کوردستانی

شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین دەستپێدەکات و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


شەپۆلێکی بەهێزی  بارانبارین دەستپێدەکات و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

شارەزاییەکی بواری کەشناسیی رایدەگەیەنێت شەپۆلێکی بارانبارین لە درەنگانی ئەمشەوەوە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد لە کۆتایی مانگدا هەوری سوپەرسێڵ دەردەکەوێت.

پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای بواری کەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند "شەپۆلێکی بارانبارین لە درەنگانی ئەمشەوەوە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و رێژەی بارانبارین بەپێی ناوچەکان دەگۆڕێت، هەروەها چەقی شەپۆلەکە دەکەوێتە رۆژانی 30 و 31ی کانونی دووەمی 2023 و تاوەکو 3ی شوباتی 2023 بەردەوام دەبێت".

ئاماژەی بەوەکرد "رێژەی بارانبارین لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە جیاوازتر دەبێت لە ناوچەکانی دیکە، چونکە شەپۆلەکە سەرچاوەی دەریای ناوەڕاست و شێی دەریای سوورە".

ئەو شارەزای کەشناسەش روونیکردەوە "بەپێی نەخشەکان بێت لە رۆژانی 30 و 31ی مانگ ئەگەری دەرکەوتنی هەوری سوپەرسێڵ هەیە کە بریتییە لە بارینی بارانێکی بەهێزی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا، بۆیە ئەگەر هەیە بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە بەشێک لە ناوچەکان دروستببێت".

هەروەها بە‌ڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان پێشبینییەكانی كەشوهەوای ئەمڕۆ شەممە 28ی کانونی دووەم و سبەینێ یەکشەممە 29ی کانونی دووەمی 2023ی شارەكانی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە.

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێمی كوردستان بێت، بۆ ئەمڕۆ شەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لە هەندێک شوێن ، لە کاتەکانی شەودا رێژەی دابارین زیاتر دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفری لەگەڵدایە، ئەگەرى هەیە بەفربارین سەنتەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بگرێتەو، پلەكانی گەرما لەنێوان  2 بۆ 16 پلە دەبێت.

هەر بەپێی پێشبینییەكان، سبەینێ یەکشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لە هەندێک شوێن, لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر و باران دەبێت و لەکاتەکانی شەودا ئەگەر هەیە بەفربارین سەنتەری شاری سلێمانی بگرێتەوە، پلەكانی گەرما لەنێوان 9 بۆ 18 پلە دەبێت.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە