راپۆرت

ژن ئابووریی سەربەخۆی بۆ چییە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژن ئابووریی سەربەخۆی بۆ چییە؟
مەودا میدیا-

"كاتێك پیاو دەبێتە خاوەن پارە لەگەڵ خێزانەكەی گەشتی پێدەكات، كاتێك ژن دەبێتە خاوەن پارە دەڵێت پێویستم بە پیاو نەماوە"، ئەمە وتەی پیاوێكە كە مۆبایلە زیرەكەكەی بەدەستەوەیە و لەسەر یەكێك لە بڵاوكراوەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنووسێت.

لە وەڵامدا خانمێك دەڵێت "بەڵێ ژنی ئازاد و سەربەخۆ پێویستی بە پیاو نییە، پیاو كە دەبێتە خاوەن پارە بیر لە هاوسەرگیریی زیاتر یان ناپاكیی دەكاتەوە".

ئەم گفتوگۆیانە لە ژیانی رۆژانەی كۆمەڵگەكانمان و تەنانەت كۆمەڵگە رۆژئاواییەكانیش لەنێوان هەردوو رەگەز زیاتر تۆخدەبنەوە كاتێك بابەتەكە پەیوەستدەكرێت بە ئابووریی سەربەخۆی خانمان، لەلایەك هەڵگرانی بیری پیاوسالاریی پێیانوایە ژنێكی خاوەنكار و ئابووری سەربەخۆ (بێكەڵكە) بۆ خێزان، لەلایەكی دیكەوە رەوتی مێ سالاریی پێیوایە تەنها ئابووری سەربەخۆ فریادڕەسە بۆ خانمان و یەكەمین هەنگاوە بۆ ئازادییان.

لەگەڵ ئەوەی دەقە ئاینییەكان بەڵگەیان تێدایە كە خانمان دەتوانن ببنە خاوەن ئابووریی سەربەخۆی خۆیان و ئەوەش كاركردن نەبێت چنگ ناكەوێت، دەقە یاساییەكانیش هەمان مافی ئابووریی سەربەخۆی پیاوان دەدەنە خانمان، بەڵام هێشتا زۆر لە پیاوان و تەنانەت هەندێك لە خانمان پێیانوایە ئابووری سەربەخۆ و كاركردن بۆ خانمان پێویست نییە.

كاتێكیش پیاوێك خواستی هەیە بچێتە پرۆسەی هاوسەرگیریی، یان خانمێكی دەوێت كاری دەرەوەی ماڵ نەكات، ئەگەر كاریش بكات چاوەڕێدەكات ئەو بڕەپارەیەی لەپای كارەكەی وەریدەگرێت بیخاتە دەستی هاوژینەكەی، هاوشێوەی بابەتەكانی مارەیی و بەشەماوەی باوان كە هەتا ئێستاش جێی مشتومڕن.

بە جۆرێك بەشێكی زۆر لە پیاوان خانمێكی سەركەوتوو یان زیرەك و خاوەنكاری پێ پەسەند نییە و پێیوایە دەبێت خانمان "پێویستیان بە پیاوان هەبێت، چونكە بە بۆچوونی ئەوان خانمێكی خاوەن پارە ئازادیی رەهای دەوێت" بۆیە ئەم رستەیە لەسەر زمانیانە (ژن چەند بڕوانامەی هەبێت، دەبێت شوێنی هەر چێشتخانە بێت).

بەشێك لە خانمانیش پەرچەكرداریان هەیە و وەك جەنگێك لە بابەتەكە دەڕوانن و پێیانوایە گەر نەبنە خاوەن ئابوورییەكی سەربەخۆ هەمیشە بە چاوێكی كەم تەماشادەكرێن، بەمشێوەیە بابەتەكە هەڵپەسێردراوە.

پێویستە روون بێت ئەم بابەتە جەنگ نییە، بەڵكو مافێكی سەرەتایی و ئاساییە، وەك هەر مرۆڤێك كە خاوەن ئامانج، خەون و ویستی خۆیەتی و خواستییەتی پێیان بگات دەبێت بتوانێت بە شێوەیەكی رەوا كاربكات بۆ ئامانجەكانی، ئەركیشە لەسەر هەر مرۆڤێك كە لە كایە جیاوازەكانی ژیار و شارستانییەت بەشدارە، ئەو مافە بداتە سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە.

سەربەخۆیی دارایی ژن بە واتای توانای پەیداکردنی پارە و کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکانی بە شێوەیەکی دروست دێت و بەرەو سەربەخۆیی سۆزداریی و دەروونی بڕوات وەك هەر مرۆڤێك، ئەمەش بە واتای کەسایەتییەکی ئاسایی و هاوسەنگ دێت كە شایستەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو رۆڵانەی پێی سپێردراوە لە شوێنی کار و ماڵەوە، نەك ئەنجامدانی كارەكانی بەهۆی پابەندبوونی بە كەسێكی دیكەوە.

سوودیش بە خێزان دەگەیەنێت، چونكە كاتێك ژنێك دەبێتە خاوەن پارەی خۆی تێدەگات چۆن کۆنترۆڵی خەرجییەكانی و ژیانی بكات و دەرئەنجامی بڕیارەكانیش بگرێتەئەستۆ.

جگە لەوەش كەسایەتیی پارێزراودەبێت لە هەموو ئەگەرەكانی ژیانی هەژاری، ئەنجامنەدانی هاوسەرگیری، لەدەستدانی هاوژین،  تەمەنی پیری و تەنهایی و ئەگەری هاوشێوە كە تێیدا پێویستی بە ئابوورییەك هەیە. 

بۆیە كاتێك خانمان دەبنە خاوەن ئابووریی سەربەخۆی خۆیان، زیان نییە بۆ خێزان، بەڵكو هۆكارە  بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سەرجەم كۆمەڵگە و پێشكەوتنی زیاتری خێزان و سەرجەم ناوەندەكانی كار و بڕیار.


شادان، ع، ع
Qaiwan
Qaiwan