێک لەو خوێندکارانەت بیر ماوە کە لەو قۆناغە لەگەڵت بوون؟
بەڵێ، هەندێکیانم بیر ماوە کە پێکەوە لە یەک پۆلدا بووین: ناز کچی ست گێلاس، ڤیان حەمە ساڵح عەنبەر، شاناز ناوێکمان تێدا بوو زۆر زیرەک بوو، چاویلکەی لەچاودا بوو هەمیشە، لەدواوە دادەنیشت، هەروەها شەرمن ناوێکیشمان لەگەڵ بوو برازای دکتۆرە ناسکە بوو، چەند خوێندکارێکی تریش... 

وتت بە سێ چوار ساڵی خراویتە باخچەی ساوایان، ئەی بە چەند ساڵی خرایتە بەر خوێندن؟
بە پێنج ساڵی خرامە بەر خوێندن، لەبەر ئەوەی لە باخچەی ساوایان خوێندبووم دەمتوانی، بەڵام لە ساڵی 1974 کە رۆیشتین بۆ ئێران لەگەڵ شۆڕش، ئەوسا دەیانوت چووەتە دەرەوە بۆ ناو شۆڕش، بۆیە ساڵێکم فەوتا، بەڵام ئەوە کاریگەریی نەبوو بۆ من.

لە قۆناغی دواناوەندی لە چ خوێندنگەیەک بوویت؟
لە قۆناغی دواناوەندی، لەبەر ئەوەی باوکم کەسێکی سیاسی بوو، حەزی دەکرد زوو خوێندن تەواو بکەین، دەیوت نەوەکوو زیندانیی بکرێم، بۆیە بە زۆر وتی: دەبێت بچیتە خوێندنگەی دواناوەندی پیشەسازی. زۆر پێم ناخۆش بوو، تەواوم کرد و سێیەم بووم. دوای ئەوە کۆلێجی ئامادەکردنی وانەبێژی بازرگانی (اعداد مدرسین تجاریین) وەری گرتم، زۆرم پێ خۆش بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی داواکارم زۆر بوو بۆ شووکردن؛ باوکم باوەڕی پێ هێنام کە شوو بکەم. پێی وتم دواتر لە دەرفەتێکی تردا دەتوانیت کۆلێج تەواو بکەیت. منیش باوەڕم کرد، بەڵام ئەمە هەر مایەوە، بۆیە پاش ئەوەی منداڵەکان گەورە بوون، لەگەڵ کچەکەم داواکاریم پێشکەش کرد و فۆرم پڕ کردەوە، ئەو بۆ کۆلێجی کشتوکاڵ و منیش بۆ کۆلێجی بازرگانی، بەشی کارگێڕیی کار. ئەو ساڵە وەرنەگیرام، ساڵی دوای ئەوە جارێکی دیکە فۆرمم پڕ کردەوە و وەرگیرام، بە سەرکەوتوویی تەواوم کرد و لە دە یەکەمەکە شەشەم بووم. 

لەگەڵ کێ هاوسەرگیریت کرد؟
لەگەڵ سەروەر کەریم ئاغا.

چەند منداڵتان هەیە و بە چییەوە سەرقاڵن؟
خاوەنی سێ منداڵم: کوڕە گەورەکەم، میران، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە لە بواری کارگێڕیی کار. کچەکەم، هیران، دکتۆرای هەیە لە زانستی خۆراک و کۆنترۆڵی جۆریی. محەمەد، بەکارلۆریۆسی هەیە لە پزیشکی دەرمانسازی.

ئەو کارانە چین کە لە قۆناغە جیاکانی ژیانتدا ئەنجامت داون و ئێستاش شانازییان پێوە دەکەیت؟
 جگە لە دایکایەتی کە زۆر بەباشی توانیم رۆڵی خۆم بۆ خێزانەکەم و باری کۆمەڵایەتی بگێڕم؛ بەشێکی ژیانم تەرخان کرد بۆ کاری خۆبەخشی سەرەڕای دەیان گرفت کە توانیم بەسەریاندا زاڵ بم. 
بە گەشبینییەوە هەمیشە بۆ ئامانج و ئاواتەکانم هەوڵ داوە پاش پلان و هەنگاوی پێویست. سوپاس بۆ خوا زۆر ئاسوودەم کە توانیومە لە سەدا حەفتا و پێنجی ئامانجەکانم بەدی بهێنم. دەڵێم ئاسوودەم، چونکە لە ژیاندا تەنیا بۆ خۆم نەژیاوم، بەڵکوو لەگەڵ خۆم هەرچیم پێ کرابێت، هەندێک جار زۆریشم لە خۆم کردووە بۆ ئەوەی رۆڵم هەبێت لە یارمەتیدانی دەوروپشت، ئەگەر بە وشە و قسەش بێت.
لێرەدا بەکورتی هەندێک لەو کارانە ئاماژە پێ دەکەم:
- ناردنەوە بەر خوێندنی چەندین خوێندکاری کوڕ و کچ کە وازیان لە خوێندن هێنابوو لە قۆناغێکی ژیاندا، بەهۆی ئەوەی تووشی خەم و ئازار بووبوون، کە ئەو دەرفەتەیان لەدەست چووبوو. بە هەموو جۆرێک یارمەتیم داون تا چوونەتەوە بەر خوێندن و تەواویان کردووە. ئێستا هەمیشە سوپاس و ستایشم دەکەن. 
- دوو سێ جار خەڵکم لە مردن رزگار کردووە. ئەو کاتەی لە کارگەی شەکری سلێمانی بووم، لە نووسینگەی نهێنی (قلم سري) کارم دەکرد، هەروەها لە نووسینگەی بەڕێوەبەری گشتی کارم دەکرد؛ لە پێشدا لەگەڵ کاک مستەفا سلێمان (رۆحی شاد بێت)، ئەو پیاوە بەڕێز و مەزنە، کە لە تۆپبارانی شەڕی ئێران و عیراق بریندار بوو. لە کارگەی شەکر لەبەردەمی بینای بەڕێوەبردن خەندەق لێ درابوو، بەیانی بوو چووین بۆ کار، ئینزار لێ درا فڕۆکە دێت قەسف دەکات، هەموومان رامانکردە دەرەوە بۆ ناو خەندەقەکە، کە لە شێوەی پیتی (U)ی ئینگلیزی و هەندێک لەسەر شێوەی پیتی (L) دروست کرابوون، کاک مستەفا لەکۆتاییدا هات و رایکردە ناو خەندەقەکە و یەک بۆمب ئاراستەی ئەو خەندەقە کرا کە ئێمە و کاک مستەفای تێدا بووین، بەڵام بۆمبەکە کەوتە بۆشایی تەنیشت خەندەقەکە و بەرد و کوچکی ئەو ناوە هەمووی بەتوندی دایان بەسەرماندا؛ هاوار هەستا، کاک مستەفا پارچەیەک بەر بڕبڕەی پشتی کەوتبوو، ژنێکمان لەگەڵ بوو (ساجیدە خان) موسڵاوی بوو، وتی بەتانی بهێنن نابێت بەو شێوەیە بیخەینە ناو ئۆتۆمبێل. زۆر بەداخەوە، دوایی وتیان دڕکەپەتکی پشتی زەبری بەر کەوتووە، لە قاچ کەوت هەتا کۆچی دوایی کرد، ئیشەڵڵا جێگەی بەهەشت بێت. پاش ئەو، بۆ ماوەیەک ئیدارە گۆڕا، یاریدەدەری بەڕێوەبەر (ئەسوەد)ی ناو بوو، من چووم بۆ واژووی نووسراو، دوو پیاوی ئەمن دانیشتبوون، کە چوومە ژوورەوە گوێم لە ناوی (سلێمان فەخری) بوو، خۆم وا پیشان نەدا کە گوێم لێ بووە، یەکسەر تەلەفۆنم کرد بۆ کاک سلێمان، وتم راکە هاتوون بۆ گرتنت. برازای بەڕێز عومەر دەبابە بوو. دوایی لە شەڕی ناوخۆ لە رانیە شەهید بوو، ئەوکات خاتوو ئەمیرە ئەکرەم بەڕێوەبەری کارگێڕی بوو، ئەویش زانیبووی و پێی راگەیاندبوو. 
- کارێکی دیکەم، ئەوە بوو کە بوومە هۆی گەڕانەوەی کۆمەڵێک ژنی فەرمانبەر لە موسڵەوە بۆ سلێمانی. پاش داخستنی کارگەی شەکر و گواستنەوەی فەرمانبەران بۆ موسڵ، من و دوو فەرمانبەری ژن، چاوپێکەوتنی وەزیرمان کرد و فەرمانی کرد بۆ گەڕانەوەمان. دوای ئەوەی لەگەڵ دوو ژنی هاوڕێم قسەمان کرد بۆ وەزیری پیشەسازیی ئەوکات کرد و داواکاریمان پێشکەش کرد، فەرمانی بۆ دەرکردین بۆ پێداچوونەوە بە بڕیاری پێشوو و رەتکردنەوەی فەرمانی گواستنەوەکەمان و گەڕاندنەوەمان لە موسڵەوە بۆ سلێمانی.
- هاوکاریکردنی چەندین خوێندکاری ماستەر کە پێویستیان بە سەرچاوە هەبووە و بە نووسین سوپاسگوزارییەکانیان لام هەیە.
- یەکێکی تر لە کارەکانم، کە زۆر ئاسوودەم بە ئەنجامە سەرکەوتووەکەی؛ ئەوە بوو کە لە ساڵی 2004 – 2005 لە کاتی چالاکیی (وەرزش بۆ هەمووان)دا، ژنان نەیاندەتوانی تراکسود لەبەر بکەن و بەیانیان بچن بۆ وەرزش، تەنانەت بۆ پیاوانیش بەتایبەتی بۆ بەتەمەنەکان هەر عەیب بوو. ئیتر چالاکییەمان ئەنجام دا کە رۆژانی هەینی بەیانیان کاتژمێر 6:30 بۆ 7ی بەیانی لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپی لە سلێمانی، کە کاک عومەر حەمەکەریم (رۆحی شاد بێت) نوێنەریان بوو، هەموو پێکەوە لەگەڵ بەڕێز مامە جەمال بابان، کاک عەلی ساڵح، دکتۆر رۆژگار، دکتۆر سەردار، تراکسودمان لەبەر دەکرد و خەڵکمان بانگهێشت دەکرد بۆ وەرزش و لابردنی کۆتی عەیبە لەسەر وەرزشی ژنان و پیاوان و منداڵان پێکەوە، ئەو کارەمان زۆر سەرکەوتوو بوو. لە ژمارە 1ی گۆڤاری باباندا، کاک عومەر حەمە کەریم بابەتێکی نووسیبوو، دەڵێت: ئەوەی ئێمەی لیژنەی ئۆڵۆمپی ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ دادەنێین و نەمانکرد، بەڵام ژیان خان بەسەرکەوتوویی ئەنجامی دا و کردی.
- لە ساڵی 2003 پاش رووخانی رژێمی بەعس، بەشدایم کرد لە کۆنگرەی (الاعیان العراقیة) لە بەغدا لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی ناو سلێمانی و هەولێر، د. ناهیدە تاڵەبانی، د. گەلاوێژ، د. رووناک بۆمبا و خاتوو شوکریە حسێنمان لەگەڵ بوو، من هەڵبژێردرام بە بەرپرسی ژنانی سلێمانی. 
- لە هەمان ساڵ، وەکوو بەرپرسی لقی سلێمانی، لە کۆنگرەی ژنانی بێلایەن (المؤتمر الوطني للنسا‌ء العراق)دا بەشداریم کرد.
- بەشداریم کردووە لە کۆنفرانسی یەکسانیی رەگەزایەتی لە دەستووری نوێی عیراق، کە لەلایەن ئینستتیوتی کۆماریی نێودەوڵەتییەوە ساز کرابوو.
- ساڵی 2007 لەلایەن کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی سلێمانییەوە بانگهێشت کرام بۆ گفتوگۆ و پێشکەشکردنی پێشنیار بۆ کۆمەڵێک سەرمایەداری ئەمەریکی بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە کەرتی گەشتوگوزاری کوردستاندا، کە لە زانکۆی سەڵاحەدین ساز کرابوو. 
- لە یەکەم دانیشتنی ریفراندۆم کە لە هۆڵی سەنتەری چالاکیی گەنجان ئەنجام درا، لەگەڵ بەڕێز د. فوئاد بابان، شێرکۆ بێکەس و د. گەلاوێژ بەشدار بووین.
 هەروەها بەشداریی زۆرێک لە کۆڕ، کۆبوونەوە، سیمینار و کۆنفرانس لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر کردووە.
لە لایەکی تریشەوە، ئەنجامدانی چەندین چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی و تەلەڤزیۆنی، زۆر کار و چالاکی کە ژیان بەردەوام بژاریان دەکات و خۆت پلانت بۆ دانەناوە.
 ئەمە جگە لەوەی کە بەشێکی ژیانم تەرخان کردووە بۆ کاری خۆبەخشی. 

لێرەدا دەمەوێت پرسیاری سەنتەری بابانت لێ بکەم، ئەو سەنتەرە چۆن دامەزرا و چالاکییەکانی چین؟
لە ساڵی 2004 لە سەردانێکی بنەماڵەی بابان بۆ قەڵاچوالان بۆ لای بەڕێز مام جەلال (رۆحی شاد بێت)، بۆ مەبەستی تەرخانکردنی شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی بابانەکان، بەڕێزیان فەرمانی کرد بە دابینکردنی شوێن بۆمان. هەر لە سەرەتاوە من یەکێکم لەو کەسانەی کە زۆر ماندوونەناسانە لە 2004ەوە تاکوو ئێستا لە سەنتەری بابان کار دەکەم کە هیی بنەماڵەی بابانەکانە. لەگەڵ ئەوەش، ئەنجومەنێکیش هەیە لە نەخشەسازیی سەنتەر بەناوی ئەنجومەنی راوێژکاری، کە بۆ بەشداریکردنی مێژوونووسان و مامۆستایانی زانکۆ و هەندێک کەسایەتی ترە کە بابانی نین و ئارەزوو دەکەن لە رێگەی سەنتەری بابانەوە خزمەت پێشکەش بکەن بە خەڵکی شاری سلێمانی و کورد و کوردستان و مرۆڤایەتی.
یەکێک لەو شتانەی کە شانازیی پێوە دەکەم، ئەوەیە کە وەک ژنێک لە دوو کۆنگرەی سەنتەری بابان یەکەم دەنگم هێناوە، سوپاسی ئەو پیاوە بەڕێزانەی خزمم دەکەم کە پێکەوە کارمان کردووە و دەنگیان پێ داوم. 
لە لایەکی ترەوە، جگە لە چالاکییە مێژووییەکان بۆ مێژووی بابان لەگەڵ هاوڕێ و خزمەکانم، چەندین کاری خۆبەخشیمان کردووە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە بواری کارگێڕی، ژینگەیی، ئابووری، تەندروستی، کۆمەڵایەتی و وەرزش، خولی (دراسەی جەدوای ئابووری) بۆ پرۆژەی بچووک، خولی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەبێ بەرانبەر بۆ منداڵان لە کاتی پشووی هاوین و چەندین کاری دیکە. 

هیچ کاتێک لە چالاکیی سیاسی و حزبایەتیدا بەشداریت کردووە؟
زۆر جار داوایان لێ کردووم بۆ کارکردن لە حزبدا، بەڵام زیاتر خۆم لە کارە خۆبەخشییەکاندا بینیوەتەوە. لەگەڵ ئەوەش، کاتێک بەڕێز د. بەرهەم حیزبی هاوپەیمانیی بۆ دادپەروەری و دیموکراتی دامەزراند، لەو حزبەدا کارم کرد.
هەروەها دوو جار داوام لێ کرا خۆم کاندید بکەم بۆ پەرلەمانی کوردستان، جارێکیان کاندید بووم و دواخرا، جارەکەی دیکەش لەبەر هەندێک هۆکاری خێزانی و تایبەتیی خۆم نەمتوانی خۆم کاندید بکەم.

چی وای لێ کردیت لەو حزبەدا کار بکەیت؟
بۆ مێژوو دەیڵێم؛ ئەوەی کە من دیومە لەو حزبەدا، ئەوە بوو کە هەموو کەسانی باش و هەڵبژێردراو و کادیری لێهاتوو بوون... لەو کاتەدا کە یەکێک لە ئەندامەکانی خێزانەکەم نەخۆش بوو، جەنابی د. بەرهەم و د. سەرباخی هاوسەری وەک کەس زۆر نزیک باوەشی پڕ هێزیان بۆ کردینەوە، کە هەرگیز بیرمان ناچێتەوە.

لە ئێستادا بە چییەوە سەرقاڵن؟
ئێستا لەگەڵ سەنتەرەکەی بەڕێزتان (سەنتەری نارین بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە)، خەریکی نووسینەوەی مێژووی ژنانی بابانین، کە رۆڵیان هەبووە لە کۆمەڵگەدا لە رابردوو و ئێستادا. ئەم ئاوڕدانەوەیە لە خانمانی بابان و زیندوویی راگرتنی رۆڵی ژنانی بابان، یەکەم جارە کارێکی وا ئەنجام بدرێت، بۆیە سوپاس و رێزی بێپایانم بۆ ئیسنتتویتی نارین هەیە، بەتایبەتی جەنابتان (نەرمین عوسمان)، د. نازەنین و خاتوو نەزیرە حارس. 

پاش ئەو هەموو چالاکی و ئەزموونە، ئامۆژگاریتان چییە بۆ ئەو کەسانەی کە لە دامودەزگا حکومی و رێکخراوەییەکاندا کار دەکەن؟
هەم وەک خۆم، هەم وەک بڕوانامەکەم، کە لە بواری کارگێڕیی کاردایە و پێناسەی کارگێڕیی زانست و هونەرە، واتا جگە لە لایەنە زانستییەکە، دەبێت (هونەری هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەوانی دیکە – فن التعامل مع الاخرین) بزانیت، دەبێت بزانیت کە خەڵک هەریەکە جۆرە بیرکردنەوە و پێداویستییەکی خۆی هەیە، پێداویستیی گرووپێک لە پێداویستیی هەزاران گرووپی دیکەی خەڵک جیاوازە، بۆیە ئیدارە و بەڕێوەبەری سەرکەوتوو دەبێت هەوڵ بدات خواست و ئارەزووەکانی خەڵکانی تر دەستەبەر بکات. گرووپێک ئارەزووی ژیانی کۆمەڵایەتییان هەیە و گرووپێکی دیکە زانست، گرووپێکی دیکەش سیاسەت، یاخود هونەر... لەبەر ئەوە دامودەزگای حکومی بێت یان رێکخراوی ناحکومی، دەبێت تایبەتمەندی و پسپۆڕی و حەز کەسەکە بۆ ئەو کارە لەبەر چاو بگیرێت.



*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن